• نوێ

    هەتا زیندووی من ئەتبەخشم

    هەتا زیندووی من ئەتبەخشم
    ئەتبەخشم لەوەی،
    دونیاکەی منت تاریک کرد،تا دڵت جوانتر بگڕێ

    ئەتبەخشم لەوەی، کە برینەکانمت قوڵ ئەکرد ..
    تا مەلەکردن لە ئازارا  خۆشتر بێ!

    ئەتبەخشم لەوەی، دڵم ڕۆژێک لە ڕۆژان
    لەڕێگای عەشقی تۆدا،بە ساقی نەهاتەوە ناو سینەم...

    ئەتبەخشم لەوەی،کە فڕیت بۆ ئاسمان
    بۆ ئەوەی لەسەر ئەم زەویە بچوکە نەتدۆزمەوە

    ئەتبەخشم لەوەی، بەو هەموو شیرینییەی خۆت،
    یەک جار خۆت فڕێدایە ناو ژیانمەوە
    بۆ هەتا هەتایە تاڵت کرد!

    ئەتبەخشم لەوەی، یەک بەیانی
    لە زمناکۆی چاوەڕوانیمەوە هەڵنەهاتی

    ئەتبەخشم لەوەی،وەک و نیشتیمان لەوەتەی هەی،
    هی منیت و بۆ من نیت!

    ئەتبەخشم لەوەی، لە ڕۆژمێری تەمەنما
    تۆ ڕۆژێکی پشووم نەبوویت!

    ئەتبەخشم لەوەی،
    ئەو هەموو نوێژە بارانەم بۆ کردی و
    تۆ نەباریت..

    لە هەموو شتێکت ئەتبەخشم
    تۆ تەنها لە شتێکم ببەخشە،
    کە هەمیشە لە خەیاڵمای بێ پرسی خۆت!

    هەتا زیندووی من ئەتبەخشم 
    کە مردیشی،
    لەسەر پردەکەی (سیرات) چاوەڕێم کە
    با حەسەناتەکانی خۆمت هەموو بدەمێ
    نەکا ئەوانەی خۆت،
    بەشی پەڕینەوەت نەکا و
    نەتگەیەنێتە بەر دەرگای بەهەشت..

    تۆش گوناهەکانی خۆتم بدەرێ
    چۆن لەم دونیا،
    ئازارەکانم بۆ هەڵگرتی،
    لەو دونیاش گوناهەکانت بۆ هەڵئەگرم!
    ؛
    ؛

    عومەری حاجی

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: هەتا زیندووی من ئەتبەخشم Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top