• نوێ

    مەلەك رۆژهات: ئەگەر ناچار نەبم بە توركی قسە ناكەم



    مەلەك رۆژهات پێشتر بەردەوام لە نێوان باكوور و باشووری كوردستاندا هاتوچۆی دەكرد، بەڵام ماوەیەكی درێژ بوو سەردانی باشووری كوردستانی نەكردبوو. 
    ئەمجارەیان پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان، ئەم خانمە هونەرمەندە دەهێنێتەوە باشوور، ئەو دەیەوێت لەڕێی هونەرەوە پشتگیریی گشتپرسی بكات.

    مەلەك كە ئێستا لە شاری هەولێرە، لەبارەی هۆكاری سەردانەكەی بە (رووداو)ی گوت: "من هەڵبەست و ئاوازی تایبەتم بۆ مژاری سەربەخۆیی هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی تووشی رووداوی هاتوچۆ بووم و كەوتمە نەخۆشخانە، نەمتوانی تۆماری بكەم، ئێستا باری تەندروستیم بەرەو باشی دەڕوات، بۆیە هاتوومەتەوە هەولێر و لەگەڵ چەند هونەرمەندێك سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكین بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

    مەلەك رۆژهات، بە گرنگ و پێویستی دەزانێ هونەرمەندان بە دەنگ و رەنگی خۆیانەوە پشتگیری لە ماف و داوای خەڵكی كوردستان بكەن و لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان بن. لەوبارەوە دەڵێت: "هونەرمەند دەبێت ببێتە زمانی گەل و نەتەوەی خۆی، زۆر خۆشحاڵم كە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان پشتگیری لە گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەكەن، پەنابەخوا منیش بۆ گەلی كورد بە دەنگ و رەنگی خۆم لە خزمەتدام، بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان درێغی ناكەم".

    ئێستا لە دونیای میوزیك و گۆرانیدا دوێت و گۆرانیی هاوبەش لە نێوان هونەرمەندان رۆژ لە دوای رۆژ  لە زیادبووندایە و لەلایەن گوێگرانیشەوە پێشوازییەكی باشی لێ دەكرێت، مەلەك كە پێشتر دوێتێكی لەگەڵ بڵند ئیبراهیم كردووە، لەبارەی دوێتی نوێ‌ دەڵێت "تاوەكو ئێستا داوام لە هیچ هونەرمەندێك نەكردووە، هەرچەندە بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی كوردستان هەڤاڵ و دۆستی نزیكی منن، بەڵام لێتان ناشارمەوە پلانی ئەوەم هەیە لەگەڵ یەكێك لە هونەرمەندە بەناوبانگەكانی كوردستان دوێت بكەم".

    ژمارەیەك لە هونەرمەندانی باكووری كوردستان بەهۆی ئەو رەوشەی باكوور تێیكەوتبوو، ئەوێیان جێهێشت. بەڵام مەلەك هەر لەوێ‌ ماوەتەوە، ئەو بە رەوشی ئەوێ‌ دڵگرانە، هەرچەندە پێشبینی باشتربوونی رەوشەكە دەكات. مەلەك دەڵێت: "ئێستا لە باكووری كوردستان رەوشەكە باش نییە، ئەو كاتەی كاك مەسعود بارزانی سەردانی باكووری كوردستانی كرد، چەند قسەیەكی بۆ بەرژەوەندیی كوردی باكوور كرد، بەڵام بەداخەوە بە گوێیان نەكرد، من پێموایە ئەگەر بە گوێی ئەویان كردبایە سەركەوتوو دەبوون، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران، رۆشنبیران و هونەرمەندان لە زینداندان".

    سەبارەت بە كاری هونەریش لە باكووری كوردستان بە تایبەتی دوای قەدەغەكردنی چەندین ناوەندی ئەدەبی و هونەری، مەلەك دەڵێت: "ئێستا توركیا وەكو جاران نەماوە، ناتوانین بە ئازادی كۆنسێرت و ئاهەنگ بكەین،  تەنیا دەتوانین گۆرانیی ئەڤینی و داوەتی پێشكەش بكەین".

    ئەو هونەرمەندە لە ماوەی رابردوودا لە ئیستانبوڵ تووشی رووداوێكی هاتوچۆ هات و بە سەختی بریندار بوو. مەلەك باسی ئەو رووداوەی كرد و گوتی "لە مردن گەڕامەوە، بەڵێ تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بووم لە ئیستانبوڵ، هەرچەندە هەڵەی من نەبوو، بەسەختی برینداربووم و نەشتەرگەرییەكی گەورەشم بۆ كرا، خۆشبەختانە ئێستا رەوشی تەندروستیم باشترە، هەندێ كاریگەری لەسەر دەنگم هەبوو، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا باشم".

    هێشتا سینگڵە 
    مەلەك رۆژهات كە تەمەنی 25 ساڵە، تاوەكو ئێستا شووی نەكردووە. ئەو دەڵێت بۆ ئەو كارە زۆر هەستیارە، بەڵام مەرجەكانی بۆ هاوژینی داهاتووی ئاشكرا كرد و گوتی: "من لە بواری ئەڤینی و سۆزداری زۆر زەحمەتم و هەستیارم، زوو رێگە نادەم هەموو كەسێك بێتە نێو ژیانمەوە، بەڕاستی من گەلێك گرنگی بە هەندێ شت دەدەم كە دەخوازم لە هاوژینی داهاتووی ژیانمدا هەبن، دەبێت خاوەنی ویژدان بێت، بەهای خۆشەویستی بزانێت، رێز و پێزانینی بۆ دایك و باوك و میوانان هەبێت، ئەوەی زۆر گرنگە لەلای من كوردپەروەر و نەتەوەپەروەر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا رێز لە هونەرەكەی من بگرێ".

    بەشێك لە هونەرمەندانی باكووری كوردستان بەزمانی توركی گۆرانی دەڵێن، بەڵام مەلەك ئامادە نییە بە توركی گۆرانی بڵێت. ئەو دەڵێت: "من هەرگیز بەزمانی توركی گۆرانی ناڵێم، چونكە نامەوێت بە زمانی دوژمنی كورد گۆرانی بڵێم، ئەوان هەرگیز زمان و كولتووری ئێمەیان قبوڵ نەكردووە، بۆیە ئەگەر ناچار نەبم، بە زمانی توركیش قسە ناكەم".

    مەلەك رۆژهات كێیە؟
     ساڵی 1991 لە شارۆچكەی ئەلباك لە پارێزگای وان لەدایكبووە. هەشتەمین منداڵی خانەوادەكەیەتی، بە منداڵی قورئانخوێن بووە و بەو هۆیەوە ناوبانگی لە شارۆچكەكەیان پەیدا كردووە. دواتر هەر لە شارۆچكەكەی خۆی لە شایی و گۆڤەندەكاندا گۆرانی دەڵێت. ساڵی 2002 یەكەمین ئەلبوومی گۆرانی بەناوی ئەشقا دلا بڵاوكردووەتەوە. ساڵی 2006 ئەلبوومی دووەمی بەناوی ژانا ئەڤینێ بڵاوكردەوە. ساڵی 2007 بۆ یەكەمجار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و چەند كۆنسێرتێك سازدەكات. دوایین ئەلبوومی گۆرانیشی بەناوی دووریا ئەڤینێ لە 2011 بڵاوكردەوە.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: مەلەك رۆژهات: ئەگەر ناچار نەبم بە توركی قسە ناكەم Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top