• نوێ

    بەشی یەكەم لە قەسیدەی،شەکرە دایک

    بەشی یەكەم لە قەسیدەی،شەکرە دایک
      نووسینی عومەری حاجی




    لێرە نەبوی ئەم بەیانییە
    شەکرە دایک لێرە نەبوی..
    نەمزانی من،
    درەنگ گەشتمە ماڵی مردن،
    یان تۆ،زوو ژیانت بە جێهێشت!
    لێرە نەبوی ئەم بەیانییە شەکرە دایک،لێرە نەبوی..
    لێرە نەبوی تا پێکەنینە شیرینەکانت
    بخەمە سەبەتە شکاوەکەی دڵمەوە و
    بیدەمە مناڵانی گەڕەک و پێیان بڵێم:
    فەرموون،ئەمەیە نوقڵی بەهەشت..
    لێرە نەبوی شەکرە دایک.
    تا پەنجەیەکت بخەیتە ناو شەربەتی تاڵی سەفەرەکەم و
    منیش وەک و ئاوی حەیات،
    بینێم بە لێوی دڵتەنگییەکانمەوە..!
    لێرە نەبوی شەکرە دایک ئەم بەیانییە،لێرە نەبوی
    لێرە نەبوی،
    لە کەلی چاوەڕوانیمەوە هەڵبێی و
    سەرێک لە باخی سەوزی بێتاقەتیم بدەیت و
    منیش بە پێکەنینەوە،
    ڕۆحم دووکەرت ببێ و
    دڵم پڕ بێ لە شیلە و
    بۆ بەیانیانە تاڵەکانێ تۆ پێ بگەم...!
    لێرە نەبوی ئەم بەیانییە،
    من قاچەکانی خۆمت بدەمی و
    تۆش دارەکەی دەستت بدەی بە من..
    من دەستەکانی خۆمت بدەمێ و
    تۆش لەرزینی ئەژنۆت بدەی بە من...
    من چاوەکانی خۆمت بدەمێ و
    تۆش دەرزی و دەزوی هیوات بدەی بە من...
    من کراسە شینەکەی ڕۆحمت بدەمێ و
    تۆ قۆڵی پڕ ئازارت بدەی بە من..
    من پێکەنینە تەڕەکانی خۆمت بدەمێ و
    تۆش برینە ووشکەکانت بدەی بە من...
    من دونیام بدەمە تۆ و
    تۆش قەرەوێلەکەت بدەی بە من..
    من تەمەنم بدەم بە تۆ و
    تۆ ئەمڕۆت بدەی بە من..
    تا من لە جێگاکەتا هەر خەونم بە مردنەوە ببینیایە و
    تۆش لە ئاسماندا،هەر بە زیندویی بفڕیتایە..!
    لێرە نەبوی ئەم بەیانییە شەکرە دایک
    لێرە نەبوی وەک و جاران،
    دۆشەکەکەت لە دڵما بۆ ڕاخەم..
    سەرپۆشی شلی پیریت،تۆزێ توند کەمەوە..
    قژە سپییەکەت بەسەر چاوتەوە لادەم
    فەقیانەی خەمەکانت بکەمەوە..
    چڵە ڕەیحانەکانی بەرۆکت ئاو بدەم..
    دەست نوێژێ بە نیگای، پاک و سازگارت بگرم و
    نوێژی ئەم جەژنە بکەم..!
    لێرە نەبوی ئەم بەیانییە،شەکرە دایک
    تاڵترین ڕۆژم بەڕێکرد!
    ؛
    ؛
    عومەری حاجی
    بەشێک لە قەسیدەی،شەکرە دایک
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بەشی یەكەم لە قەسیدەی،شەکرە دایک Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top