• نوێ

    پێچەوانە

    پێچەوانە...

    گڵۆپەکان لەتاریکیا دانیشتون
    مرۆڤەکان بەقەد دیوارە کەوەن،
    کەس نیە دایان گیرسێنێ!.

    ژوورەکەم هەڵم دەداتە دەرەوە
    شەقامەکان بەلامدا دەڕۆن و،سەلام ناکەن.

    کاتژمێر سی چرکە و،پەنجاو حەوت دەقەو،
    دوازدە سەعاتە.
    لە زانکۆکەی ئەوبەر گوێم لە یەکێکە قورئان
    دەخوێنێ.
    بە دیواری مزگەوتەکەی بەرامبەرمانە وە،
    لافیتەی کۆچی "ژنە دانسەرێک"هەڵواسراوە.

    کە لە گەڵ درەختەکان پیاسە دەکەم٫
    ماشێنەکان پێم پێدەکەنن..
    هەورەکان تفم لێدەکەن.

    عامودەکان ڕێم لێدەگرن و،
    پارەم لێ وەردەگرن،
    پۆلیسەکانیش بوون بەعامود!

    لەمبەری شەقامەکە ژنە باڵا پۆشەکان گۆرانی دەڵێن
    لەو بەری شەقامەکەوە مەلاکان،
    بەڕووتی وتار دەخوێنن.

    کەس من ناگرێتە خۆی!
    نیشتمان منی هەیەو من نیشتمانم نیە.
    پارە گیرفانە کانی پڕن لە من و، من ئەوێکم پێنیە!

    لەمێژە پێڵاوە کانم لەقاچم بێزارە و،
    پارەم نیە جووتێ قاچی نوێ بکڕم.

    درەنگیش بچمەوە ماڵ کارەبا جوێنم پێنادا.

    من هەزار جاریش سەیری کاتژمێرەکەم کەم،
    توڕە نابێ،ناڵێ:بۆوا سەیردەکەی؟.
    هەزار هەینیش نەچم بۆ مزگەوت،
    خودا گلەیم لێ ناکا٫
    مامۆستای نوێژ خوێن نەبێ،
    قەت جوابی سەلامەکانم ناداتەوە!.

    کەس من ناگرێتە خۆی.
    کەس نام خاتە نێو ڕۆمانێک و، شەوی هەزار
    قسەی بریقە داروە سەد ماچم پێبکا!.

    ئیستاش ماشێنێک دەستی نەگرتم و،
    لە شەقامەکان نەی پەڕاندمەو٫
    تا مرۆڤەکان بەسەرما نەڕۆن.

    بە ئارامی فرمێسک چاوم دەشوا
    بەدیار پێنووسێک و دوو کاغەز و لاستیکێک.
    بە هەموویان هەوڵدەدەن ناتوانن من بنووسنەوە،
    دەیان جار دەم نووسن و،
    دەم سڕنەوە٫
    "منێک دەرناچێ"!

    ڕێبین حەوێز

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: پێچەوانە Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top