ئەڵقەی کامەرانیت پیرۆز!
بڕۆ کەژاوەی بوکێنـۍ،
بڕۆ گیانە،
ئەی نازانی،
بە پێکەنینت لە چاوم ،
هاوسەنگی گەردوون دەهێنۍ!
بڕۆ، دیارە
ئەڤینی من،
سەراسەر خۆی لێ گۆڕاوە.
بڕۆ کەژاوەی بوکێنۍ!
دیارە هێزی عیشقی لاویم،
ئاوی ژینی لێ چۆڕاوە!
لە پێشبڕکێی چاوەکانت
دیارە چاوم...
پێکراوای مردوی دۆڕاوە!
بڕۆ کەژاوەی بوکێنی
دیارە بوونە خاک و خۆڵم،
بۆ ڕێی ژینت،
سەدان دڕکی نائومێدی شین کردوە،
دیارە سەدان
دێڕەشیعری دڵدارانەی
پڕووپووچم
لەنێو قەفەسی سنگتدا
زین کردوە
دیارە قووڵی دەریای عیشق و
دووری ئاسمانی ئەڤین و
شەرابی کانیاوی عیشقم
نەچێژتوە.
دیارە ئەمن بۆ باڵای ڕێک و قەشەنگت
وەکو پێویست
ئەشکی ڕونم نەڕێژتوە.
دیارە وەک شالووری شەیدا
لەنێوباخا بۆ ڕوی گوڵت
نەگریاوم.
وەکو مەنسوور لەسەر حەقی ئەڤینی تۆ
لە داری حەق نەدریاوم.
بڕۆ کەژاوەی بوکێنۍ،
خوات لە دڵ بێ...
خوات لە دڵ بێ ...
خوات لە دڵ.
بڕۆ کەژاوەی بوکێنۍ!
نووسینی:سۆلان