• نوێ

    لەسلێمانی ژنێک ودووکچەکەی دیزاینەر و نمایشکاری جلوبەرگن

      لە سلێمانی ژنێک و دوو كچەكەی دیزاینەر و نمایشكاری جلوبەرگن 

    دایكێك و دوو كچەكەی لە سلێمانی پێكەوە كاری دیزاین و نمایشی جلوبەرگ دەكەن، جلوبەرگەكانی ئەوان تەنیا جلوبەرگی كوردین، بە دەستیش جلەكان دەدروون و مەكینەی دروومان بەكارناهێنن، هەواری دایكی لاوین و لەرین دەڵێت بۆ دیزاین و دروینی هەر جلوبەرگێكی كوردی نزیكەی 10 رۆژ كاتیان پێویستە، هەروەها نرخی فرۆشتنی جلوبەرگەكانیش لە نێوان 100 بۆ دوو هەزار دۆلارە.

    هەوار محەممەد، تەمەن 46 ساڵ، لە هەڤپەیڤینێكی كورتدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارەكانی خۆی و دوو كچەكەی دەكات و دەڵێت: "زیاتر لە 15 ساڵە كاری دیزاین و دروین دەزانم، بەڵام ماوەی هەشت ساڵە دەستمان بەم كارە كردووە، لەگەڵ كچەكانم بەیەكەوە دیزاین دەكەین، دواتر دەیدروین، خەڵكی زۆر لە كارەكانمان رازین و ئێمەش كار و هونەرەكەی خۆمان خۆشدەوێت، بە دڵ و بە گیان كاری بۆ دەكەین".

    لاوێن كە كچی گەورەی هەوارە و تەمەنی 26 ساڵە، دەرچووی یاسایە و كاری پارێزەریش دەكات، ئەو دەڵێت: "دایكمان زیاتر كار لە دروینەكە دەكات، چونكە ئێمە تا زانكۆمان هەبوو دەمانخوێند، ئێستا من كە زانكۆم تەواو كردووە جگە لەم كارە، كاری پارێزەریش دەكەم".

     

    لە بارەی كاتی پێویست بۆ دروستكردنی جلوبەرگێكی كوردیی ئافرەتان، لاوێن دەڵێت "بۆ دیزاین و دروینی جلوبەرگێكی تەواو نزیكەی 10 رۆژ كاتمان پێویستە، بەپێی جۆری قوماش و دیزاین و داواكارییەكە، رۆژ هەیە لە 24 كاژێر زیاتر لە 20 كاژێر خەریكی دروین دەبین، ئەمە چەند جارێك دووبارە بووەتەوە بەتایبەتی بۆ دایكم كە وەك گوتم ئەو زیاتر كاری دروینی جلوبەرگ دەكات".

    لارین كچە بچووكەكەیانە و لە ساڵی 1994 لە سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی بەشی بازرگانیی زانكۆی سلێمانییە، ئەو بەهۆی باڵا بەرزەكەی كە 170 سانتیمەتر زیاترە، زۆر جار جلوبەرگەكان نمایش دەكات، لارین دەڵێت: "كاتێك بیرۆكەی دیزاینی جلوبەرگێكمان بۆ دێت، سەرەتا لەسەر كاغەزێك دروستی دەكەین، دواتر هەرسێكمان بۆچوون و رای خۆمان لەبارەی دیزاینەكە دەدەین، لە كۆتاییدا دەیخەینە سەر قوماش".

    (رووداو) پرسیاری ئەوە لە دایكەكە دەكات كە بۆ كاری دروینی جلوبەرگەكان چەند مەكینەیان هەیە، بەڵام هەوار دەڵێت: "هیچ مەكینەیەكمان نییە، هەموو كارەكە كاری دەستە و جلوبەرگەكان بە دەست دەدروین، بەهیچ جۆرێك مەكینە بەكارناهێنین، هەر ئەمەشە هۆكاری سەركەوتنی ئێمە".

    ئۆردەری دایك و كچەكان بە پێی كات دەگۆڕێت، وەك خۆیان دەڵێن "بۆ جەژنی نەورۆز زیاتر لە 70 ئۆردەریان هەبووە و 70 كراسیان ئامادە كردووە. لاوێن دەڵێت "زۆر هیلاك بووین، شەوی نەورۆز هەرسێكمان كەمتر لە دوو كاژێر خەوتبووین و دەیان كاژێر لەسەر یەك كارمان كرد".

    لاوێن كە شووی كردووە، لەبارەی هاوكاری و هاندان لە خێزانەكەیاندا دەڵێت: "باوكم و هاوژینەكەم زۆر هاوكارمانن بۆ ئەو كارە، ئەوان لە دیزاین و درووین نازانن، بەڵام هەر كارێكی دیكە، یان هەر كێشە و هەر پێویستییەك بێتە پێش، هاوكارمان دەبن، زۆرجاریش بەهۆی كارەكەمانەوە ناتوانین بۆ نموونە خواردن ئامادە بكەین، ئەوان چاوپۆشی لەوە دەكەن و ئەوەش گەورەترین هاوكارییە".

    هەوار دەڵێت، خەونەكانمان بۆ ئەو كارە زۆر گەورەیە، دەمانەوێت لە داهاتوودا براندێكی تایبەتی جلوبەرگی كوردی دروستبكەین، هەروەها فێرگەی تایبەت بكەینەوە بۆ ئەوەی ئافرەتان فێری دیزاین و دروینی جلوبەرگی كوردی بكەین، هەلی كار بۆ ئافرەتان بڕخسێنین و جلوبەرگی كوردی، وەك جلی رەسەن و نەتەوەیی بە جیهان بناسێنین.

    هەوار باسی نرخی جلوبەرگەكانیان دەكات و دەڵێت بە گوێرەی قوماش و جۆری دروینەكەیە و نرخەكانیان لە نێوان 100 دۆلار تاوەكو 2000 دۆلارە. سەبارەت بە موشتەرییەكانیشان دەڵێت "هەمەجۆرن، بەڵام زیاتر خێزانە دەوڵەمەندەكانی كوردستانن".
    سەرچاوە ڕووداو

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لەسلێمانی ژنێک ودووکچەکەی دیزاینەر و نمایشکاری جلوبەرگن Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top