تۆڕە كۆمەڵایەتیــەكان« ژیــانێك لەگەڵ پۆشـینی ماسـكەكان»
بەڕاستی ئەم بابەتە زۆر گرنگە لام زیـاتر لە ھەر بابەتێكی تری سەردەمی مۆدێرنیزم، چونكە بەڕاسـتی ژیـان و كۆمەڵایەتی بوون و مرۆڤ بوون ڕەسەنی خۆی لەدەسـت داوە، ئێمە ڕۆژانـە بێ ئـەوەی دركی پێ بكەیـن درۆ لەسـەر درۆ ئەكەین، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بوونەتە لانكەیەكی گەورەی ماسـكەكانمان و پیشـاندانی لایەنە كۆمەڵایەتیە درۆكانی ژیـانمان، ھـەمووان ھەوڵ بۆ نیشـاندانی بەختەوەری خۆمـان و بـەھێزی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانمان و خۆشەویستی مرۆڤەكانی نێـو ژیانمان ئەدەین یـاخود ئەو شێوازەی كە ئەمانەوێ جا بە ھـەر جۆرێك بێت كە پێچەوانەی ڕاستەقینەی خۆمـان بێت، ڕۆژانـە لەسەر یەك چەندەھا وێنەی خێزانی خوان و خواردن و چوونە دەرەوەی تایبەتی و دەربڕینی خۆشـەویسـتیمان بۆ كەسـەكانی ژیـانمان بێ ھیچ مەبەسـت و سـوودێك پۆسـت دەكەین وەك بڵێی ھەمیشـە ئێمە لەو ژیـانە فەنتازیایەدا دەژیـن كە واش نیە و ئەم بابەتانە ھێندە درەنگ درەنگ لە ژیـانماندا دووبـارە دەبنەوە بەجۆرێك یەكسـەر پۆسـتیان دەكەیـن، ئێمـەی مرۆڤ نیـو ئەوەندەی ئـەو كاتانەی بۆ نیشـاندانی خۆشـەویسـتی بۆ بەرامبەرەكانمان دەكوژیـن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە تایبەتیش فەیسبووك و ئینستەگرام، وا باشـترە لە نزیكەوە و ڕووبەڕوو ئەو خۆشـەویستیە جـوانانە ببەخشـینەوە كە لەڕاسـتیدا ئەمەیـان زیـاتر جێی خۆی دەگرێ، بەڵام نـا ...ئێمە تەنیا یەكتر لە كۆڵ دەكەینـەوە و دەمانەوێ نیشانی ھەمووانی بدەیـن كە چـەندە دڵخۆشـین و ژیانی مۆدێرن وا خەریكە بە درۆ بریقەدارەكانی یەكە یەكە كەسـایەتی و ڕەسـەنایەتی و مرۆڤایەتیمان لێ دەسـێنێتەوە، بـۆیە بە خۆشمەوە وەك ھەر تاكێكی سـەردەمی مۆدێرن، با دڵنیـا بین لەوەی ھـەموومـان ئەكتـەرین و باش ڕۆڵ دەگێڕین لەسەر ئەم تـەختە شانۆییە سـەراپا ڕووپۆشكراو بە ڕەنگ و ماسـكە درۆینەكان...
ھەروەھا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە ڕاستیدا كۆمەڵایەتی نین بەڵكو كۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤیان لەناوبردووە بێ ئەوەی ھەسـتی پێ بكەین، ئەوەتا تەنیا لێرەوە ھەندێك جـار ھەوڵ ئەدەین ھەواڵی كەسە نزیكەكانمان بپرسین و لە كۆڵیـان بكەینەوە، دواتریش كە كەسێكمان ماڵئاوایی ھەتا ھەتاییمان لێ ئەكات دیسـانەوە دێین ماسك بە ماسك تاقی دەكەینەوە بۆ ئەوەی خۆشەویسـتیە درۆینـەكانمان نمایش بكەینەوە لەسەر ئەم تەختە شـانۆییە. بەڕاستی ئەگەریش بتەوێ كۆمەڵایەتی ببیتەوە ھـەر ناتوانی چونكە بەرامبەرەكەت ھەمیشـە مۆبایلەكەی بە دەسـتەوەیە یان سێڵفی ئەگرێ یان چات ئەكات و جار جار تۆزێك بە درۆ سەر بۆ قسـەكانت ئەلەقێنێ و ئم ئم ئەكات، یـان دائەنیشـێ فەلسەفە لە دوای فەلسەفە لێدەدات لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كە لەڕاستیدا ڕووبەڕوو قسە بكات نازانێ وەكو بەشـەر دوو كەلیمە قسـەی جـوان بكات یاخـود ئەگەریش بیكات ھـەر خۆی بە كرداری جێبەجێیان ناكات ، تۆش ئیتر ناچار وەك ئەو ئەكەیت تا ڕۆژێك بە خۆمان ئەزانین و ئاوڕ ئـەدەینەوە و تەماشـا ئەكەین كەسـە خۆشـەویسـتەكانمان ئیتر بـوونیان نیــە و بە ھـەزاران پۆسـتی درۆمان نایانگێڕێتەوە و بەیەكجاری ماڵئـاواییمان لێ ئەكەن...
«لەگەڵ ڕێـزم بۆ ھەموو لایەك»
خەندە فاتیح