قەسیدەی ' نەفرەتی دایک '
پەشێو حەمەد ئەمین
لێوەکانم ناردە جەنگێ
تا وڵاتی خەندەم بۆ داگیر کەن
بەڵام هەزار ئەفسوس
پارتیزانەکانی شادیم و، شۆڕشگێڕەکانی لاویم و
پێشمەرگەکانی بزەو، گەریلاکانی دڵخۆشیم
دۆڕان لەو جەنگەدا
تێکڕا شەهید کران ،
لە بۆسەی چەتەکانی غەمدا
دەسا ئەی نیشتیمانم !
ئەی بەرگی ماتەمی ڕۆژگاری من
ئەی دۆزەخ بە داری ڕۆحم و
سێدارەی ملی گەردەنی من
پێم بڵێ ؛
من لە نەوەی چ قوڕێ بوم
نەسلی کامە ئەهریمەنی بێ دین بوم
کۆرپەی حەرامی سکی کام ژنی بێ حەیا بوم
ئاوا نەفرەت لەبونم دەکەی
بە پشکۆی ژان، لە ئامێزتا گۆشم ئەکەی
خۆ هێشتاکە تەریقەتی ئەوینی تۆم بەرنەداوە
ڕێی خەراباتی مەست بون لە تۆم بەرنەداوە
ئەوەتانێ چاوەکانم ؛
پڕن لە نیگای شێوەی ماندوت
دەستەکانم پڕن لە دوعای کوژانەوەی
گیانی سوتماکی گڕ تێبەربوت
هێشتا بە یادی بینینی سپێدەیەکی ئارامت
شەوان تا سەحەر هەر بێدارم
هەر ئەو مناڵەی جارانم و
هێشتا تامی مژینی مەمکەکانت ها لە زارم
ئەی نیشتیمانی بێ شەرم
کە گەورە بوم بۆ فڕێت دام
خۆ من ئەهلی زبڵخانەی سیاسیەکان نەبوم
خۆ من ئەهلی سەگوەڕی دەرگای خائینانت نەبوم
بیرتە کە مناڵ بوم پێم وتی ؛
دایە ؛ من ئەم کۆڵانانەی یاریان تیا ئەکەم
چۆن بتوانم بیانکەمە ملوانکەو لە ملیان کەم
دە ئاخر ئەترسام کە گەورە بم،
ئەم کۆڵانانە ، وای لە دەست ئەم کۆڵانانە
ئیتر ئەوان یاری بە ژیانم بکەن
ئەترسام وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە
هەر کوچەیە ،
جێی کوشتنی برایەکم، بە دەستی ئەوی تر بێ
نەزانم شوێن پێی کامیان ماچ کەم
ماچ لە ڕویان شەرمەزار بێ
تۆ سەیرکە؛ گەورەبونم چ ئافاتێک بو 'دایە '
گەوادەکانی حیزب تۆیان کرد بە سۆزانی و
منیش کاسەی شەڕەفێکی بەتاڵ لە حەیا
ئیتستا نازانم چی بکەم
کاغەزی وەسیەتنامەی بەر لە مەرگم
بە کام فرمێسکی پەشیمانیم تەڕ کەم
تابلۆی گیانی پڕ لە زامم
بە خوێنی کام برینی تەڕ ڕەنگ کەم
خۆزگە دەکرا ئەم ژیانە هەرخەونێ باو ،
مرۆڤەکانیش پەپولەیەکی کورت تەمەن
خۆزگە دەکرا تەمەنیشمان بارانێ باو ،
گیانی ماندوشمان باغێکی پڕ لە چەمەن
تا خەون بەوەوە ببینین ؛
گوڵەکان چۆن چرۆ ئەکەن ؟
شکۆفەکان چۆن دەکرێنەوە ؟
باغەکان چۆن لە شادیا هەڵدەپەڕن ؟
کوکختیەکان چۆن ئاو دەخۆنەوە ؟
کە ئێواران دادێ ،
چولەکەکان چۆن بە گۆرانی ئەڕۆنەوە ؟
نەک وەک ئیستا خەون بەو جەلادانەوە ببینین ؛
کە شەوانە دێن و سەرینەکانمان پڕ هاوار ئەکەن
گیانمان لە نێوی خوێنی خۆمان نغرۆ ئەکەن
نیشتیمانم ! هۆ دایەی جوانم ؛
خۆزگە هەر لە مناڵیمەوە
وەک زاکیرەی پیاوێکی پیر تۆم لە بیر چوبایەوە
تا لە نێو تابلۆی مەتحەفی سۆزانیەکان
کە گەوادێکی خیانەتکار بۆت ئەکێشێ
وتبام ئەوە دایکی من نیەو ، نەمناسیبایەوە
خۆزگە وەک زریانێکی پەنگ خواردو
ڕەشەباکانی غوربەت توڕیان دابام
تا پێڵاوی گشت گەلانی دونیا ماچ کەم
خۆم لە شۆستەو شەقامی گشت بێگانەیەک لول دەم
نەک وەک ئەو هەتیوەی ئیستا
ماند و بێزار ،
لە ئامێزی شەکەتتا بام
خۆزگە ئەڕۆیشتم تا ساردی بەفری ئۆقیناسەکەن
گیانم لە گەڵ بەفرا مۆمیا بکەن
نەک ئەو ژیانەی لە سایەی تۆدا
هەمو ڕۆژێ چەپەڵەکانی حیزب و سیاسەت
بێن و یاری بە کەرامەت و شکۆی بکەن
دە ئاخر لەم وڵاتەی ناوی تۆیان لێ ناوە ' دایە '
شکۆی بەشەر،
گرام گرام ئەخرێتە سەر تەرازو
کەرامەتی ئینسان بوە ئارەزوو
هەیە حەز ئەکا جوان بێ و ڕێی جوانی لێ ئەگرن
ئەوەیش کە مەیلی بێ شەڕەفی هەیە
هێندە بە نرخە ،
بێ شەڕەفیەکەی لێ ئەدزن
دەسا چی بکەم 'دایە '
لەم وڵاتەی تۆ بە منت ئەشنا کرد
حەیاو حورمەت پارە ناکا
سەخافەت بوە بە سەرمایە
گلەیی بێ ئەی نیشتیمانم
ئەی ئاوازی پڕ لە زامی گەرووی گیانم
لێرە پێنوسەکانت پڕاو پڕن لە ئیمزای کوشتن
دەستی بەغەوانەکان لە جێی گوڵ ،
پیشەیان بۆتە مرۆڤ ناشتن
ئەی بێ ئاگای چەپەڵ
جوانی دەمێکە لێت تۆراوە
ناشرینیت تاجی پادشای لە سەر ناوە
ئەمە کەی ژیان بو ' دایە ' داتە دەست من
ژیان نەبو گوڵم ژان بو ژان
ژانی مردن
ئەکرێ تکایەکت لێ بکەم ' دایە '
دەی قوربانی فەرموی غەمت
کە دەستی لە ملی لێوت دایە
من حەزەکەم بڕۆم لێرە
لێرە شادی لێم تۆراوەو
تەنها غەم بە ماڵم فێرە
گەر ئەتوانی تۆش وەرە لە گەڵما
بڕۆین بۆ بەهەشتێکی دوور دوور
هێندە دوور
تا پێیمان نەگا ،
بۆنی مەرگەساتی ئەم هەوارە
کە لە نێویا هەر باو باوی
قاحپەو گەوادی و دۆلارە .