سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی 14 بابەتی "نادەستووریی" یاسای بودجەی ساڵی 2018، سکاڵای لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکرد.
د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 4-4-2018 فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق داوای ژمارە 57/فیدراڵی/2018ی لە دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە "نادەستووریبوونی 14 بابەت لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، تۆمارکرد.
ئامانج رەحیم دەڵێت، خاڵی 14ی سکاڵاکە کە لە پێنج بڕگە پێکھاتووە، سەرجەمیان تایبەتن بە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەناو یاساکەدا.
مانگی رابردوو فوئاد مەعسووم یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان کردەوە و داوایکردبوو گۆڕانکاری لە "31 ماددە و بڕگەی نادەستووریی" ناو یاساکە بکات، بەڵام پەرلەمان بەبێ دەستکاری بودجەی رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردەوە.
هەرچەندە سەرۆککۆمار یاساکەی پەسندنەکرد بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، رۆژی 2-4-2018 یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، بەوەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.