• نوێ

    کۆرپە ۲۷ ساڵانەکە..!!

    کۆرپە ۲۷ ساڵانەکە..!!

    ساڵ دەهات و دەچوو، لە سەرو بەندی ساڵانی ۱۹۹۱
    ئەوسا ماڵمان لە گوندێکی باشوری کوردستان بوو
    دێیەکەی ئێمە لە چەند ماڵێکی کەم پێک هاتبوو.
    بە هۆی، بۆردومانی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسەوە،
    خەڵک لادێیەکانیان چۆڵکردبوو بەرەو شارەکان هەڵاتبوون
    بە پاڵ خانوەکەی ئێمەوە ماڵی حاجی عەطەوڵا ھاوسەری ئەمینە خانی ھەبوو.
    حاجی عەطەوڵا تەمەنی ٦٥ ساڵە، وەک باوکم دەڵێت:
    ئەو ماوەی ۳۰ساڵە چاوەڕێدەکات خودا کۆرپەیەکیان
    پێ ببەخشێت، تا لە سایەیدا بحەسێنەوە.

    ڕۆژەکان تێدەپەڕن. باوکم دەڵێت: خانوکەمان کەڵکی نەماوە،
    هێزی ئەوەی نیە زستانێکی تر بەڕێ بکات.
    پێویستە هەرچی زووە بەدوای هێلانەیەکی دیدا بگەڕێین،
    تا ماڵوێران نەبووین.
    لە پیرێژنانی ئاواییەوە هەواڵ گەیشتبوو بە دایکم گوایە
    ئەو ئەمینە خانەی ماوەی سی ساڵە منداڵی نابێت،
    ئیستێ دوو گیانە و،بەو ڕووداوە حاجی عەطەوڵایی
    هاوسەری تووشی شۆک بووە! نازانێت لە خۆشیاندا
    چیبکات؟!
    ئەو بەردەوام خەریکی نوێژو پاڕانەوەیە
    کە خودا دوای ئەو هەموو ساڵە کۆرپەیەکی پێبەخشیوە.

    ترسی داڕمانی خانوەکەمان لەلایەک و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکان لەلایەکی تر تەواو ئۆقرەی لێ بڕی بووین.
    لە زستانێکی وەها سەخت! دڵۆپە بارانەکانمان لێ ببوون
    بە گولە و هەرجارێک باران دەباری ئێمە نزای ئەوەمان
    دەکرد نەکەوینە ژێر سەخفی ماڵەکەمان.
    چەند مانگێک تێپەڕی..
    دواجار ئەو سوار چاکە بەهێزەی لە خەیاڵی چەند ساڵەی حاجی عەطەوڵا و ئەمینە خاندا بوو،
    وەدەر کەوت.
    خودا لە دوای سی ساڵان کوڕێکی پێبەخشین.
    ئەوان لە خۆشەویستیان بۆیی بەئومێدی ئەوەی
    فریاد ڕەسی ژیانیان بێت ناویان نا| قارەمان.

    ساڵ هاتوو چوو..
    قارەمان گەورە بوو. بەڵام! ئەو پیاوە ئازا و چاونەترسەی
    دایک و بابی لە خەیاڵی خۆیاندا وێنایان کردبوو
    پێچەوانە دەرچوو. قارەمان بەدرێژایی ڕۆژ لە نێو کۆڵان و
    سەر بانەکانی ئاوایدا هاتوو چۆیی بوو،
    خەڵکی لە دزی و کارە قێزەونەکانی وەڕەس ببوون.
    بەڕادەیەک چەند جارێک حاجی عەطەوڵایان ئاگادار کردبۆوە
    تا گوندەکە جێ بهێڵن و هەرچی زووە ئەم بەڵایەیان
    لەکۆڵ کاتەوە. بەڵام، ئەو بەردەوام بووه لە خۆش ویستن و
    گرنگی دان بە کوڕەکەی سەرەڕای ئەو هەموو کارە خراپەی قارەمان. ئەو پێی وا بووە خەڵکی بوختانی بۆدەکەن.
    قارەمان تاقە کوڕی ئەوانە دوای ئەو هەموو ساڵە.
    نابێت لەکرنی هیچ کارێکدا ڕێگری لێ بکرێت.

    ساڵەکان ۹۱ یان  تێپەراند و پێیان نایە ۲۰۰٦
    قارەمان دوای پازدە ساڵی تەمەنی هیشتا کۆرپە کەی
    دایەو بابەیە.نەئەو وازی لە گیرفان بڕین و تاڵانی کردنی،
    ماڵی خەڵکی هێناوە، نە حاجی عەطەوڵا و ئەمینەخان
    ددان بە خراپی و بەتکاری کوڕەکەیاندا دەنێن.
    ئەوان پێیان وایە قارەمان هێشتا مناڵە ساوایەکەی،
    جارانە و بە تێپەڕ بوونی ساڵ باش دەبێت.

    لە دوای بە جێهێڵانی ئاوایی لە ترسی داڕمانی خانوەکەمان و، دەرچوون لە ژیانی قەلەقی و دڵەڕاوکێی،
    ئێستا پاش تێپەڕ بوونی چەندین ساڵ گواستنەوەمان
    لە گوندە وە بۆ شار لەم ڕۆژانەی دوایدا لە یەکێک لە
    چایخانەکانی شار چاوم بە قارەمان کەوت!
    کۆمەڵێک پیاو دەوریان دابوو قارەمان باسی ژیانی مناڵی
    بۆیان دەکرد و خۆیی وەک کەسایەتیەکی باش و بێ کێشە،
    بۆخەڵکی دەگێڕایەوە وەک ئەوەی کوڕەکەی جاران نەمابێ
    قارەمان دوای مردنی دایک و باوکی ئێستا تەمەنی
    بیست و حەوت ساڵە و سەرباری ئەو هەموو دزی و
    کارە بزێوانەی زووی خەڵکی ڕێزی لێدەگرن و،
    بە کەسایەتیەکی پیرۆزی دەشوبهێنن.
    ئەوان لە پاش ۲۷ساڵ ئێستاش لەسەر ئەقڵیەتیی
    حاجی عەطەوڵا دەڕۆن، پێیان وایە ئەو هێشتا ساوایە و دەکرێ لە ئایندەدا کاری باش بکات.
    نووسینی :ڕێبین حەوێز

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کۆرپە ۲۷ ساڵانەکە..!! Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top