• نوێ

    خێمە یان کڵاو

    خێمە یان کڵاو

    چوار مامۆستا بایکۆت بۆ مافی پیشەیی و مەعیشیی خۆیان بکەن، من لەگەڵ ئەو چوارەم، نەك لەگەڵ ئەو چوار هەزارەی کە بە ئیعاز ئەچنە پاڵیان و  بە ئیعاز بەجێیان ئەهێڵن.
    من لەگەڵ خودی ناڕەزاییم، لەگەڵ فووتێکردنی ناڕەزایی نیم، 'ناڕەزایی فووتێکراو' یان دەسەلات ئەیتەقێنێ بە توندوتیژی، یان ئۆپۆزسیۆن فشی ئەکاتەوە لەبەر شتێکی تر، وەك ئەوەی ناڕەزاییەکە خۆی شت نەبێ!

    ئەو ناڕەزاییەی فووی بڕوخێ و ارحلی تێئەکرێ، دەسەڵاتێك فش ناکاتەوە، خودی ناڕەزاییەکە فش ئەکاتەوە، فشبوونەوەی نارەزاییەکەش دەسەڵاتەکە ئەهێڵێتەوە.
    ئەمە چونکە بەردەوام دووبارەئەبێتەوە، ئەبوو تێگەیشتنی ئاسان بێ، کەچی ئێمە تا کۆمەڵێ گەنج بەکوشت نەدەین لەمە تێناگەین!

    ئەو دەسەڵاتەی کە هیچی پێنەماوە هێشتا چەکی پێیە بۆیە موفلیسە، ئەو دەسەڵاتەی کە لە هەموو شتێکا فەشەلی هێناوە  لە توندوتیژیدا سەرکەوتووە بۆیە فاشلە، تۆش بە شیعاری بڕوخێ خۆت ئەخەیتە بەردەم ئەو تاقە شتەی کە ئەو تیای سەرکەوتووە، ئیتر ئەو تۆ ئەڕوخێنێ!
    واز لە بڕوخێ بێنە تۆ دنیایەك کێشەو پێویستیت هەیە، هەر ڕۆژەی شەڕی یەکێکیانی لەگەڵ بکە، ئەو بەم شەڕە بەردەوامە ئاسۆییە ئەڕوخێ، ئەگەر بە تەمای بە یەك ژەم بیخۆیت، ئەو ژەمە تۆیت و ئەو ئەتخوا.   

    من لەگەڵ پاراستنی خۆپیشاندەرانم، نابێ ڕانەکە بخرێتە بەردەمی گورگەکان، بەڵام پاراستنی خۆپیشاندەران نابێ ببێتە بیانوی کۆتایی هێنانی ناڕەزاییەکان!!
    ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ فرە ڕێگا بێت، کە یەکێکیان گیرا ئەوانی تر کراوەبن، ئاو چۆن بە ئاسانی بڵاو ئەبێتەوەو بە ناڕەحەت کۆئەکرێتەوە، خەباتی مەدەنیش ئەبێ وابێت، ئەبێ بە ڕێگای جۆراوجۆر بە هەموو لایەکدا بڵاوببێتەوەو کۆنترۆڵکردنی قورسبێ، نابێ کورت بکرێتەوە لە خێمەیەکدا، کە ئەسڵەن خێمەش نیەو کڵاوی حیزبە خراوەتە سەر خۆپیشاندەران.
    ئەو خێمەیەی کە جارێك دەسەڵات ئەیسوتێنێ و جارێك موعارەزە ئەیپێچێتەوە، پێش ئەوەی ئەوان بیسوتێنن و بیپێچنەوە تۆ مەچۆ ژێری.

    بۆ بیناکردنەوەی کەسایەتی تێکشکاوی ئێمە، هەستکردن بە سەرکەوتن زۆر گرنگە، پێویستە هەنگاوی بچوك بنێین و تیای سەرکەوین، بەم سەرکەوتنە بچوکانەش ئیرادەو کەسایەتی و متمانەبەخۆبوون وردە وردە دروست بکەینەوە، نەك ئەوەی هەنگاوی گەورە بنێین و  شکستی گەورە تۆماربکەین!!
    سەرکەوتنی گەورە لە هەنگاوێکی گەورەوە نایەت، لە کۆی هەنگاوە بچوکەکانەوە دێ، تۆ بە یەك شەقاو ناگەیتە سەربان، یەك یەك هەموو پلیکانەکان ئەبڕیت. 

    ئینجا خۆپیشاندەری ئەزیز موچەخۆری خۆشەویست
    ئەم گۆڕانەی خشتەی مووچە، ئەگەر هەستی سەرکەوتنی لا دروست کردویت، ئەوە بە سەرکەوتوویی بڕۆرەوە سەر کارو ژیانی خۆت و گوێ بە هاشوهوشی حیزب مەدە کە ئەیانەوێ بەردەوام بیت.
    ئەگەریش هەست بەسەرکەوتن ناکەیت، ئەوە بەردەوامبەو گوێ بە حیزب مەدە کە ئەیەوێ بوەستیت، گرنگ هەستی تۆیە نەك تای هەڵبژاردنی ئەوان.
    نووسینی:پەیکەر عوسمان

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: خێمە یان کڵاو Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top