• نوێ

    شەو هەیە بیری کەسێک دەکەیت

    شەو هەیە بیری کەسێک دەکەیت
    _تێکستی: "شوان سەعید"

    شەو هەیە بێ تاقەتی
    تاسەر پێڵوی چاوکانت دێ و دڵت پڕدەکات
    لەگریان
    ڕۆژ هەیە لەژیان توڕەیت و .. بەئەنقەست
    دەرمانەکانت ناخۆیت .. هەر بەخاتری
    ئەوەی مردن چەن خولەک زووتر بگات
    تۆ سەیرکە بەهەموو هێزو توانای خۆتەوە
    خۆشت دەوێ .. کاتی بۆ تەرخان دەکەیت
    دەتەوێت دەستی بگریت
    لەپڕێکدا ون دەبێت .. دونیای بۆ دەکەیت
    نایدۆزیتەوە .. بەدڵێکی شکاوەوە
    ژیان دەکەیت .. حەوسەڵەی ئەوەت
    نیە بەیانیەک هەڵسیەوەو
    بڕۆیت شەقام بە شەقامی شاری بۆ بگەڕێیت
    بۆ مه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی لەمس کردنی
    لەحزەکانی مردن نیە .!؟
    ئاهـــ ئەوە چ ناحەقیەکە ئەوانی تر
    دەرحەق بەئێمە ئەنجامی دەدەن
    هەموو ڕۆژێک سوتانت دەبینن خوێنی دڵت
    دەبینن .. زەق زەق سەیرت دەکەن و هیچ ناڵێن
    چەندە کەیفیان بەخۆیان دێت
    مرۆڤێکیان شکاندووەو ڕۆیشتوون
    بەبێ ئاوڕدانەوە
    چ مرۆڤێک ..!؟ ئەوەی ڕۆژی سەدجار
    قوربانیان دەبوو .. تەنها بەختەوەرییان
    بۆ ئەوان دەویست .. هەمیشە
    بەباوەشێک گوڵەوە لەپێشوازی ئەوان دابوون
    شەوان  بەساقەی ئەستێرەکانی دیار ماڵی
    ئەوانیش دەبوون
    بەیانیان خۆریان ماچ دەکرد
    کە لەلای شارەکەی ئەوانەوە هەڵدەهات
    ئینجا وات لێ دەکەن قینت لەجانتای
    هەموو موسافیرێک بێت
    پشت بکەیتە هەموو پاسە شینەکانی شار
    بۆ دواجار بێ ئەوەی خۆی هەست
    پێ بکات تۆ لەدوورەوە چاودێری دەکەیت
    بەپاسێکی شین دەڕواو ناگەڕێتەوە
    وات لێ دەکات
    ڕقت لەشەوەکانی خۆت بێت
    ئەوشەوانەی تەنها دەنگی سیسرکەی
    تیادەبیستیت و جار جار گوێت
    لەلێدانی دڵی خۆتە
    ڕوو لەهەر سوچێکی ئەم دونیایە دەکەیت
    هەر ئەوت لێ دیارە .. لەزەردەپەڕدا ئەو
    دەبینیت .. لەنێوان لقی درەختەکانەوە
    دەنگی ئەو دێت ..
    بانگت دەکات .. دەستت دەگرێ و بەری دەدات
    لەکاتی ئۆتۆمبیل لێ خوڕیندا دەستی
    لەسەر دەستەوە دەڵێت ئاگات لەخۆت بێت
    قسەیەکی بێ مانایە موسافیرەکان بەوانی تری دەڵێن
    تۆ نەختێک ئاگات کەمن بێت لەهەمووی باشترە
    لە سەر کورسییەکانی باخی شار دادەنیشیت
    دیسان ئەو لەتەنیشتەوەیە
    دەتەوێت دەستت بەر پێستی بکەوێت
    دوور دەکەوێتەوە و دەبێت بەمانگ
    بەدوایدا ڕادەکەیت .. ناتوانی بیگریت
    سەیری سێبەرەکەی خۆت دەکەی بۆ ئەو دەگریت
    بێ تاقەتی ئەو بووە ..
    دەنگی دێ و نازانی لەکوێیە
    شەوی واهەیە تاریکترو تۆختر دەچێتەوە
    هەر لەخۆتەوە گومانی ئەوە دەکەیت
    ئەو نەخۆش بێت ..
    دڵی تەنگ بوو بێت .. نیگەرانی شتێک بێت
    دەرگاو پەنجەرەکان لەسەر خۆت دادەخەیت
    ئەو دە پەنجەیەی قەرار بوو دەستی
    ئەوی پێ بگریت
    ڕوخساری خۆتی پێ دەشاریتەوە
    بەکوڵ بۆی دەگریت وەک ڕۆژەکانی
    سەرەتای ڕۆیشتنی
    کاتێک تۆ دەگریت گوێی لەدەنگتە ..
    نایەت دەستێک لەسەر شانەکانت دابنێ
    ئاوڕێک بۆ لای هەناسە تەنگە کانت ناداتەوە
    دەڵێ بەڵکو باش بێت مەیلی من دابنێت
    وەلێ فایدەی نیە .. قەت لەبیرت ناچێتەوە
    سەد ڕۆژ بخەوی و هەڵسیتەوە
    ئەو هەر لەژێر پەراسوتە
    سەیری بۆکسی نامەکانت دەکەیت
    دەڵێی بەڵکو خوایە سڵاوێکی کردبێت
    وەلێ نیە .. بوو بە پەپولەی دەم ڕەشەباو
    پێ ناچێت قەت بگەڕێتەوە
    هەزار جار چاوت بچوک بکەوەو
    تاهێزت تیایە دوور بۆی بڕوانە
    لەهیچ کوێیەکی ئەم دونیایە بەدی ناکەیت
    بەڵام ئەو شتەی ئێجگار سەیرە ئەوەیە:
    لەدوای خۆی شتێکی گەورەی
    جێهێشتووە .. وەک سێبەر بەدواتەوەیەو
    نازانیت ناوی چیە
    ڕەنگە ڕۆحی کۆرپەیەک بێت
    کەدەبوو کچی ئەو بێت
    ئەو قژی بۆ بهۆنێتەوە .. نینۆکەکای بۆیاغ بکات
    بەڵام ئەو دڵڕەقانە جێی هێشتو هیچی بۆ نەکرد
    ئەسڵەن نەیهێشت لەدایک بێت
    یەک شەمووانێک گۆڕێکی چکۆڵەی بۆ هەڵکەند
    وای زانی دەمرێت .. وای زانی لەناو دەچێت
    ئاخر ئێستا ئەو هەناسە دەدات
    ئەسڵەن لێرەیە بیری ئەو دەکات
    لەناو خوێنی مندایە
    حەزی لەژێر پێستی ئەوە
    دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕەحمی ئەو
    من بۆ کوێی بەرم .. ناوم لێ ناوە عەشق
    ئەو تازە خولقاوە .. ڕەنگە لە باربردنی
    تاوانێکی ئێجگار گەورەبێت
    بەردەوام دەگریت دڵی تەنگە بۆ دایکی
    دایکێکی بێ ڕەحم بوو
    منی کرد بە ئینجانەو ئەو شتەی لەناو مندا
    چاندوو ئێستاش جار جار نایەت
    ئەم گوڵە مۆرە ئاو بدات
    تۆ ناوی بنێ گوڵی یاسەمین
    من نەمهێشتووە گوڵی یاسەمین بمرێت
    زوو زوو
    دڵم بۆی تەنگ دەبێ و بەسەریا دەگریم
    دەڵێم ڕۆژێک ئاگادارییەک
    لەلاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا بەڵاو بکەمەوە
    بنوسم کچێکتان نەبینیووە
    پشتی دەستی پڕە لەدەماری شین ..!؟
    قسەکانی لەهەمووان زیاتر دڵ دەکاتەوە ..!؟
    چاوەکانی لە دوو کوپ
    قاوەی گەرم دەچن ..!؟
    کچێکتان نەبینیووە منی لەبیر کردبێ ..!؟
    لە خەونی شەویشدا منی بیر نەیەتەوە
    تۆ سەیرکە شەو هەیە هێندە بیری کەسێک
    دەکەیت ..
    حەزدەکەیت لەدەلاقەی
    خەونێکەوە بچیتەوە بۆ بەردەرگای ماڵی ئەوان ..
    بچیت سەر خەیتە سەر شانی و
    تێر بەکوڵ بگریت
    بەڵام بۆ بەدبەختی ئەوندەی بیری ئەو دەکەیت
    ئەسڵەن بەجۆرێک دڵت بۆی تەنگ دەبێت
    قوڕی دونیا  بەسەر خۆتدا بکەیت
    دوو دەقە خەو ناچتە چاوەکانت
    شەو هەیە هەزار پەنجەرە بەڕووی دونیادا
    دابخەیت .. ئەوت بیرت ناچێتەوە ..
    گریانێک گەروت دەگرێت
    ئاوی هەموو ئۆقیانوسەکانی بەسەردا بکەیت
    گەرووت لەو خەمە پاک ناکاتەوە
    شەو هەیە هەرچی دەکەیت
    منداڵەکەی ناخت بۆ ژیر نابێتەوە
    هەتا بەیانی داوای ئەوت لێ دەکات
    بەڵام ئەو بووە بە زەنگیانەی شینی
    ژێرلمی دەریاو
    دونیای بۆ بکەیت نایدۆزیتەوە
    شەو هەیە بەدوای تۆزێک مردندا
    دەگەڕێی نیە
    بەدوای سڵاوێکی ئەودا دەگەڕێیت نیە
    شەو هەیە هەزار دەرت لێیەو بەخۆت نازانیت
    شەوێک نا ..... هەزاران شەو
    درۆ لەگەڵ خۆتدا دەکەیت و هیچت نیە ..
         تەنها بیری ئەوت کردووە ..!!

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: شەو هەیە بیری کەسێک دەکەیت Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top