• نوێ

    "بەتەنیا لەدەشتی کەنعاندا"

    "بەتەنیا لەدەشتی کەنعاندا"                                       _تێکستی: "شوان سەعید"

    بایەکی بەهێز هەڵی کرد
    جلی بەسەر تەنافی شارەوە نەهێشت
    گوڵی بەسەر گۆڕی مردووەکانەوە
    نەهێشت
    وەلێ تۆ هەر سەلامەتی و لەجێی خۆتی
    تۆ چەپکە نێرگزی چێنراوی سەر گۆڕی منیت
    هیچ شتێک بەتۆ ناوێرێت
    هیچ شتێک ناتوانێت تۆ لەسەر دڵی من
    لا بەرێت
    نە دڵرەقییت .. نەدووری و بێ مەیلیت
    بەڵام ئەوەی سەیرە
    هەمووان وادەزانن لەبیرم کردووی
    تەنانەت خۆشت بڕێک جار وا گومان دەکەیت
    جێم هێشتبیت
    بێ ئاگا لەوەی کە هێشتا ناوی تۆ دەبیستم
    لێدانی دڵتم خێرادەبێت
    بێ ئاگا لەوەی هێشتا
    کۆلارەی دیار ماڵی ئێوەشم خۆشدەوێ
    لێی گەرێ جارێ هەر دووربە
    بانێوانی من و تۆ هەر ئاوابێت
    لەپیریدا دێم دەبم بە گۆچانی دەستت
    دێم گوڵی بەر پەنجەرەکەت بۆ ئاو دەدەم
    دێم دان دەدەم بەکۆترەکانت
    گەنم ڕۆدەکەم بۆ مریشەکەکانت
    ترمزی ئاوەکەت بۆ پڕدەکەمەوە
    ئێواران سەماوەرەکەت بۆ جۆش دەدەم
    کاتی خواردنی حەب و دەرمانەکانت بیردەخەمەوە
    لێی گەرێ جارێ هەر دووربە
    با نێوانی من و تۆ هەر ئاوابێت .. ڕۆژێک دادێت
    ئەم دیواری دووریەی نێوانمان بروخێت
    ڕۆژێک دادێت نزیکی تۆ هەڵدەبژێرم و
    دێم چاویلکەکەت بۆ دەسرمەوە
    کاتی نوێژە فەرزەکانت پێ دەڵێم
    زەنگی لەکار کەوتووی ماڵەوەت بۆ چاک دەکەمەوە
    ئەگەر کەست لەدەور نەمابوو ..
    ئەگەر دڵشکاو بووی
    دێم قەرەبووی ئەوەندە ساڵەی بێ منیت
    بۆدەکەمەوە
    بەئەندازەی ژمارەی لێدانی دڵت
    قوربانت دەبم
    کە ئەوەندە ساڵە بەبێ من لێی داوە
    دێم دەست لەسەر دڵت دادەنێم
    پێت دەڵێم ئارمبە .. پێت دەڵێم لەبیرم نەکردووی
    پێت دەڵێم سندوقێکی پۆڵایینم
    بۆیادگارییەکانت دروست کردووە
    بۆ شەوانی پێکەوە بوونمان
    هەر گیز لەبیرم نەکردوون .. ئێستاش بەیادی
    ئەوڕۆژانە دەژیم کە ئاگامان لەدڵی یەکتربوو
    کە خەمەکانمان وەک لەتە سێو بەشدەکرد
    خەندەمان دەچۆڕاندە ناو دڵی یەکترەوە
    لێی گەڕێ جارێ هەر دووربە .. با نێوانی
    من و تۆ هەر ئاوا بێت
    ڕێگای من لەگەڵ تۆ .. ڕێگایەکی دوورو درێژە
    من هەرگیز بێ تاقەت نابم
    لەخۆش ویستنی تۆ .. لە ...   بیرکردنی تۆ
    ژنەکەی دراوسێمان هاوسەرکەی مرد
    بەدیار تاقە کچەکەیەوە دانیشت
    منیش بەدیار عیشقی تۆوە دادەنیشم
    لەچاوەروانی گەرانەوەی تۆدا پرچی سپی
    دەهۆنمەوە
    ڕیشی سپی شانە دەکەم
    لێی گەڕێ ڕێگای عیشق دوور درێژە
    درێژتر لەتاڵە قژەکانی تۆ .. کە لەمنداڵیەوە
    بڕیوتە هەتا تەمەنی پیری
    ئەو تاڵەقژانەی قەدەر نەبوو
    بەر شان و ملی من بکەوێت
    قەدەر نەبوو تاڵێکی قژی من و تۆ لەنێوان
    ددانی شانەیەک پێکەوە جێ بمێنێت
    لێی گەرێ جارێ هەر دووربە
    بانێوانی من و تۆ هەر ئاوابێت
    ڕۆژێک بەتەنیشتی یەکدا هەر تێ دەپەرین
    ڕۆژێک لەشەقامێک ئاور بۆیەکتر هەر دەدەینەوە
    ئێوارانێک لەوێستگەیەکی پاسدا
    بەبینینی یەکتر توشی دڵە کوتێ دەبین
    ڕۆژێک لە بەردەمی دەرمانخانەیەک ڕێکەوتی
    دیدارێک هەر دەکەین
                      ڕۆژێک لەوە تێدەگەین
    بەسەر چوونی تەمەن چ حەشرێکی
    پێ کردووین
    ڕۆژێک کوژانەوەی جوانی لەڕوخساری تۆدا
    من دەمباتەوە ئەوسەری کۆڵانی غەمگینی
    هەزار شەو دڵم تەنگ دەکەن ،
    ئێوارانێک لۆچەکانی دەوری چاوت
    وام لێدەکەن بێ شەرمانە بدەم لەپڕمەی گریان
    ئای خودایە هێشتا من خۆشم دەوێی
    خودایە
    من چۆن ڕۆژەکانی دووریی تۆ تێ پەڕێنم ..؟
    چەند جار مردن هەتا نزیکی هەناسەم
    دێت و نامرم
    چەند شەو بیرت دەکەمو چاوەکانم لەگۆمی
    فرمێسکدا دەخنکێن و
    بۆتم بە پشیلەی حەوت ڕۆح و هێشتا دەژیم
    توخوا ئازیز مردن چەند دڵڕەقە کەناتوانێت
    بێت و دەستی لەرزۆکم بگرێ و
    من بهێنێت بۆ لای تۆ
    وەک چۆن ژیان ئاوا دڵڕەقبوو
    دەستەکانی تۆی نەدا بەمن و لەژێر سەقفی
    ماڵێکدا کۆی نەکردینەوە
    دونیا هیچ کوێی جوان نەبوو ئازیز
    ژیان بوو بەدیوارێکی گەورە لەنێوان من وتۆدا
    نەیهێشت پەرچەمی تۆم لێ دیاربێت
    نەی هێشت گوڵی سەر کراسەکەت ببینم
    لەپایزدا
    نەیهێشت گوێم لە پێکەنینەکانت بێ
    هەندێک شەو کاتێک بیست و یەک خولەک
    تێپەڕ دەبێت بەسەر دڵتەنگیدا
    من سەیری ئاسمان دەکەم
    دەبینم ئەستێرەکان سەرمایانە
    درەختەکان هەڵدەلەرزن .. وەک ناخی من
    کە پێویستم بە باوەشێکی تۆیە
    دڵم پڕبووە بۆشەو باشێکت بۆ هەواڵ پرسینێکت
    بۆ زەنگی تەلەفۆنێکت
    بیرت دەکەم یوسفی من
    تۆ بۆ ئاوا دڵڕەق بوویت و یەعقوبەکەی خۆت
    لەو دەشتی کاکی بەکاکیەی کەنعاندا
    جێهێشت ..!؟

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: "بەتەنیا لەدەشتی کەنعاندا" Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top