• نوێ

    لە ڕۆژی ڕێزنان لە سۆھراب سپێھری


    لە ڕۆژی ڕێزنان لە سۆھراب سپێھری
    وەرگێرانی :کەیوان هەورامی

    نووسینێکی "عەباس مەعروفی" لە ڕۆژی ڕێزنان لە سۆھراب سپێھری"دا.*

         من نەمدەزانی «ھیچستان» لە کوێیە. ئەو دەیویست ھەنارەکەی دەستی ھەڵبداتە ھەواوە تا باشتر لە ھێزی کێشکردنی زەوی تێبگات، گەر واشی نەکردبا، ئەوا زەوی بەشی ئەوە ھێزی کێشکردنی ھەبوو کە ئەو ھەڵبلووشێت. ئەمە ئاقیبەتی ھەموو کۆترەکانە و سوھرابیش لێی بەئاگا بوو.
         من بە نۆجەوانی تێکەڵی ھۆنراوەکانی ئەو بووم. ھەندێک لە ھۆنراوەکانیم لە گۆڤاری دێرینی «ئارەش» یان یەک دوو گۆڤاری دیکەدا خوێندەوە. بیرم نییە، تەنیا ھەر ئەوەندەم لە یادە کە پاش خوێندنەوەیان، دەستم بە ماناگەلێکی نوێی ژیاندا ڕاگەیشت و بەردەوام لە خۆمم دەپرسی: «ھەر بە ڕاست، گوڵە شەور چیی لە ھەڵاڵە سوورە کەمترە؟!» و «ئەدی بۆ قەفەسی ھیچ کەسێک داڵەکەرخۆرەی تێدا نییە؟!». بوون، بۆ من مانایەکی دیکەی پەیدا کردبوو و دەمویست ئەو بیبینم و زیاتر لەگەڵ بەرھەمەکانیدا ئاشنا ببم.
         ئایا ئەو وەک ئەمیر ئەرسەلانی ناودار بوو؟ ئەو دەیتوانی ھەر جۆرە جادویەک بەتاڵ بکاتەوە؟ بە قەڵای بەردباراندا ڕاببوورێت؟ ھەموو قوفڵێک بکاتەوە و ژیان سانا بکاتەوە؟ ئایا ھەر بە ڕاست، ئەو ئەمیر ئەرسەلانی ناودار بوو؟ نا، نا بە ھیچ شێوەک لەو نەدەچوو. وەک مرۆڤە دونیالەکۆڵەکان ئەم جیھانەی قوورس نەگرتبوو. ئەو بە سێوێک دەساچیا و بە ئاھێک دەگریا. ئەی چۆن چۆنی بوو؟ ئایا دەکرا ئەو کەسەی کە بە قسەکانی خۆی منی ژێر و ژوور کردبوو وەک ئەوانی دیکە بێت؟
         دواجار لە بڵاوکراوەیەکدا چاوم بە وێنەیەکی ئەو کەوت و بیرم ھاتەوە کە من ئەوم دیوە! وەلێ ئایا لەوەوبەر بوو یان دواتر؟! ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو لە ھیچ کەس ناچێت، تەنانەت لە خۆیشی ناچێت! تەنیا پیاوێکی نەرمونیانە و بەس! دەمویست بیدۆزمەوە و تاسەمی بۆ بکەمە گریان! وەلێ ئەو لە کوێ بوو؟
         من بۆ ھێندە گچکە بووم کە لە کاتی ڕابوردن بەسەر شەقامدا ھەر نەدەگەیشتمە ئەوبەر و ئۆتۆمبێلێک لێی دەدام؟! ھەستامەوە، ھەمدیسان کەوتمەوە ڕاکردن و وابزانم ھەر لەو کاتەشدا بوو کە ئەو لە خۆی پرسی: «ئەوە کێ بوو گاسی کرد سوھراب؟!»
         ــ من بووم بەڕێز سپێھری، ئێوە لە کوێن؟
         ــ لەودیو ھیچستانەوەم!
         باران بە لێزمە دەباری و من نەمدەزانی «ئەودیو ھیچستان» کوێیە؟ جا لە پیاوێکی دانام پرسی:
         ــ بەڕێز! «ماڵی یار» لە کوێیە؟
    گوتی:
         ــ «شارەو شار دەڕوا!»
         باران لێزمەی دەکرد و سوھراب لە زەینمدا دەیگوت: «دەبێت چەترەکان داخرێن!»
         من چەترکەمم خستە پشت دەرگەیەکی سپیی مەیلەو سوورەوە و کەوتمە ڕاکردن. ئەمە یەکەمین دزیی من بوو! ئیدی لەوەودوا ھەرگیز چارەی چەترم نەویست! جا بەدەم ڕێکردن بەژێر باراندا، گەورە دەبووم و لام وایە ھەژدە ساڵان بووم کە ئەوم بینی. بە پلیکانی بینایەکدا دادەگەڕا، بلوزێکی یەخە سپیی لەبەر بوو و گەلەک خەمگین دەینواند. بۆ چەند ساتێک ھەڵکوڕمام و تەماشای ڕەوتیم کرد. ئەوە ئەو بوو؟ ئەو نەبوو؟ ئەدی ئەم پیاوە کێ بوو؟ بەدویدا کەوتمە ڕاکردن و دوو دوو قەڵەمبازم بەسەر پلەی پلەکاندا دا. ڕێک لەبەردەم بیناکەدا پێی گەیشتمەوە و بەدەم ھەناسەبڕکێوە ھاوارم کرد:
         ــ بەڕێز سپێھری، بەڕێز سپێھری!
         ڕاوەستا. حەپەسا. کتێبێکی لە دەست کەوت. ڕووخساری داتەمی وەک ئەوەی لە زەینمدا بڵێت: «گەر بەدوای مندا دێن، ئەوا بە شێنەیی و لەسەرخۆ!... » وەلێ ھیچی نەگوت. من واتم:
         ــ بەڕێز سپێھری، ھەر حەزم کرد بۆ تەنیا جارێک چاوم پێتان بکەوێ...
               *     *     *
         وەختێک کە لەلایەن ئێوەوە داوەتکرام تا لە کۆڕەکەتاندا ئامادەبم، لەبەر سەرقاڵیی لە ڕادەبەدەر گوتم بەداخەوەم، وەلێ دانی پێدا دەنێم کە تەنیا بۆ خۆم بەداخەوەم. سڵاوی من بگەیەننە سۆھراب.

          عەباس مەعروفی
         کاشان/ یادمانی سۆھراب سپێھری
         سەرەتای گوڵانی ساڵی ١٣٧٣ خۆری
    ____________________
    *نووسینی نێوان کەوانەکان، لە ھۆنراوەکانی سۆھرابەوە وەرگیراون.
    و: کــــــەیوان ھەورامی
    --------------

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لە ڕۆژی ڕێزنان لە سۆھراب سپێھری Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top