• نوێ

    ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن

    ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن
    نووسینی حەمەی لەیلا


    هەموو عەسرانێک لەسەر دووڕیانی کۆڵانەکەیان، کە خەڵکانێکی زۆر پێیدا تێپەڕ دەبن چاوەڕێی (خوسرەو)ی خۆشەویستی دەکا لەبەر خۆیەوە دەڵێ (ئەو دەمەی بوومە نیشانەی تیری تۆ یادی بەخێر) هەروا بە دەم وڕێنەوە کۆڵانەکان تەی دەکا و شەقام بە شەقام دڵە غەریبەکەی هەڵگرتوە بەدوای سۆراغی مەعشوقەکەیدا وێڵە; خۆی سپاردوە بە کات بۆ ئەوەی کات بڕوا پێی بگات، (ستارە) وای بیر دەکردەوە چرکەکان چەن خێراتر بڕۆن خێراتر لەم تەنهاییە ڕزگاری دەبێ! بێ وچان دەگەڕێ پەیدا نابێ ئەم لامەسەبە، قاچەکانی ڕوودەکەنە ماڵەوە هیلاک و ماندوو بەرەو کولانە غەمگینەکەی دەگەڕێتەوە، دەرگاکە دەکاتەوەو بەڕووی ئەم هەمووە نائومێدیە دایدەخاتەوە دوور لە چاوی خوشکەکانی، دوورتر لە چاوی دایکە لەیلای خۆی دەخزێنێتە ژێر ئەو دار هەنارەی درەنگ شەوان قەراری جێژوانی هەمیشەییان بوو..
    ستارە دەیگووت: خوسرەو پێم دەڵێ ( تۆ کە گەوهەر و ئەڵماسی باڵات تاوەری ئیڤڵە من چکارم لە خاریجە!) بە نەعلەت بن ئەو کچانەی چاویان شینەو قژیان زەردەو سمتیان هەڵتۆقیوە، هەر کوڕێ ببیین وەک مار'ان گەس پەلاماری دەدەن و دەیبەنە ماڵەوە وەک ئەوەی سەد ساڵبێ بەیەکەوە بن!
    من ستارەی خۆمم دەوێ ئەو چاوە ڕەشانەی هەر دەڵێی شەوی تارە قژی ڕەشی بەسەر سینەیا کەوتونەتە بەین مەمکەکانیەوە، لەگەڵ هەر گوتنی (خوسرەو)ێک سەدجار دەبمە فەرهاد و مەجنوون سەدجار ئەو تۆنەی دەنگی، وەک مۆم دەمتوێنێتەوە..
    پێدەکەنێ و دەڵێ دایکم پێمان بزانێ خۆ پێستمان هەڵدەکەنێ چاو چاو چەن بە ئاسودەیی پاڵمان لێداوەتەوە بەدەم پێکەنینەوە، دەنگێک لەودیو پەنجەرەی ژورەکەوە، وەک مار خۆی دەخزێنێتە سەر بزەی لێوی هەردووکیانەوە و بزە لەسەر لێویان وشک دەکات و دەڵێ : ڕۆڵە ستارە سەرت بە فەتارە دەم بەم دووی شەوە چی دەکەی لە حەوشە؟ خێرا وەرە ژوورەوە بۆ ناخەوی؟ خوسرەو بە ماچێکی لێوی هەنگوینی ستارە بەسەر دارەکەوە، وەک سمۆرە بۆی دەردەچێ، ئەو شەوە کۆتا شەوبوو ئاوی لێویان ڕژایە دەمی یەکترەوە ئیدی بۆ ئەبەد خوسرەو ونبوو! کەس نەیزانی کام ڕەشەبای ڕق ئەستوور لە ڕیشە هەڵیکەند و لەگەڵ خۆیدا بردی، کێ دەیزانێ خودا چی بە خۆشەویستیەکەی کرد! ئاخۆ دەبێت جوامێرەکەم نەچوبێتە باوەشی ئەو کچە چاو شین و قژ زەردانەی بەنەعلەتی دەکردن؟ ئاخۆ دەبێ دیمەنی جوانی پاریس و تاوەرەکەی منیان بیرنەبردبێتەوە، خۆ دەزانم هەر کەسێک بڕواتە ئەم خاریجە ئیشق و ئاشقی لە کەللەی نامێنێ! یان بووەتە گەڕیدەیەک شار بە شاری وڵاتی غەریبی دەپێوێ تا لە ئەشقی من ڕابکات..
    کێ چوزانێ دوای خۆفڕێدانەکەی بەسەر دار هەنارەکەوە نەکەوتوەتە نێو بیری ئاوەکەو نەخنکاوە، نا گێژە.. چووەتە دێیەکە ئازەرەوە لە باغەکەی مامە جەنگیز گوڵەبەڕۆژەم بۆ بێنێ ئاخەر من زۆرم حەز بە گوڵەبەڕۆژەیە خوسرەو دەیگووت ڕەنگی لەتۆ دەکا منیش دەمگووت بەڵێ تۆش خۆرەکەیت لە هەر لابیت ڕووم بۆ ئەولایە وەردەگێڕم!
    ناشکووری ناڵێم دێیەکەی ئێمە دەڵێی دەشتی کاکی بە کاکیە ساف و لوس هیچی تێدا نیە.. هەموو جارێ دەمگووت خوسرەو تەنها ئێمەین ئەم دێیەمان جوان کردوە!
    غایلەی خراپ بە خوسرەو مەبە بەخوا دەزانم هەموو غەمی ئەو منم، هاکا گەڕایەوە ژێر دار هەنارەکە، ماڵی پاک سەر بە ساحێبی خۆیەتی..
    لەم خەوی وڕێنەیە ڕادەچڵەکێ تەماشا دەکا فرمێسکەکانی، وەک کانییەک بە بەین مەمکۆڵەکانی دەچنە خوارێ، چۆکی بە سنگیەوە نوساندوە سەری کردوە بە دار هەنارەکەیا چن چن غەمی لێ دەبارێ یەکێ بیبینێ دەڵێ ئەم مەلۆتکەیە بۆوا گرمۆڵە کراوە لەژێر ئەم دارە خودا بتانگرێ!
    کێ تێ دەگا چوونی سەروەت و سامانێکی وەها چەندە سەختە، بەبەر چاوی خۆیەوە هەموو ئەندامانی جەستەی خوسرەو پۆل پۆل وەک باڵندە قەتارەیان بەستووە..
    بە چاوە تەڕەکانیەوە بێ ئومێد دەڵێ:
    ساردی ئەم گەردوونە بە لاشەی منا گوزەر دەکا چ خەمێکی گەورەیە عەشق؟ قەبارەی خەمەکەی چەن گەورەیە چ کارەساتێکە عەشق.؟
    دایە لەیلای گەرووی شل بووە هێندەی هاواری ڕۆڵەکەی بکا، کەچی بێ ئاگا لە دوونیا دونیای کچەکەی وێران، ئەو کچەی ددانەکانی هەردەم بەدەرەوە بوون قاقای بە حەوشەکەیا بڵاو دەبوویەوە دەم نا دەم دەیگووت دایکە من دونیام خۆشدەوێ، ئێوە تێ ناگەن چەن سازگارە هەوای ئەم ژیانە، دەچوویە کانی گۆزە ئاوی بە شانە بچوکەکانی هەڵدەگرت و پێدەکەنی و پێدەکەنی. دەهاتەوە ماڵێ گۆزەکەی دادەناو دەیگووت دایکە گۆرانیەک هەیە دەڵێ ( خۆم بە خوڵامی سوخمەی کۆنی) نەیدەهێشت تەواوی بکا بە نەعلە چوار دەوری ماڵەکەی پێدەکرد، دەزانم دەزانم بەخودا تۆش شووت دەوێ شەرتبێ بتدەمە ئامۆزا ڕیخنەکەت، ئێ ئێ منیش دەچم خۆم دەخەمە دەستیەوە چما خۆم دۆزیوەتەوە شوو بەم قەلەڕەشە بکەم دەڵێی بنی مەنجەڵە دەڵێی خودا بە ئەنقەست ڕووی ڕەش کردوە تووکنی گرگنە ویش ڕەزای خواتەوە. بەخودا هەر لە بزن دەچێ بەس دوو قاچی کەمە قاقا دەکا ئەم ماڵە دێنێتە لەرزە قاقاکانی بە ناخی هەموو شتێکا ڕۆ دەچێت.. کەچی ئێستاش کزو مات لەژێر دارێکا کەوتوە دایکە لەیلای بە سنگی خۆیا دەکێشێ دەڵێ: دایکت بمرێ بۆ ئاوهای کچە دەم بە خەندەکەی جارانم تۆ لەکوێ ونبووی کامە کەشتیت نوقم بووە؟ یاخوا بمرێ ئەوەی وای لێ کردی!
    وەک برووسکە بدات لە گیانی، وەک شمشیرێک بئاخننە سنگیەوە ڕادەچڵەکێ و هاوار دەکا ناا دایکە ناا تۆ بۆ لەخۆتەوە نزا دەکەیت بۆ ئەمکووژی بۆ دیسانەوە جەرگم پارە پارە دەکەیت ئاخەر نازانی مەعشوقم چوو بوومە هاوڕێی تەیرە غەمگینەکان، من نابینیت لەنێو ئەم قەفەسەی نێویان ناوە ژیان چۆن دەستم بەستراوە; ڕما ئیدی ڕما هەرچی قاقایە کردبووم بەسەرما ڕما.. لەکوێ بۆ پاڵەوانی خەونەکانم لەکوێ بۆ نازدارترین پیاو لەکوێ بۆ خوسرەوی خۆم بگەڕێم کوا تۆ درک بە دڵەی زامدارم دەکەیت!
    دایکە گیان ئەها تەماشای سیمای زەرد هەڵاتووم بکە ئەها عەشق چۆن هاڕیومی..
    لە هەنارەکان دەڕوانێ و دەڵێ: بەخودا دایکە بەقەد دەنکی هەموو هەنارەکان بیری دەکەم!
    باوەش بە دارەکە دەکاو دەڵێ ئای کزەی جەرگم بۆ دیار نیت کوێی ڕەوایە منت سپاردوە بە غەمگینیەکان.؟
    (ئاخۆ لە چ گوڵزارێ غەزەل خوانە دڵی من یا دەربەدەری کوچەی شارانە دڵی من!)
    حەیران کچێکی شۆخ و شەنگی کەڵەگەت قەبارەیەکی بە سام دەڵێی ماینی کەحلانە لێ وەختێ نێوی (بەهرام)دێ تەنانەت لە چۆلەکەی بەستەزمانی قاچ شکاوی بەردەم بارانیش بەستەزمانترە، ئاشقێکە ناخی قوڵپ دەدا (ددان بەوەیا دەنێم عەشق مناڵ و گەنج و پیر ناناسێ، وەک ئاش هەموویان دەهاڕێ) دەبێتەوە مناڵێکی شیرە خۆرەو دەچێتەوە باوەشی دایکە لەیلای تێر تێر بۆ وەختانە دەگریێ، کە بەهرام پێی دەگووت:
    جێت ناهێڵم تا نەفخی سووڕ لێ نەدرێ تا هەوای ئەم ژیانە مابێ تا چۆلەکەیەک بەسەر دارەکانەوە مابێت جێت ناهێڵم تا دەنگی غەمگینترین مۆسیقا نەیەت، کە وێران بوونی دوونیایە جێت ناهێڵم!
    لەبەر خۆیەوە دەڵێ:
    (تۆش بەجێم دێڵی زۆرچاک دەزانم تۆش بەجێم دێڵی، تۆش سەرخۆش دەبیت وەک بادەیەکی بۆش تۆش بەجێم دێڵی!) بەهرام ڕۆشت بۆ سەربازی سوێندی بە خاک خوارد، کە دێتەوە تەمەنێکە چاوەڕێم سەروو کەللەی هەر پەیدا نەبوو..
    دوێنێ بارانی ئامۆزام گووتی کەسێک دۆزراوەتەوە شێوەی زۆر لە بەهرام دەکا!
    گووتم ئێ ئێ بۆ لەگەڵ خۆتا نەتهێنایەوە ؟ کوا ئێستا لەکوێیە برسی نیە جلی لەبەردایە؟
    باران توو گیانی نەنەم بەهرام بە سەرما تێک دەچێ ئێستا لەکوێیە؟
    بە تۆنێکی نزمەوە گووتی تەنها سەری دۆزراوەتەوە خودا دەزانێ کام ئاژەڵ و کام گورگ لاشەیان خواردووە!
    حەیران پێدەکەنێ نانا باران درۆدەکەی بەهرامی من گووتی دێمەوە سوێندی بە خاک خوارد سوێندی بە تۆپەڵە هەورەکانی سەر ترۆپکی چیاکان خوارد;
    گووتی بە چاوی تۆ ئاخر هیچ شتێک خۆشەویستر نەبوو لە چاوی من! قەولی دابوو گەر بەسەر مینەکانیش بتەقێتەوە هەر بێتەوە، قەولی دابوو گەر گوللەی دوژمنیش بیپێکێ هەر بێتەوە!
    حەیران پەژموردەو بێ یار بەسەری خۆی دەکێشێ تاڵ تاڵ قژە جوانەکانی دەهێنێتە دەرەوە ئای خودا مەزن تۆ بەهرامی منت بۆ چیە؟ بۆ منیش وەک خۆت تەنیا دەکەی! بۆ...

    مینا هەڵپە هەڵپیەتی تەمایان هەیە بیدەن بە بارانی ئامۆزای، مینای بچکۆلانە هێشتان زامدار نەبووە تازەیەو مەمکی دەرکردوە وەک بێچوە پەڕەسێلکەیەک بچکۆلانە زەمەنێک دوور لە ئازاری ئەشق، تەنها مینایە لەم ماڵە دڵی بە ژیان خۆشە تەنها ئەوە دەڵێ ژیان جوانە! تەنیا ئەوە ڕۆژگاری سیا نەبووە..
    تا نیوەڕوان ناخەوێ بەیانیان لەگەڵ قوقە قوقی کەڵەشێرەکە بەخەبەرە کاری ئەم ماڵە هەمووی دەبا بەڕێوە دان ڕۆ دەکا بۆ مریشکەکان و حەوشەکە دەماڵێ و گسک لە دارودیوار دەدا، لێرەدا دەبێ بڵێم (ئەو وەختەی ئاشقی و زامدار نەبوویت هەموو گەردوون لە چنگی خۆتایە!)
    ئەها سەیری لای چەپتان بکەن ئەم دوو کچە چۆن بە ئازاری دووریەوە دەناڵێنن ئاممان نەکەن بە دووری خۆتان بووکەڵەکەشتان تاقی بکەنەوە!
    کچم مینا بانگی حەیران و ستارە بکە بێن نانەکەیان بخۆن خۆ بە جارێ دونیایان لێ بوەتە کوونە مشک! حەیران لە حەوشەوە هاوار دەکا ڕاستەکەی تا ساڵی پاریش شین و شەپۆڕت بوو بۆ باوکم دەتگووت کەس نیە مێردێکی وەها پاکیزەی لەدەست دابێت تۆ نەبیت، ستارە لەژێر دارەکەوە هاوار دەکا بە حەزرەتی عەباس ئێستاش شەوان دەبینم لەژێر لێفەکەیەوە نوزە نوزیەتی دەڵێ: ئۆی فەرشید خوا نەتگرێ چۆن ژێر لێفەکەت سارد کردمەوە، ئێستاش ئێمە نەبین مێردێکی قیت و قۆز دەکاتەوە،
    دەنەڕێنێ هەی توولە سەگی
    ناموبارەک ئەوە لە کەیەوە وا
    زمانت درێژ بووە هەڵا هەڵا دەی لێم بکەن بە پەند من کەی لەژێر لێفەوە نوزە نوزم کردوە؟
    یان ئەتانەوێ قینی ئەو دوو لاوە جوانەی تێر ماچی کردن و ڕۆشتن بە منی بڕێژن..
    دەی دەی بڵاوە لە خەمەکان بکەن وەرن نانەکەتان بخۆن سارد بوویەوە،
    حەیران: دایە گیان لێمان گەڕێ قەینا سکمان خاڵیە لێ بەخودا دڵمان پڕە! ئیدی کافییە بۆ ئەوەی هیچ نەچێ بە گەروومانا،
    دایکە لەیلای وەک مریشک دەچێتەوە کولانەکەی سەر دەکێشێتەوە لە پەنجەرەکە بە چۆکی خۆی دەکێشێ ئەم ماڵە پەرتەوازە بوو ئەشق وێرانی کرد ئیدی قاقایەک نابیسترێ لەم ماڵە، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕەکەت فەرشید تۆ مابووی کوا ماڵ وا کش و مات بوو؟
    هەر دەهاتیتەوە لە دەرگای حەوشەوە مناڵەکان بە ڕاکردن یەکێ نانی لێ دەسەندی یەکێ میوە یەکێ سەوزە یەکێ ماچ! بە دەوور سفرەکەیا کۆدەبوینەوە پێدەکەنین و نانمان دەخوارد، پێدەکەنین و نانمان دەخوارد،
    ئای خودا چۆن هەوری ڕەش ئەم ماڵەی داپۆشی، بزانە ژیانی هەر ئافرەتێک بێ پیاو چۆن وێران دەبێت!
    (چەند جاری تر بقیژێنم بە گوێتانا ئەی پیاوانی بە هێز و بازو ژیانمان لێ مەکەن بە دەرد، بۆ سێ مرۆڤ کەمە لەو ماڵەیا بە دەردی عەشق و دووری سێ پیاوەوە دەناڵێنن!)
    ستارە دێتە ژورێ ها دایکە دیسانەوە ژێر لێفەکەت ساردە؟
    نا دایکە کار لەژێر لێفە نەماوە دڵم وەک سەهۆڵ بەندانە ساردە،
    ئێوە قوڵپ دەدەن و گڕتان گرتوە لێ من لە بری هەمووتان وەک زستان ساردم!
    بۆخۆم دەگریم بۆ ئێوەی دوور لە مەعشووق دەگریم..
    مینا لەسەر کورسیەکەی دانیشتوە بەرامبەر پەنجەرە دارینە بچکۆلانەکە کە بەسەر ماڵی (باران)وە دەڕوانێتە حەوشەکەیانەوە.. ماچ ماچ تووند بە سینەیەوە گوشیوەو ماچی دەکا،
    ستارە بەژوور دەکەوێ هێی کچێ ناشێ باران مۆبایلی بۆ هێنابیت؟ مۆبایلی چی؟
    بەلا ڕێمدا مەبە ئەو ماچ و موچە چیبوو لەگەڵ کێ قسەت دەکرد؟
    مینا یەک بەژوورەکە قاقا دەکا..
    گێژە باران لە نامەیەکا بۆی نوسیوم:
    بەو خودایەی بەسەر کەشکەڵانەوە هەرچەن نزیکی لە ماڵم واهەستەکەم هێندەی کەشکەڵانی خودا دووری لە من! دەسا دەبمە یەکەم ئاشق بە مەعشوقەکەی خۆم دەگەم، لەنێو ئەم هەمووە حیکایەتی دابڕانە چیدی ناهێڵم کچێکی تر غەمگین ببێ، غەریبت ناکەم ئازیزم غەریبت ناکەم!
    مینا بەردەوامە لە خوێندنەوەی نامەکەی..
    ستارە بەسەر خۆیا، وەک مۆم دەتوێتەوە حاڵی نەدەبوو ژیان بۆچی ئاوهای پێدەکا لەو گۆشەیەی، کە دەڵێن ژیان جوانە هیچ جوانیەکی بەدی نەدەکرد، شەڕی بوو شەڕ ئێوە دەزانن شەڕکردن لەگەڵ خۆت چەندە وەڕسکەرە!
    شەڕی بوو لەگەڵ ناخی خۆی حەزی دەکرد ببێتە زەهرو بڕژێتە نێو زاری (مینا)وە بەس ئاوها بە خۆشحاڵیەوە لای ئەو باسی خۆشەویستی نەکات، مینا نەیدەزانی خۆشەویستی چ ئەژدیهایەکە ناحەقی ناگرم وادەزانێ خۆشەوستی جوانە لێ خۆشەویستی ئەو وەختە جوانە، کە خۆشەویستەکەت هەموو ڕۆژێ لەسەری کۆڵانەکەوە ببینی خۆشەویستی ئەو وەختە نابێتە ئەژدیها بەسەر جەستەیدا بخزی و دەست لە جەستەی نەرمی بدەیت ئاڵۆگۆڕی هەست و سۆز بکەیت! ئاخر من کێم هەیە نامەم بۆ بنوسێ، تا هێندە ماچی نامەکانی بکەم تەڕ تەڕبن وشەکانی...
    ئاخەر من..
    لە دەنگی مینا خەبەری دەبێتەوە مینا زانی بە نامەکەی غەمباری کردووە، خەجاڵەتی دەکێشا بۆ ئەوەی ئاشتیکاتەوە، دادەی شیرینم بەخودا باران دەکەم بەقوربانت بەس تۆ ئاوها مەبە چنگێکت لێ ماوەتەوە، ستارە لەبەر خۆیەوە دەیگووت درۆ دەکا کەس هەیە خۆشەویستەکەی بکاتە قوربانی کەسێکی لە خۆشەویستی بەجێماو! هەموویان درۆ دەکەن هیچ کەسێ خەمی ئەوەی تری نییە، دەرگاکە دەکاتەوە بەر لەوەی بچێتە دەرەوە بە مینا دەڵێ (ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن) دەرگاکە تووند بەڕووی دادەخا..
    دایکە لەیلای: هێواش هێواش کچم خەریکە بمانخۆیت دەڵێی دەڕاسەی خۆ خەریکە بماندووریت
    حەیران: دایکە لەو بەستەزمانە بگەڕێ چوزانی چ عەزابێک دەکێشێ، بە ڕاکردنەوە لە پلیکانەکانەوە دەچێتە خوارێ دەچێتە ژێر دار هەنارەکە دار هەنار چی دار هەنار، وەک خۆی وشک، شەوی بەسەر دادێ ژورەکان و دونیا و دڵی (ستارە)ش هەر ڕەش،
    دڵم نایە دەنا دەمگوت خوسرەو یاخوا گەر زیندووبیت مەرگ یەخەت بگرێ چۆن هەموو ڕۆژێ مەرگت نیشاندام،(مرۆڤ، کە خۆشەویستەکەی لەدەست چوو مردوویەکە بۆخۆی!)
    حەیران لە پەنجەرەکەوە نیگای بەدبەختیەکانی ستارە دەکا و دەڵێ; پیاویش نەبووم جگەرەکەم داگیرسێنم و بە شەقامە جوانەکانا پیاسە بکەم و بتڵە شەڕابەکە بکەمە ڕەفیقی دەستم لەبری دەستی ئازیزێ! هێشتان دەچێتە قوڵایی بیرکردنەوەکانی چاوەکانی تیژ تیژ لەسەر ستارە لا نابات، نەوەکا ڕۆحی بە هەنارەکان بسپێرێ، بەڵام کوا هۆشی لایەتی! ئەی شەوی تاریکتر لە ڕۆژگاری من چەند جاری تر پێت بڵێم من یارم ڕۆشت ئیتر تۆ بۆچی دێیت؟ نە ماچ هەیەو نە جوتبوونی دەستەکان و نە خزان بەسەر جەستەیا نە بوولبوولێک لە باغی ئەم ماڵە دەخوێنێ، بە گریانەوە بە خەمەکانی دەڵێ: (کشە کشە مریشکە ڕەشە میوان شەوێ دووان خۆشە!)
    ستارە ئیدی وەڕس دەبێت هێندە چووە قوڵایی ژیانەوەو کلیلی ئەم خۆشبەختیەی هەر پەیدا نەبوو ڕادەکاتەوە ژورێ پاڵ بە دیوارەکە دەدا دەبینێ دایکی لەژێر لێفەکەیەوە هەر نوزە نوزیەتی، بە پێکەنینەوە دەڵێ بەخودا دایکیشم قڕی تێکەوت،
    لەژێر لێفەکەیەوە هاوار دەکا توولە سەگ سەرمامە دەست لە سەرم هەڵگرە ناشکووری من کوا کچم هەیە، دانەیەکتان هەڵسن سۆباکە داگیرسێنن ڕەق بوومەوە
    حەیران: بمرم بۆ بێ مێردیەکەت چەن بێ نازی!
    مینا: دایە گیان گوێیان پێ مەدە نازانن شەڕ بە کێ بفرۆشن،
    هەمووی لە دەور سۆباکە کۆدەبنەوە، هەوای دەرەوە سارد و بەفر بە تۆپەڵ شاخەکانی داپۆشیوە کەس بە دەرەوە نییە هاژە هاژی بایەکە هێندەتر بەردەم سۆباکە قەرەباڵغتر دەکا..
    ئەرێ کچم مینا باوکی باران وتی لەم ڕۆژانەیا دێینە داوای، هاواری کرد ئای! لەو هەمووە دڵخۆشیە ماچ لە گۆنای خوشکەکانی دەکا. هێندە دڵخۆشە دەپڕژێتە سەر ستارە و دەڵێ: دە وەرە تۆش شووێک بکە، هەتاکەی چاوەڕوانی خوسرەو دەکەیت، بەدوای چوان مەچۆ، بۆ ئەو جوانیەت دەدەیت بە با کچێکی، وەک تۆ جوان لەکوێی ئەم زەمەنەیا هەڵدەکەوێ.. حەیران کچێکی کەڵەگەتی، وەک تۆ ئاوا بمێنیتەوە بەو هەمووە خەمەوە دەبێتە چۆلەکە، وەرن سێ قۆڵی شوو بە کوڕەکانی مامە عەزیز دەکەین..
    ستارە: کەسی نەدۆزیەوە مناڵانی مام عەزیزە ڕیخن نەبێت، کچم شوو بەوانە بکەین دەبێت ڕیخ بخۆین،
    دایکی: ڕیخ بخۆیت باشترە لەوەی خەم بخۆیت!
    حەیران دەمی، وەک تیمساح لە دایکی دەکاتەوە ئەرێ وازبێنن کارتان بە کاری ئێمەوە چییە من و ستارە شوو ناکەین هەتا ماوین چاوەڕێی بەهرام و خوسرەو دەکەین خوام دەکرد تۆش شوویەکت دەکرد ئێمەت بەتەنیا بەجێدەهێشت..
    ئەو نا نەجیبەش بۆخۆی چووە
    بن کڵێشەی بارانە ڕەشە گرگنەوە خەریکە دێنە داوای بۆیە قسەی لە تێری دێ،
    مینا: دوو بست لە حەیران دوور دەکەوێتەوە ئێ وەڵا خانم حەسوودی نەبێت چییە؟ برژانگت هەڵنایەو چاوت نایبینێ بارانی من چەن جوانە چما لەو دێیە پیاوی وا جوانتری لێیە،
    حەیران: دایکە مینا فسقل کوێرە وادەزانی هەموو شتێ شوو کردنە نا باوکم نا هاکا بەهرامی من لەدەرگای داو بە سەیارەیەکی ئاخیر مۆدێل و یەک دونیا گوڵ و قاتێکی کەشخەوە گەڕایەوە!
    دایکە لەیلای دەڵێ: وەڵا کچم لادێیی ئەم شتانە نازانن،
    ئاخیر مۆدێلی سەیارە بێنێتە نێو ئەم هەموو قوڕو چڵپاوە دەبێتە لادە، هەر مناڵی لادێکە دەیخۆن!
    حەیران لە خەمی قسەکانی دایکی دەڵێ; مینا هەتا ماوی دەبێت بۆن ڕیخت لێبێت شەرتبێ، کە ڕۆشتی هەتا خۆت نەشۆیت نەهێڵم قاچ بخەیتەوە ئەم ماڵە،
    کات درەنگی کردووە هەموویان دەچنە ژێر لێفەکانیانەوە هەر یەکێیان بە داغی کەسێکەوە بەدبەختی گەرویانی گرتووە،
    مینا چاوی چاوەڕوانی چۆن بخەوێنێ تا ڕۆژ ببێتەوە بارانی ئازیزی ببینێ!
    لێ لە کۆتاییا هەموویان بە دڵتەنگیەوە خەو دەیانباتەوە،
    بەیانی خەبەریان دەبێتەوە کۆڵان پڕە لە هات و هاوار پڕە لە گریان و باوکە ڕۆ..
    ستارە ئەوەڵ کەس بەرەو ڕووی دەرگاکە ڕادەکا دەرگاکە دەکاتەوە دونیا سیا پۆش بووە تەرمێک لەنێو ماشێنەکە بێ ڕۆح کەووتوە
    بەرەو ڕووی تەرمەکە ڕادەکا خێرا بەتانیەکە لادەبات..
    ڕادەکاتەوە ژورێ تووند مینا دەگوشێ بە سنگیەوەو
    دەڵێ: خۆ من پێم وتی ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن!
    چی چی یانی چی ئەو قسەیە!
    مینا لە بێ ئۆقرەییان نازانێ هانا بۆ کوێ بەرێ!
    تووندتر مینا دەگوشێ بەخۆیەوە
    ئەزیزم بارانی تۆش ڕۆشت ئیدی هەرگیز باران بەسەر ژیانت داناکا!
    وای بمرم بۆ مینای بچکۆلانە بمرم!!
    مینا لەنێو باوەشی ستارە شل دەبێ و دەکەوێتە سەر زەوی بەڵام هەرگیز، وەک دایکی و حەیران و ستارە بێ وەفا نەبوو..
    لەگەڵ بیستنی مەرگی باران ئەویش ڕۆحی لەلاشە جیا دەبێتەوەو بەدوای ڕۆحی باران ئاسمانەکان تەی دەکا،
    بەڵێ ئەزیزم ڕاستە، کە ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن
    بەڵام کێ دەزانێ ئێستا باران و مینا بەیەک نەگەیشتوون!

    حەمەی لەیلا
    (ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن)
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ئاشقان هەرگیز بەیەک ناگەن Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top