• نوێ

    کارگە و میکمیکەکانی وەرگێڕان

    کارگە و میکمیکەکانی وەرگێڕان


    شێرکۆ بێکەس گوتبووی؛ بۆ ئەوەی گەڵایەک بنووسم، دارستانێک دەخوێنمەوە!
         وەرگێڕانیش جیاوازییەکی وای لەگەڵ خودی نووسیندا نییە، بۆ ئەوەی بە باشی کتێبێک وەربگێڕیت، لانیکەم پێویستیت بە خوێندنەوەی دە پازدە کتێبێک ھەیە؛ ھەم بۆ ئەوە زمانت دەمەزەرد بێتەوە، ھەم بۆ ئەوەی پانتایی زانیارییەکانت بەرفراوانتر بێت.
         من لە توانای نائاسایی ھەندێک «کەڵەوەرگێڕ»ی کورد سەرم سوڕ ماوە. مانگی یان دوو مانگ جارێک کتێبێکی ٥٠٠، ٦٠٠ و حەوتسەد لاپەڕەیی فڕێ دەدەنە کتێبخانەکانەوە! ھەر بە ڕاست ئەمانە چۆن وەردەگێڕن؟! نازانم چی بڵێم... باشە بە چەند ڕۆژ کتێبێکی ٦٠٠لاپەڕەیی دەخوێننەوە؟ نا... بە چەند کاتژمێر!؟ نا... بە چەند خولەک!؟ نا... بە چەند چرکە!؟
         بیر دەکەمەوە: بۆ ئەوە بە جددی و وردی کتێبێکی ٦٠٠ لاپەڕەیی بخوێنیتەوە؛ بەتایبەت بۆ ئەوە وەری بگێڕیت، حەفتەیەک کاتت پێویستە. ئاخر تۆ بەدەم خوێندنەوەوە، پێویستە سەرنجت لەسەر شێوازی نووسین، پەیامی نووسەر، شێوازی داڕشتنی ڕووداو، چۆنییەتیی دابەشکردنی کات و تایبەتمەندی و زمانی کەسایەتییەکان و خودی گێڕەوەرەوە ھەبێت. باشە وەھا خوێندنەوەیەک چۆن بە ڕۆژ و دوو ڕۆژ دەکرێت؟! بیر دەکەمەوە: پێداچوونەوەی کتێبێکی وەرگێڕراوی ٦٠٠لاپەڕەیی، پێویستیی یەک حەفتەی تەواو ھەیە. یانی ئێوە بە مانگونیوێک ٦٠٠لاپەڕە وەردەگێڕن!؟ بە ڕاستی ھەر بژین ئێوەی کارگە و میکمیکەکانی وەرگێڕان!
         یان... نەکا ئێوە ئەسڵەن ھەر بەدەم خوێندنەوەوە وەربگێڕن!؟ کورە وا نەڵێن ئاخر!... یانی سەرەتا وەک خوێنەرێک کتێبەکە نەخوێننەوە و ھیچ لێکدانەوەیەکی تایبەتیتان بۆی نەبێت! بیر لەوە نەکەنەوە کە ئەم کتێبە، تا چەندە بە کەڵکی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگەی ئێمە دێت؟! نەکا بچن تەنیا سەر بەرگەکان بخوێننەوە و لەسەر ھەرکامێکیان نووسرابوو «براوەی خەڵاتی فڵان»، «شاکاری فیسارە کەس» و «پڕفرۆش»، ئیدی قۆڵی بلیمەتانەی لێ ھەڵبماڵن و دەرخواردی ئێمەی داماوی بدەن!؟ ئاخر لەوە زیاتر مەیشێوێنن...
         باشە پرسیارێکی دی: ئەرێ ئێوە ئەسڵەن ھەر لە بنەڕەتدا خۆتان خوێنەرن؟! یانی... مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە بۆ خۆتان کتێب دەخوێننەوە؟ بڕواتان بە کتێب و خوێندنەوە ھەیە؟ با بڵێین ھەتانە. باشە، ئەی ساڵی چەند کتێب دەخوێننەوە؟ ١؟، ٢ یان سێ!؟ ھەرچی سەر دەھێنم و دەبەم، بەدەر لەو کتێبانەی کە وەریان دەگێڕن، تەنانەت، نەک ھەر یەک لاپەڕەی ناو کتێبێکی دی، بگرە لافیتەی سەر دیوارێک و تابلۆی بان دەرگەی دوکانێکیش ناخوێننەوە! باشە ئێوە چین بۆ خاتری خوا!؟ ئەوە بەختیار عەلی چاوی بەم دۆخە کەوتووە کە لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکاندا دەڵێت: «ژمارەی ئەو کتێبانەی کە وەریان دەگێڕن، لە ژمارەی ئەو کتێبانە زیاترە کە دەیانخوێننەوە!».
         من چوار ساڵە کار دەکەم و تا ئێستە، ٨ کتێبی وەرگێڕراوم ھەن و لە چواریان پەشیمانم! ئاخر ئەوسا ئەزموونێکی ئەوتۆم نەبوو و کەسانێکیش نەبوون وەک پێویست یارمەتیم بدەن. یانی ھەندێک جار شەرم لەو چوار کتێبەم دەکەم، گەرچی ھاوڕێیان دەیانخوێننەوە کەمتازۆر پەسەندیشیان دەکەن، گەر بشزانم ھاوڕێیەک خەریکی خوێندنەوەیانە، پێشەکی داوای لێبوردنی لێ دەکەم. دەمەوێ بڵێم لێرە پێوەری دەرکەوتن و پێشکەوتن؛ زۆری و بۆرییە، ڕەنگە ڕێک بە پێچەوانەی ھەموو نەتەوەکانی دیکەی دونیاوە. وەلێ ئەم کەڵەوەرگێڕانە عاشقی ئەوەن ڕۆژێک دابێت، بمرن و لەسەر شاشەی تیڤییەک بنووسرێت:
         «بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە؛ فڵانە وەرگێڕی مەزن کە خاوەنی «٥٠٠» کتێبی وەرگێڕراوە، ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.»!
         من دەمێکە پێوەرێکی دیکەشم بۆ ھەڵسەنگاندنی کتێبی وەرگێڕان ھەیە، ئەویش ژمارەی ئەو کتێبانەیە کە لە ساڵێکدا وەریان دەگێڕن. بە ھەموو شێوەیەک کتێبی کارگە و میکمیکەکانی وەرگێڕان لای من بایکۆتە.
    نووسینی:کەیوان هەورامی
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کارگە و میکمیکەکانی وەرگێڕان Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top