• نوێ

    لێهاتوویی له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌

    لێهاتوویی له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌


    دوای 37 ساڵ له‌ هاوسه‌رگیری، له‌به‌ر خاتری سكرتێره‌كه‌ی، وازی له‌ ژنه‌كه‌ی هێناو و جیا بوونه‌وه‌. خانمی شۆخوشه‌نگی سكرتێر داوای لێ كرد ده‌بێ پێکەوه‌ بژین، بۆیە ده‌بوو "دیس"ی هاوسه‌ری كۆنی جيك، ماڵه‌كه‌ به‌جێ بهێڵێ. جیك پێی گوت، له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژدا، هه‌موو شته‌كانی خۆت كۆ بكه‌ره‌وه‌ و جێی بهێڵه‌، چونكه‌ په‌له‌مه‌. ماڵه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆشكێكی گه‌وره‌.

    هه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌م، دیس توانی كه‌ره‌سته‌كانی كۆ بكاته‌وه‌ و له‌ ڕۆژی دووه‌م كۆمپانیایه‌ك جانتاكانی بۆ گواسته‌وه‌. ڕۆژی سێیه‌می ته‌رخان كرد بۆ دوایین ماڵئاوایی له‌ ماڵه‌كه‌ی كه‌ هه‌موو دیكۆره‌كه‌ی به‌ حه‌زی خۆی ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ ڕازاندووه‌ته‌وه‌. دوایین ژه‌می له‌سه‌ر مێزی نانخواردنه‌كه‌ زۆر به‌هێمی خوارد. هه‌مان ئه‌و قه‌وانه‌ میوزیكه‌ی پێی خۆشه‌ له‌كاتی داوه‌ته‌كاندا لێی بدات، خستییه‌ سه‌ری و خوانه‌ تایبه‌ته‌كه‌شی ئاماده‌ كرد. بریتییه‌ له‌ خواردنی ده‌ریایی وه‌ك ڕۆبیان و كافیار. ئێسك و هه‌ناو و پاشماوه‌ی خواردنه‌ ده‌ریایییه‌كانی به‌شبه‌ش كرد و له‌ناو بۆریی هه‌ڵواسینی په‌رده‌ی هه‌موو ژووره‌كاندا، هه‌ر دانه‌یه‌ و پارچه‌یه‌كی خسته‌ ناوه‌وه‌، بەشێوەیەک هه‌ستی پێ نه‌كرێ.

    جیك و خانمی نوێی شۆخوشه‌نگ هاتنه‌ ناو كۆشكه‌كه‌ و تا چه‌ند ڕۆژێك هه‌موو شتێك ئاسایی بوو. ورده‌ ورده‌ بۆگه‌نێكی ناخۆش په‌یدا بوو. هه‌وڵیان دا ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌سته‌ پاكی بكه‌نه‌وه‌ و زه‌وییه‌كه‌ بسڕن و پشكنینیان بۆ هه‌موو شتێك كرد، به‌ڵام سوودی نییه‌، ڕۆژ ده‌ڕوا و بۆگه‌ن هه‌ر وا زیاد ده‌كات. ماڵه‌كه‌ پڕ كرا له‌ گوڵاو، هه‌ر بۆن نه‌ڕۆی، بگره‌ تا دێ زیاتر ده‌بێ و مرۆڤ كاس ده‌كات.

    كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردنی مێروو ماڵه‌كه‌ی پاك كرده‌وه‌، به‌ڵام هیچ شتێك ئه‌و بۆنه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌. فه‌رش گۆڕا، تاقمه‌كانی سه‌ری هه‌مووی گۆڕان، سوودی نییه‌. ته‌نانه‌ت وای لێ هات، كه‌س بێزی نه‌ده‌هات بچێته‌ ماڵیان و چه‌ند خزمه‌تكارێكیشیان هه‌بوو، ئه‌وانیش له‌ بێزاریدا ڕۆیشتن.

    دوای ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك نه‌ما بیگرنه‌ به‌ر، بڕیاریان دا كۆشكه‌كه‌ بفرۆشن و خانوویه‌كی دیكه‌ بكڕن. هه‌ركه‌س ده‌هاته‌ سه‌ری، له‌به‌ر بۆگه‌نه‌كه‌ نه‌یده‌كڕی، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌شیان بۆ نیوه‌ كه‌م كرده‌وه‌. به‌ ناچاری بڕیاریان دا قه‌رز له‌ بانك بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خانوویه‌كی پێ بكڕن، تا كۆشكه‌كه‌یان ده‌فرۆشرێ، ئاخر نه‌ده‌كرا چیتر چاوه‌ڕێ بكه‌ن.

    دیس، ته‌له‌فۆنی بۆ هاوسه‌ری پێشووی كرد. جیك زۆر ترسا، ده‌یزانی بۆ ته‌واوكردنی مافه‌ یاسایییه‌كانه‌ و ئه‌ویش له‌م كاته‌دا پاره‌ی پێ نییه‌. دیس هیچی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌گوت. زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ هه‌واڵی پرسی و هیوای ژیانێكی باشتری بۆ خواست. جیك، كاتێك نیازپاكیی ژنه‌ كۆنه‌كه‌ی هه‌ست پێ كرد، چیرۆكه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش زۆر به‌ هێمنی و دڵسۆزانه‌ كه‌ به‌شداریی خه‌مییه‌تی، گوێی بۆ ده‌گرت.

    جیك پێی گوت تۆ چی ده‌كه‌ی؟ دیس گوتی وه‌ڵا هه‌موو شتێك وه‌ك خۆیه‌تی و باشم، به‌ڵام بیری خانووه‌ كۆنه‌كه‌م ده‌كه‌م، چوومه‌ته‌ هه‌ر شوێنێك ئۆقره‌ ناگرم. پێی گوت، ئه‌گه‌ر پێت خۆش بێت، من له‌ هه‌موو مافێكی جیابوونه‌وه‌ خۆش ده‌بم، كۆشكه‌كه‌م بده‌رێ. ته‌نیا بیناشم ده‌وێ، ناوماڵه‌كه‌ی هه‌مووی ببه‌. خۆی ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا ده‌یكه‌وت، ده‌یكرده‌ 10%ی نرخی كۆشكه‌كه‌، به‌ڵام جیك ڕازی بوو. له‌ ناخیشه‌وه‌ زۆر خۆی به‌ قازانجكردوو ده‌زانی، بۆیه‌ پێی گوت، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر ده‌بێ ئه‌مڕۆ واژووی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كا بچێته‌ ناو ماڵه‌كه‌ و له‌به‌ر بۆگه‌ن په‌شیمان ببێته‌وه‌.

    پارێزه‌ر هات و هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی ڕۆیشت و خانووه‌كه‌ كرا به‌ناوی دیسه‌وه‌. دوای هه‌فته‌یه‌ك، كۆمپانیایه‌ك هات و هه‌موو شته‌كانی ماڵه‌كه‌ی گواسته‌وه‌. جیك و ژنه‌ تازه‌كه‌شی پێكه‌نینی گه‌مژانه‌یان به‌ دیس ده‌هات. كاتێك ده‌ڵێین هه‌موو شتی گواسته‌وه‌، واته‌ بۆریی په‌رده‌كانیش هه‌مووی گواسترانه‌وه‌.

    له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، بۆن له‌ كۆشكی دیس نه‌ما و گواسترایه‌وه‌ بۆ ماڵی جیك.

    ئه‌مه‌ چیرۆكێكی ڕاستییه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنی دیسكه‌ڤه‌ری كه‌ له‌گه‌ڵ دیس كردبووی، گێڕایه‌وه‌. ناوی به‌رنامه‌كه‌ بریتی بوو له‌ "لێهاتوویی له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌".

    #كوردۆ_شابان #kurdo_shaban
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: لێهاتوویی له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top