مه‌زڵوم كۆبانێ: بانگهێشتكردنی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده بۆ ناو سوپای سوریا قبوڵ ناكه‌ین
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند، بانگهێشتكردنی شه‌ڕڤانانیان بۆ ناو سوپای سوریا قبوڵناكه‌ن ورهتیدهكهنهوه.
وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگریی و ناوخۆی سوریا بانگهێشتی هێزه‌كانی سوپای سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) و هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان ده‌كەن بچنه نێو ریزی سوپا و پۆلیسی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشه‌كانی توركیا.
مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له تویتێكدا ئه‌مشه‌و له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و داوایه‌وه رایگه‌یاندووه، "پێشوازیی لە داواکەی سوپای سوریا بۆ تێکەڵبوونەوەی تاکەکەسی ناکەین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه".
مەزڵووم کۆبانێ دەشڵێت، "پارێزگاریی لە تایبەتمەندی هەسەدە بکرێت و هەسەدە بەشێک بێت لە دامەزراوەی بەرگریی".
هاوكات فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه، "هێزه‌كانی هه‌سه‌ده دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیی خاوه‌ن دیسپلین و تۆكمه‌ی سه‌ربازیین و له‌بری سووریا و هه‌موو جیهان بهرگریكردووه و دژی داعش جه‌نگاوه و خەلافهتیان تێكشكاندووه".
هه‌سه‌ده ره‌خنه‌ی توند له وه‌زاره‌تی به‌رگریی سووریا ده‌گرێت و ده‌ڵێت، "ده‌بوو بانگهێشتی فه‌رمانده‌یی گشتیی بكردایه نەوەك شه‌ڕڤانانی و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه بانگه‌شه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه بێت بڕیاری لێبووردن بۆ تاوانباران و تیرۆریستان ده‌رده‌كه‌ن".