• نوێ

    کوردستان بە«یەکێتی»ەوە جوانە!

    کوردستان بە«یەکێتی»ەوە جوانە!


    بە درێژایی مێژووی دروستبونی یەکێتی«ی ن ک»ھەموو مناوەرە و دەست تێکەڵکردنەکانی لەگەڵ ئەم و ئەو، بۆ ئەوە بووە دەستەڵات لە پارتی«پ د ک»وەر بگرێتەوە یان ببێتە شەریکی فیعلی لەگەڵیدا، ھەر بۆیە ھەر کات ھەستی بە لاسەنگبوونی باڵانسی نێوان خۆی و پارتی کردبێت، ئیتر کەتنێکی داوە تا بە پارتی بڵێت: ئەگەر من نەبم، تۆش نابیت، ئەھا ڕێک وەک پەندە تورکمانییەکە دەڵێت: یا ئوین لرەم، یا زیف لرەم!

    تا پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتی شەریکە دزبوون دەستنوێژیان لە پارتی نەدەشکا، ئێستا ئەو بەشەکەی کەمە ئیتر دەیەوێت کەس خاوەنی ھیچ نەبێت، ھەموو کەس و لایەنێک لەوە تێبگات کوردستان بە«یەکێتی»وە جوانە نەک ھەمووان بە کوردستانەوە جوان بن!

    یەکێتی لەدووای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی لە ساڵی 2003ویستی ئیدارەی سلێمانی لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، دواتر لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا مۆزەمۆزی ئەوەی ھەبووە و بۆی نەچووەتە سەر، 16ی ئوکتوبەری کرد بە مرازی ھەرێمی سەربەخۆ، بەڵام ئیدارەی سەربەخۆیشی پێنەبڕا، لە ھەڵبژاردنی ئەم دوواییەش زۆر خۆی ڕاوەشاند و حەولیدا بەڵام دیسان بۆی نەچووە سەر، دەی بە ئاواتی ئەوەوەم یەکێتی بتوانێت ئەوە بکات کە دەیەوێت، بڕیاری پارتییش لای من بوایە سێ بەردم بە دووایدا ھەڵئەدا، بەڵام دەی نە پارتی ئەوە دەکات و نە ئەمریکاش ڕێ بەو کارە دەدات!

    خۆ ئەوان باش دەزانن ھەرێمی سەر بەخۆ یان ئیدارەی سەربەخۆ مەحاڵە، ئەمریکا لە تەنگانەترین قۆناخی ھەرێم و پارتیدا وتی: ھەرێمێکی بە ھێزمان دەوێت لە ناو عێراقدا! لە ھەڵبژاردنی ئەم دوواییەش پارتی دروشمی«کوردستانێکی بە ھێز»ی بەرز کردبوویەوە! دەی زۆر باش لەوە تێدەگەن پارتی ئەگەر دروشمێکی بەرز کردەوە تەنھا بۆ ڕاگەیاندن نییە، وەک ئەوان بۆ لێخوڕینی عەوام نییە، بەڵکو بۆ کردارە و کوردستانە بە ھێزەکەی پارتی و ھەرێمە بە ھێزەکەی ئەمریکا لە ژێر یەک چادردا نوسراون! کەچی ھێشتا ھەر ھەوڵ ئەدەن گوایە ئەگەر یەکڕیزی بە زۆر نەکرێت، خۆ شەریکی بە زۆر دەکرێت!

    شیڕەشیڕی ئەمجارەشیان کە بە ناوی تەعدیلی دەستوورە، ھەر بۆ ھەمان شتە، بە گوێی پارتییدا ئەدەن یان ڕازی دەبیت شەریک بین، یان ئەوەتا لە ناو دەستووری نوێدا«سلێمانی و ھەڵەبجە»دەکەینە ھەرێم بۆ خۆمان و دوواتریش وردەوردە«ھەولێر و دھۆک»یشتان لە بندەست دەردەھێنین!

    یەکڕیزی بە بێ دەستەڵاتێکی دەستووری و سەربازی جگە لە شیعر و پەخشانی  سیاسی ھیچی تر نییە، ئەوەی دەڵێت: وا نییە ھیچ لە سیاسەت تێنەگەشتووە! یەکیەتی سۆڤیەتی پێشو کە دەستەڵاتی نەما، ڕیزەکەی 15ڕیزی تر، پانزە دەوڵەتی لێ دروست بوو! پێویستە پارتی یان بیانکات بە شەریک و واز لە کوردستانی بە ھێز بێنێت، یان  لەگەڵ ئەمریکاییەکان لەم بارەیەوە قسە بکات تا بە جیددی بێنە سەرخەت، یان ئەوەتا با ئەوان بڕۆن و ھەولێر و دھۆک بە ھێز بکات، یانیش مەیدانییەن کار بۆ ڕاوەستاندنیان بکات و ھەرێم وەک ئەوەی خۆی دەڵێت: ھەرێمێکی بە ھێز لە ناو عێراقدا دروست بکات .
    نووسینی:لقمان بیارەیی

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کوردستان بە«یەکێتی»ەوە جوانە! Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top