خۆپیشاندانەکانی عێراق و پیلانەکانی ڕژێمی ئێران
بەردەوامبونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دژی گەندەڵی و سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتە گەیشتووەتە لوتکە بە جۆرێک خۆپیشاندەرانی عێراقی لە دروشمەکانیاندا لە کۆی پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیان ناڕازین و پێیان وایە ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە گەڕاونەتەوە و حکومڕانی دەوڵەتی عێراقیان گرتووەتە دەست زۆرینەیان هەر لە بنەمادا گەندەڵکاربونە و عێراقیان غەرقی گەندەڵی ئیداری، وێرانەی شەڕ، و ململانێی تایفی و مەزهەبی کردووە.
لەسەردەمی ڕژێمی صەدام حسێن دیکتاتۆریەت و زڵم و نادادپەروەری هەبووە لەگەڵ شەڕە بەردەوامەکانی ڕژێمەکەی صەدام لە ماوەی حوکمڕانیدا هەشت ساڵ شەڕی عێراق-ئێران، دواتر هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، جگە لەوەش عێراق کۆمەڵێک قۆناغی سەختی گەمارۆدراوی داڕوخاو لە ڕووی ئەبورییەوە بەخۆیەوە بینیی لەو سەردەمەدا.
بەڵام هیچ ساڵێکی سەردەمی حوکمڕانی ڕژێمی بەعس بە هەموو دیکتاتۆریەت و خراپەکاریەکانیەوە وەکو سەردەمی ئەو شانزە ساڵەی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ خراپ و وێرانە نەبووە. بەو جۆرەی کە عێراق لە ماوەی ئەو شانزە ساڵەدا غەرقی گەندەڵی ئیداری، داڕوخانی ئابوری، شەڕی داعش، و ململانێی تایفی و مەزهەبی، بووەتەوە.
بە ڕوخانی ڕژێمەکەی صەدام حسێن لە ساڵی٢٠٠٣ لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بووە هۆی فراوان بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕژێمی ئێران بە ڕاکێشانی هەست و سۆزی مەزهەبی شیعەکانی عێراق بە بەرنامە داڕێژراوی پێشوەختە هاوشێوەی وڵاتی لبنان عێراقی کردە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی وڵاتەکەی لە بەرامبەر وڵاتە دژبەرەکانی وەکو سعودیە و ئەمەریکا و هتد ..لە ناوچەکەدا بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆژەی هیلالی شیعی، کە هێشتاش تاران کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکات.
ئێستا گەلی عێراق ئەوەندەی قوربانی دەستی ڕژێمی ئێرانە ئەوەندە لە ڕابردوودا زیانی بەدەست ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتەکەی خۆی نەبینیوە. دەرئەنجامی ئەمەش سیاسەتە هەڵەکانی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەیە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ئێران و وڵاتانی ئەوروپا گەڕانەوە بۆ عێراق و جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست.
سەرەتای سەرهەڵدانی شەپولی ناڕەزایەتیەکان لە عێراق لە ساڵانی ٢٠١٣و ٢٠١٤ لە ناوچە سوننە نشینەکان دەستیپێکرد.. ئەوەش بەهۆی پەراوێزخستنیانەوە بوو لە لایەن زۆرینەی شیعە لە حۆکمڕانی عێراقدا. بەتایبەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی دوخولی چوار ساڵەی نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق. سوننەکان لەوکاتەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی شیعەوە بەوە تۆمەتبار دەکران کە گوایا ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن لە ناوچە سوننە نشینەکان سەربە حیزبی بەعسی لەکار لادراون و ئینتیمایان بۆ ڕێکخراوی داعش هەیە. بەو جۆرە دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە لە بەغدا بە زەبری سەرکوتکردن کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکانی ناوچە سوننە نشینەکان هێنا. دواتر زۆربەی ناوچە سوننە نشینەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعش و بووە پاشماوەی وێرانەی شەڕو ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە. بەهۆی وێرانبونی ناوچەکانیان و هەڕەشەی گروپە چەکدارە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشێکی زۆری ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.
دوا بەدوای دەربڕینی ناڕەزایەتی عەرەبە سوننەکان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی پێکهاتەی عەرەبی شیعە کە جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەستە لە ناوەڕاست و ناوچەکانی باشووری عێراق دژی گەندەڵی و نادادپەروەری لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥وە سەریهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامە…و لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرکوتکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و میلیشیا چەکدارە شیعەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەپۆرت دەکرێن تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٨٠٠٠ هەزاریش برینداری لێکەوتووەتەوە.
ئەگەر چی سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی هاوشێوەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی کابینەی پێشوو چەندین جار چاکسازی جۆربەجۆری لە کابینەکەی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی قەناعەت بە خۆپیشاندەران بێنێت. بەڵام خۆپیشاندەرانی عێراقی وەک خۆیان لە دروشمەکانیاندا بەردەوام دوپاتیدەکەنەوە.. چی دیکە متمانەیان بەو حزب و لایەنە سیاسیانە نەماوە کەوا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام حسێن ماوەی زیاتر لە شانزە ساڵە عێراقیان توشی کاولکاری و غەرقی گەندەڵی کردووە.
داواکارییەکی دیکەی بنەڕەتی خۆپیشاندەرانی عێراقی دەرکردنی رژێمی ئێرانە لە وڵاتەکەیان. ئەوان دەڵێن هۆکاری سەرەکی گەندەڵی، کاولکاری و سەرجەم قەیرانە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق هەبونی هەژموونی ڕژێمی ئێرانە لە وڵاتەکەمان.
بێ متمانەی عێراقیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەشت ساڵ حۆکمڕانی نوری مالکی لە ٢٠٠٦ وە تاوەکو ٢٠١٤، هەروەها چوار ساڵی حوکمڕانی حەیدەر عەبادی لە ٢٠١٤وە بۆ ٢٠١٨. هەر بۆیە لە ماوەی ئەو ساڵانەی حوکمڕانیدا لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرەتا متمانەی پێکهاتەی عەرەبی سوننە یان لە دەستدا. دواتریش متمانەی پێکهاتەی عەرەبی شیعە یان لە دەستدا.
هەرچی سەبارەت بە (کورد) کە وەکو نەتەوەیەکی هاوبەش و سەرەکی لە عێراق دانی پێداندراوە بە پێی دەستوری نوێی پەسەندکراوی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥وە باکوری عێراق وەکو ناوچەی هەرێمی کوردستانی-عێراق دەستنیشانکراوە و کوردەکان لە چوارچێوەی حوکمەتێکی فیدراڵیدا خۆیان بەڕێوە دەبن بەڵام ناڕازی بونی ئەوانیش کەم نیە.
دەسەڵاتی کوردی لە ناوچەی هەرێمی کوردستانی-عێراق زۆرجار حکومەتی ناوەندی بە حکومەتێکی تاکڕەو و تایفی و مەزهەبی ناوزەد کردووە و پێیی وایە بەهۆی سیاسەتی تاکڕەوانەی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا هێشتا زۆربەی زۆری ماددە دەستوریەکان لە دەستوری عێراق نەچونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش قەیرانەکانی ناوخۆی عێراقی زیاتر و زیاتر بەسەر یەکەوە کەڵەکە کردوە.
پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراقدا لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان جێگیر نیە. بەڵام تاران بەردەوام لەسەر هێڵە و لە ڕێگەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی تیرۆریستی ئێران هەوڵی سەرکوتکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دەدات. لە لایەکی دیکەشەوە تاران هەوڵدەدات بە هەموو شێوەیەک زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی ڕازیبکات بۆ پشتگیری لە مانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی. چونکە زەنگی ئەمجارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەژموونە فراوانەی ڕژێمی تاران لە عێراق و ناوچەکە بە گشتیی.
بۆیە بە هەڵوەشانەوەی کابینەکەی عەبدلمەهدی و بەردەوامی لە دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان لە شەقامی عێراقی بەو وێنەیەی کە بەردەوامە.. ڕژێمی ئێران پیلانی هەیە لە ڕێگەی گروپە میلیشیا شیعە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و حیزب و لایەن نزیکەکانی دیکەی شیعەی عێراق نزیک لە ئێران لە نێویاندا سەرکردەی دیاری شیعەکان موقتەدا سەدر عێراق پلکێشبکات بۆ شەڕێکی ناوخۆی هاوشێوەی سوریا و یەمەن بەڵام هێشتاش تاران هەموو هەوڵێک دەدات کار نەگاتە ئەوەی بەرژەوەندیەکانی بکەونە بەر مەترسی لەناوچوون و عێراق هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی لێبێت. ئێران لە ئێستادا دەستیکردووە بە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو سەرکردە شیعە ناڕازیانەی عێراق کەوا دژی بەرژەوەندیەکانی تاران دەوەستنەوە. حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی کابینەی پێشوو لە ماڵەکەی خۆیدا و لە ناوچەی سەوزی بەغدا لە هەوڵێکی تیرۆرکردنیدا بە هاوکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕزگاری بوو. دەگوترێت بە فەرمانی تیرۆریست قاسم سلێمانی پیلانی تیرۆرکردنەکەی بۆ داڕێژرابوو. هەوڵی تیرۆرکردنی عەبادی پەیامێکی رژێمی ئێرانە بە گوێی هەموو سەرکردە ناڕازیەکانی شیعەی عێراق تەنانەت.
لەو کاتەوەی ڕژێمی پێشووی عێڕاق لەسەر کار لادراوە گوێمان لە زۆر فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان لە نەجەف بووە سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی ناوخۆی عێراق بەڵام کاریگەری مەرجعیەتی نەجەف هیچ کات نەیتانیوە زاڵبێت بەسەر وتار و فەتواکانی مەرجەعی کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەئی لەسەر ڕەوشی سیاسیی ناوخۆی عێراق. زاڵبونی مەرجەعیەتی تاران بەسەر مەرجەعیەتی نەجەف وایکردووە زیاتر عێراق لە پڕۆژە چاکسازیەکانی ناوخۆدا و پڕۆسەی سیاسیی شکستبێنێت.
دۆخی عێراق سیاسیی عێراق بەرەو نادیار.. بۆ لێواری مەرگ.
نووسینی:بەهمەن حەسەن
نووسینی:بەهمەن حەسەن