• نوێ

    مەترسییەکان لەودیو سنوورەوە نین!

    مەترسییەکان لەودیو سنوورەوە نین!


                                                                      لوقمان بیارەیی

    ھەر کات نیشتیمان و نەتەوە بەشێک نەمان لە شانازییەکانی کۆمەڵگە و تاک، ئیتر کەمتەرخەمی و گەندەڵی سیستماتیک و نا سیستماتیک گەشە دەکات، بەرژەوەندی حیزبی و ناوچەگەرایی و ھۆزگەرایی و شەخصی، جێ بە ئینتیما بۆ نیشتیمان و نەتەوە لەق دەکەن، حیزبی گەورە حیزبی بچوک قووت دەدات، ناوچە و شار و ھۆزەکان مەیلی کەوتنی یەکتر دەکەن، کۆمەڵگە بە سەر حیزب و چینەکاندا دابەش دەبێت و ڕق دەکەوێتە نێوانیانەوە، دەستەڵاتدار بێدەستەڵات پەراوێز دەخات، ...ھتد

    کاتێک شۆڕش بە سەر خەلیفە«عوسمانی کوڕی عەففان»دا کرا، خۆ عوسمان خەلیفەیەکی خراپ نەبوو، بەڵکو بە خراپی لە ھەستی خەڵکدا چەسپا بوو، ئاخر ھەستیان دەکرد«عەلی کوڕی ئەبی تالیب»بوایە ژیانی ئەوان باشتر دەبو لە ژیانی ئێستایان! خۆ فەڕەنسییەکان شۆڕشیان بەرپا کرد ژیانیان لە ژیانی روسی و ئیسپانی و بەریتانیەکانیش خۆشتر بوو، بەڵام چونکە ھەستیان بە خراپی دەستەڵاتی وڵاتەکەیان کرد، ئیدی سیاسییەکان ئیدارەی ئەو ھەستەیاندا بۆ شۆڕش!
    ئەھا چەخماخەی بنەڕەتی گشت شۆڕشێک«ھەست»ە، ھەست کە خرۆشا بە خێرایی وەک طاعوون دەتەنێتەوە و بە خێراییش کاریگەری دروست دەکات، بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی خێرا ناسراوە، ڕونتر بڵێم شۆڕش بە تەنھا ئەوانە بەرپای ناکەن کە لە ژێر جەبری ناعەدالەتیدا دەتلێنەوە، بەڵکو ئەوانە بەرپای دەکەن کە ھەستی ناعەدالەتی لە ھزریاندا چەکەرە دەکات، مرۆڤ لە کاتی ھەستی خراپدا وەک بەنزینی ڕژاو وایە، تەنھا کەسێکی دەوێت ئاگرەکەی پێوە بنێت!

    واقیعەن ژیان لە کوردستان لە زۆر وڵاتی عەرەبی و دراوسێ خۆشتر و ئاسانترە، ئارامی و خزمەتگوزاری و ئازادی تاک و تەنانەت دیموکراسییش بە ڕادەیەکی بەرچاو فەراھەمن، بەڵام دەبینین شانازی بە نیشتیمان و نەتەوە وەک پێویست نییە، ئینتیما بە شێوەیەکی گشتی بۆ دۆزی سیاسی کە سوور دەشزانێت حەقە، بەڵام لاوازە، ئەمە بۆ وایە؟!
    چونکە تاک ھەست دەکات گرنگی پێنادرێت، ھەست دەکات ناعەدالەتی ئەگەر تا ئێستاش نەگەشتبێتە ئەو، ڕۆژێک ھەر دەگاتە گیانی ئەویش، ھەست دەکات نیشتیمان و نەتەوە خەریکە دەبێتە موڵکی بە ھێزەکان، دەستڕۆشتووەکان، گەورەکان، بۆیە پێیوایە مادەم دەبێت ئەوان خەم لە نیشتیمان و نەتەوە بخۆن نەک ئەو کە ھەست بە وجودی ناکرێت، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ھەست بە وابەستەبوونی خۆی ناکات بە نیشتیمانەوە!

    ھەست ئەگەر بەردەوام بە نەرێنی«نیگەتیڤ»لە ھزری کۆمەڵگە و تاکدا مایەوە، سەرئەنجام ئەگەر نەشتەقێتەوە ئەوا ھەر خودی بەردەوامبوونی ئەو نەرێنیە وەک طاعون ھێدی ھێدی جەستەی نیشتیمان و نەتەوە و دەستەڵاتەکەی دەخوات! ئاخر گەنجێک ئەو کاتەی پێویست بوو شۆڕشگێڕێک بێت لە شاخ، ئەو لە سکی دایکیدا بوو، دەی ئێستا کە لە سەر دەستی شۆڕشگێڕێکی دوێنێی شاخ فەرامۆشکراوە، تاوانی چییە و چۆن ھەستی ناخرۆشێت!
    بۆیە: پێویستە ناو و نیشانی چینەکان لە ناو دەزگا و دامەزراوە و گشت سلکەکانی ئەم وڵاتە خاڵی بکرێنەوە لە بە شەخصەنەکردن و میزاجیەت، بە پلانی درێژخایەن و کورتخایەن کار بۆ گێڕانەوەی بەھای کۆمەڵایەتی بکرێت کە دروستکردنی متمانەیە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا، زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەوەی تاک لە ڕێگەی بەھرە و تواناکانیەوە ھەست بەوە بکات بەشدار و ھاوبەشە لەم سیستمە، بە باش یان بە خراپ ئەو بەشێکە لێی!

    مەترسییەکان ئەوەندە لە ناوخۆی وڵاتن، ئەوەندە لەودیو سنوورەوە نین، زۆربەمان دەزانین چی دەگوزەرێت و بۆچی وا خەڵکێکی زۆر نیگەرانە، ڕاستییەکەی نیگەران نییە لە ژیان و ئازادی و خزمەتگوزاری وڵاتەکەی، نیگەرانیش نییە کام کەس و کام حیزب دەبنە دەستەڵاتدار، نیگەرانە چونکە ھەست دەکات خەریکە لە سەر بنەمای ناوچە و ھۆز و دیوەخان پلە و پێگەی مەعریفی، لێوەشاوەیی و ھاوڵاتیبوونی بۆ دادەنرێت، لە ناوخۆدا ئەو ھەستە نەرێنیە بڕەوێننەوە، متمانە دروست بکەنەوە و خەڵک ئاشت بکەنەوە تا ھەست بە بوون و بەشداری خۆی بکات، ئەوسا باکتان نەبێت لەو دوژمنەی کە لەودیو سنوورەوەیە .
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: مەترسییەکان لەودیو سنوورەوە نین! Rating: 5 Reviewed By: hataw magazin
    Scroll to Top