دادگایەکی میسری سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر پێنج کچە چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەپاند کە بەپێی ڕاگەیێندراوی دادگاکە ئەو کچانە ئاکاری کۆمەڵایەتی و گشتیی میسریان پێشێل کردووە.
ئەو پێنج کچە میسرییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەرییان هەبووە، دۆسییەکانیان ڕەوانەی دادگای تاوانی میسری کراون و لەوێ بۆ هەریەکەیان جگە لە سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بڕی 20 هەزار دۆلاریش وەک سزای دارایی لەسەر هەریەکەیان دانراوە.
دادگا دەڵێت:" ئەو کچانە بەها و دابە کۆمەڵایتەیەکانیان پێشێل کردووە و کاریگەری خراپیان لەسەر ڕەوشتی خێزانی میسرییەکان هەبووە دۆسیەی دادگاییکردنەکەش لەسەر چەند گرتە ڤیدیۆییەک بووە کە ئەو کچانە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بڵاویان کردوونەتەوە".
"حەنین حوسام" یەکێکە لەو کچانە و پێشووتر لە تیکتۆک و ئینستاگرام ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوای لە کچانی میسر کردووە ئەوانیش ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکەنەوە و لەو رێگەیەشەوە دەتوانن پارە پەیدا بکەن.
حەنین لە بەشی شوێنەواری زانکۆی قاهیرە خوێندکارە و لەگەڵ ئەو چوار کچەی دیکەدا بەردەوام لە تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایتییەکانی دیکە ڤیدیۆیان لەسەر ژیان و کچانی میسر بڵاوکردووەتەوە.
یەکێکی دیکە لە کچەکان ناوی "مەوەدە ئەدهەم"ـە بەوە تۆمەتبار کراوە کە لەکاتی قەدەغەی هاتووچۆدا هاتووەتە دەرەوە و ڕێنماییەکانی پێشێل کردووە و وێنەی نەشیاوی بڵاوکردووەتەوە.