• نوێ

    گەنجانی سلێمانی هاوکاری هەولێر دەکەن


    ژمارەیەک گەنجی چالاکوانی خۆبەخش، لەڕێگەی کەمپینێکەوە داوا لە ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی دەکەن وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی لەڕێگەی بەخشینی پلازمای خوێنەوە بەھانای شاری ھەولێرەوە بێن.

    بڵند فاتیح میڕاڵەیی، سەرپەرشتیاری کەمپینی مرۆڤ دۆستی ڕایگەیاند: "ڤایرۆسی تۆقێنەری کۆرۆنا بەشێوەیەکی چڕ و پڕ بەجیھاندا بڵاوبووەتەوە و ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئێمە وەکو کۆمەڵێک گەنجی چالاکوانی مەدەنی و خۆبەخش بەپێویستمان زانی کە ھەڵمەتی بەخشینی پلازمای خوێن بۆ ئەو نەخۆشانە ڕابگەیەنین کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بۆئەوەی ژیانی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە مردن ڕزگار بکەین".

    ھەروەھا ووتیشی: "ماوەی چەند ھەفتەیەکە ڤایرۆسی کۆرۆنا فشارێکی زۆری بۆ شاری ھەولێر دروست کردووە، ئێمە لەڕێگەی ئەم کەمپینەوە داوا لە خەڵکی شاری سلێمانی دەکەین وەک ئەرکێکی نیشتمانی بەدەم ھاونیشتمانیانی شاری ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بێن، بۆ ئەوەی بتوانین پلازمای خوێن ببەخشینە گەنجێکی کورد لە ئازارەکانی کۆرۆنا بپارێزین".

    ناوبراو وتیشی: "کەمپینەکەمان ماوەی سێ رۆژ بەردوام دەبێت، ئەم ژمارە تەلەفۆنەمان داناوە ھەر بەڕێزێک بیەوێت پلازمای خوێن ببەخشێت دەتوانێت لەڕێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان پێوەبکات ( ٠٧٥٠١٣٦٣٩٢٧)".

    ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕۆژی سێشەممە لە بانکی خوێنی سلێمانی پێشوازی لە بەھاناوە چوونەکەی دەکەین، ھەروەھا بە ھەماھەنگی وەزیری تەندروستی و بەھاوکاری وەزیری تەندروستی ئەمبوڵانسی تایبەت بە گواستنەوەی پلازمای خوێن دابین کراوە".

    بەپێی دوایین ئامارەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا ١٧٥٤٧ تووشبوو، ١٠٣٠٩ چاکبوونەوە و ٦٥٧ حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەھەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: گەنجانی سلێمانی هاوکاری هەولێر دەکەن Rating: 5 Reviewed By: لەلایەن دارین
    Scroll to Top