• نوێ

    کۆمــا


    "ماریای ئازیز"

    چاوەکانی دادەخست و دەگەڕایەوە کەنار دەریاکە. پارچە پارچە جلەکانی بەری دادەکەند . لەسەر لمی کەنارەکە لەناو ئەو بۆشاییەی کە لەناویدا دروست ببوو پاڵدەکەوت. شەپۆلی دەریاو نەوڕەسەکان ئاوێزان بەیەکتری ئاوازێکی دڵڕفێن بوون لەبەر گوێیەکانی. گەرمای هاوین دەنکۆڵە وردەکانی لمی کەنارەکەی گەرم داهێنابوو، ئەو گەرمیە دەیگەڕاندەوە بۆ سەردەمانی زوو. چاوەکانی دادەخست لەخۆی دەپرسی، کام سەردەم؟ ئەو ئاوازە بۆ ئەوەندە ئاشنایە ؟ لەخۆی دەپرسی، ئەرێ لەکوێدا دەستی پێکرد؟ لەکوێدا پانتایی بۆشاییەکەم زیادی کرد؟ ئەو پرسیارانەی تێدەپەڕاند و وێنای سەرەتای بوونی خۆی دەکرد، دەگەڕایەوە خاڵی سەرەتا، ئەوکاتەی تۆوێکی چکۆلە بوو، چووە سکی دایکیەوە و دایکی لەبەر کچ بوونی دەیویست لەباری بەرێت.

    دەگەڕێتەوە سەرەتای پێگەیشتنی، ترساندنی ئەو لەلایەن باوکی لەگوناح، وەڵامە تۆقێنەرەکانی لەبارەی ژیان و پرسیاری دوای مردن، کە بەتەواوی لەبیری ماوە کاتێک بە نەزانی بە باوکی وت لە دۆزەخ ناترسێت چۆن بەرزی کردەوە  بۆ سەر ئاگری تەنورەکە، بۆ ئەوەی ترسناکی دۆزەخی پێشان بدات، کە ئێستاش مووەکانی جەستەی گرژ دەبن کاتێک وەبیری دێتەوە. ماچ و ئامێزی دایکی و خۆشویستن و گرنگی پێدانی، ئەو هەستەبوو هەرگیز پێی نەگەیشت بوو. ئەوەی لەدایکی بووە بەیادگاری لە یادگەی ئەودا قسە ڕەق و دڵشکێنەکانی بوو، کە هەمووکات ڕقێک بوو بەسەر ئەویدا دەڕشت لەبەر ئەو ڕەخنانەی لێی ئەگیرا لەهەمبەر هەبوونی کچێک.
    تەمەنی هەرزەکاری و هەوڵدانەکانی بۆ خۆکوژی کەخۆیشی نەیدەزانی بۆچی خۆکوژی بەچارەسەر زانیوە، یاخود قبوڵ نەکردنی خودی ئەو لەلایەن دەورو بەری، دەکرێت  لەوکاتەدا دەستی پێ کرد بێت، کاتێک پەیوەندیە سۆزداریە یەک لەدوای یەکە ناسەرکەوتووەکانی دروست کرد، کە تەنها چێژێکی سێکسی کاتی لێیانەوە بەدەست دەهێنا، دواتر شکست و شکانەوەی کەسێتی و تەنهایی زیاتری پێدەبەخشی.
    دەکرێت لەوکاتەوە دەستی پێکردبێت کاتێک بڕیاری بونیادنانی جیهانێکی تایبەت بەخۆیدا، بەڵام نەک نەیتوانی بەڵکو شکستی هێناو زیاتریش ون بوو،  یان ئەوکاتەی ناچاربوو دەمامک بپۆشێت وکەسایەتیە شەیتانیەکەی لەژێر دەموچاوێکی ساویلکەی خەندەدار و هەزەلی بشارێتەوە.
    دەکرێت لەوێوە دەستی پێکردبێت، کە بۆ پاراستنی ژیانی ڕای دەکرد بەڵام بەپێچەوانەی ئاڕاستە، یان لەوێوە ئەوکاتەی کە ویستی وازبێنێت لە ڕووپۆشەکەی و بەهەمووان پێشان بدات کە ئەو کێیە و چییە، بەڵام هەرزوو ڕەتکرایەوە، وەلاوەنرا و خۆشنەویسترا، ناچار بە پۆشینەوەی ماسکەکەی بوویەوە، یان ئەوکاتەی دونیا تەواو بەرتەسک ببوویەوە، ئاواتەکانی دەچوونەوە یەک بەڕادەیەک گەورەترین خەونی ژیانی بوو بە شایەدبوونی خۆرهەڵاتنی بەرەبەیان و نەمانی ترس لە ئاشکرا بوونی کەسایەتی ڕاستی ئەو.

    خودی ئەو کێ بوو ؟ ئەو نەیدەزانی لەکام بەشی "بوونەوە بەخۆم" تێنەگەیشت بوو کە بەئێرە گەیشتوە ئێستا، ئایە خۆی دەیزانی چی دەوێت و چی دەویست؟ خاسیەتی ئەو بەتاڵیە چیە لەودا دروست بووە؟ گەردوون وا خوڵقاوە هەموو بەتاڵی و بۆشاییەک شتێک هەیە پڕی دەکاتەوە، ئەی چ شتێک تەواوکەرەکەی ئەوە؟ چ شتێک ئەو پڕ دەکاتەوە؟ ئایه ئەو مرۆڤێکی لەدەست چووە ؟ یان هێشتا کاتی ماوە؟
    چاوەکانی دەکاتەوە، لەمۆبایلەکەیەوە دەنگی کەنار دەریا، نەوڕەسەکان دەکوژێنێتەوە و  جلەکانی دەپۆشێت. سەری هەڵدەبڕێت، خۆی لەبەردەم ئاوێنەی ژوورەکەیدا دەبینێتەوە و بەچاوێکی پڕ بەزەییەوە سەیری ئەوەی ناو ئاوێنەکە دەکات، پێی دەڵێت، ئەوە چی دەکەی؟ بیرکردنەوە هیلاکی نەکردی؟ بۆچی ڕازی بوون بە قەدەری خۆت فێرنابیت؟ سەر دادەنوێنێت و بە نوزەوە بەخۆی دەڵێت، چی بوو؟ کێ بوو؟  ئەم بەتاڵ بوونەی لەمندا دروست کرد ؟ بۆچی دروست بوو؟ بەخۆی دەڵێت، ئای خودایە من لەکوێی دونیادا، لەکام بەشەی دا وا ون بووم؟ ئاخۆ من تاکە کەسم کە ئاوا ون بووم و لە ناو تاریکایی پرسیارکاندا بەجێمام؟ 
    چاوەکانی دادەخات. دەگەڕێتەوە کەنار دەریاکە. پارچە پارچە جلەکانی بەری دادەکەنێت ، لەسەر لمی کەنارەکە لەناو ئەو بۆشاییەی کە لەناویدا دروست بووە پاڵدەکەوێت و ...
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: کۆمــا Rating: 5 Reviewed By: لەلایەن دارین
    Scroll to Top