• نوێ

    تیرۆر بوو یان خۆکوژی؟


     ئاکام وەزیری


    ساڵێک بەسەر ڕووداوی دۆزینەوەی تەرمی ئامانج و خێزان و منداڵەکەی تێپەڕی، ئایە ڕووداوەکە تیرۆربوو یان خۆکوژی؟

    ئامانج بابانی ڕۆژی ٢٥ـی ئابی ساڵی ١٩٧٩ لەشاری سلێمانی لەدایک بووە و بێژەر و پێشکەشکار و ڕاگەیاندکاری کەناڵی NRT و بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی شارەوانی سلێمانی بووە و لەساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ لانە محمد پێشکەشکاری کەناڵی کوردسات ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا، کە لەساڵی١٩٩٠ لەشاری کەرکوک لەدایک بووە و لەدوای کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١وە خانەوادەکەی ڕوویکردبووە سلێمانی و لەوێ ژیا و پاش چەند ساڵێک هاوسەرگیری لەساڵی ٢٠١٦دا منداڵێکیان بوو ناویان لێینا هامۆ و لەکاتژمێر ٩:٠٢خولەکی شەوی چوارشەممە شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی٢٠١٩دا لەشەقامێکی شاری سلێمانی دا تەرمەکانیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان دا دۆزرایەوە.

    سەرەتا میدیاکان ڕووداوەکەیان بەڕووداوێکی تیرۆرکردن لەقەڵەم دا و لەلایەن سەرۆکایەتی پەڕلەمان و وتەبێژی حکومەتەوە لەڕێی بەیاننامەی بەپەلەوە داوای دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە کرا، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک کەناڵەکانی نزیک لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەتایبەت تر کەناڵی کوردسات نیوز، کە لانە محمدی خێزانی ئامانج بابانی لەوێ کارمەندبوو، لەزاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ڕووداوەکەی بەخۆکوژی وەسف کرا.

     نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەکەی بەڕووداوێکی خۆکوژی لەقەڵەم دا و ئامانج بابانیشی بەکوشتنی هاوسەر و منداڵەکەی تۆمەتبار کرد، باس لەوەکرا، کە ئامانج و خێزانەکەی کێشەی خێزانییان هەبووە و وابڕیاربووە ڕۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەر دانیشتنی دادگا لەسەر کێشەکەیان بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر ئەو کەیسە دوو ڕای جیاواز لەسەرتاسەری کوردستان درووست بوو، بەشێک ڕووداوەکەیان بەڕووداوێکی خۆکوژی و بەشێکی تریش بەڕووداوێکی تیرۆرکردن لەقەڵەم دا و لەدوای نزیکەی مانگێکیش لەو ڕووداوە ئاسایشی سلێمانی چەند گرتەیەکی ئامانج بابانی و خێزانەکەی و هەروەها گرتەیەکی تری ساتی ڕووداوەکەیان لەکامێرایەکی چاودێرییەوە بڵاوکردەوە، لەبەرامبەریشدا کەناڵی NRT دیمەنەکانی ئەو ڕۆژی شانزەی ئۆکتۆبەری ناو کەناڵی بڵاوکردەوە، کەئامانج بابانی تێدا بەشێوەیەکی ئاسایی دەرکەوت، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییانە نەیانتوانی بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدەن و لەناوەڕاستی مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠١٩دا دادگای سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسییەکەدا و دۆسییەکەی داخست و ڕووداوەکەی بەخۆکوژی دانا، بەڵام پاش ماوەیەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەڵگە و تاوانی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا لەسەر کەیسەکەی ئامانج و خێزانەکەی هاتە دەنگ و ڕەتی کردەوە ڕووداوەکە خۆکوژی بێت، بەڵکو بەڕووداوێکی تیرۆرکردنی لەقەڵەم دا، بەڵام تائەمڕۆ، کە ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوە تێدەپەڕێت تائێستا بەفەڕمی ئەو کەیسە یەکلایی نەکراوەتەوە ئایە ڕووداوەکە خۆکوژی یان تیرۆرستی بوو؟

    پێشتر بابانی لەسەر پرسی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لەڕۆژی ٢٢ـی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت: "تاکە زامنی بەفیڕۆنەچوونی خوێنی شەهیدانی قەڵەم، پرسیارکردن و لێدانەوەی زەنگی هۆشیاری گەلە".
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: تیرۆر بوو یان خۆکوژی؟ Rating: 5 Reviewed By: لەلایەن دارین
    Scroll to Top