خه‌زه‌ڵوه‌ر
مەهدی زریان،
له به‌هاری ڕه‌نگ په‌ڕیوی
ئه‌م ڕۆژگاره
له سه‌ر پردی داته‌پیوی
ئه‌م ڕێبازه نادیاره
له نێو خولی گه‌رده‌لول و
چنگی گڕی
شیوه‌ن و خوێن و هاوارا
بابه ئاده‌م
ئه‌و پیره ته‌مه‌ن درێژه
ته‌رمی خوێناوی هابیلی
جوانه‌مه‌رگی له كۆڵناوه
به سه‌ر ته‌رمی سارد و سڕی
ئه‌م خاكه‌دا تێده‌په‌ڕێ
ڕێبوارێكه هه‌ناسه سوار
ئه‌ژنۆ شل بوو
له ژێر سێبه‌ری دارێكی
روو ته‌ڵی بێسه‌ر و شوێنا
له كه‌ناری ده‌ریایه‌كی
پان و قولی پڕ له خوێنا
چاو ده‌گێڕێ
فرمێسكه‌كانیشی به‌تاو
به سه‌ر گۆنا ى چرچ و لۆچ و
ڕیشه سپیه نه‌رمه‌كه‌یا
ده‌خزێنه سه‌ر لاشه‌ی پاكی
هابیلی له ژیان دابڕاو
ئاده‌م چاوه كزه‌كانی
وه‌ك دوو هه‌ڵۆی
له خوێن شه‌ڵاڵ
به سه‌ر نه‌خشه‌ی
ئه‌م جیهانه بچوكه‌دا ده‌خولێنه‌وه
جه‌سته‌ی گه‌رمی بابه ئاده‌م
ئاره‌قه‌ی ره‌نجی لێده‌تكێ
دڵه خورپه‌یه‌كی سه‌یره!
ته‌رمی هابیل ده‌نێژێت و
بۆ چه‌ند ساتێك
رووه و ئاسۆ ڕاده‌وه‌ستێ
كه‌چی له پڕ قابیلیه‌كان
وه‌كو ڕه‌وه‌گورگێگی هار
گۆڕی هابیل هه‌ڵده‌دڕن و
دووباره ده‌م ده‌نێنه‌وه زامه‌كانی!
دڵه خوڕپه‌یه‌كی سه‌یره!
بابه ئاده‌م به چۆكدادێت
سه‌ر و قژی ده‌ڕنێته‌وه
گێژه‌ڵۆكه‌ی خه‌زه‌ڵ وه‌ریش
هه‌ڵده‌كات و
كونده‌بۆیه‌ك
له سه‌ر ته‌رمی كه‌لاوه‌یه‌ك
ئاوازی خۆی ده‌ڵێته‌وە