• نوێ

    رووداوەکانی ساڵی 2020 چی بوون؟

     رووداوەکانی ساڵی 2020 چی بوون؟



    بەشێوەیەکی گشتی لە سەرەتاکانی ساڵی 2020ەوە کۆمەڵێک رووداوی ناخۆش وایانکرد کە مرۆڤایەتی بە قۆناغێکی قورس و دژواردا تێپەڕێت، خراپترینیان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە هەموو جیهانی گیرۆدە کرد و کاریگەری لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیان هەبوو.

    لە ئێستا بەشێک لە سەرچاوەکان ساڵی 2020 بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ناو دەبەن، جگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین رووداو و کارەساتی دیکەی سروشتی.

    بەرلە ساڵی 2020 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین سەریهەڵدا، دواتر بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو بۆ هەموو جیهان بڵاوبوویەوە و زەوی کردە زیندانێک هاوشێوەی فیلمە ترسناکەکان، بووە هۆی مردنی زیاتر 1.5 ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان، هاوکات نزیکەی 70 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە هاتن.

    ئەم ڤایرۆسە بەتەنها کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی داڕمانی ئابوری جیهان، بەپێی سەرچاوەکان زیاتر لە 4 ترلیۆن دۆلار زیانی ئابوری هەبووە، جگە لە مایەپووچ بوونی چەندین کۆمپانیای گەورە و داخستنی دەرگاکانیان، زۆربوونی رێژەی بێ کاری، ئەمەش وایکرد ئەرکی حکومەت لە تەواوی وڵاتان ببێتە دابین کردنی خواردن بۆ هاونیشتمانیەکانیان.

    کۆرۆنا جوڵە و چالاکیەکانی مرۆڤایەتی راوەستاند، تەنانەت فڕۆکەخانەکان بەتەواوی راگیران و شەقام و کۆڵانەکان هیچ کەسێکی پێوە نەما و هەمووان لە ماڵەکانیان دەمانەوە، بەپێی ئامارەکان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە نزیکەی 120 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی فڕۆکەوانی کەوتووە.

    ئەمە تەنها کارەساتی زنجیرەی رووداوەکانی 2020 نەبوو، بەڵکو ئاگر کەوتنەوە و سووتانی دارستانەکان و ژینگە، یەکێکی دیکە بوو لە رووداوە مەترسیدارەکان، وەک سوتانی 60 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکانی ئوستورالیا کە بووە هۆی مردنی 30 کەس و لەناوچوونی هەزاران ماڵ و خانوو.

    هاوکات ئەمریکا رووبەرووی چەندین زریانی تووند بوویەوە و تووشی زیانێکی زۆری گیانی و ماددی هات، سۆدان بەهۆی بەرزی رێژەی باران بارینەوە تووشی کارەساتێکی زۆری لافاو هات و بەشێک لە ناوچەکانی سەر دەریای ناوەڕاست بەهۆی بومەلەرزەوە وێران بوون و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، چەندین کارەساتی دیکە کە زاناکان دەیبەستنەوە بە گۆرانی کەشوهەوا بەتایبەت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی.

    هەرچەندە لەسەرەتاوە بەهۆی کەرەنتین و نەمانی جوڵەی مرۆڤایەتی، ژینگە لە میکرۆب کەمێک خاوێن بوویەوە، بەڵام ئەمە هێندە کاریگەری نەبوو، چونکە بەرزی پلەی گەرمی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان و گۆرانی کەشوهەوا پسیبوونی ژینگە پشت راست دەکەنەوە.

    پاشان لە 25ی مانگی پێنج لە ئەمریکا کێشەی رەگەزپەرستی سەریهەڵدا، بەهۆی کوشتنی رەش پێستێکی بە رەگەز ئەفریقی بەناوی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستەوە لە ویلایەتی مینسوتا، دوای بڵاوبوونەوەی لە رێگای گرتە ڤیدیۆییەکەوە ئەمریکا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی هەژاند و خۆپیشاندان و توندتیژی زۆری لێکەوتەوە دژی رەگەز پەرستی.

    لە 4ی مانگی هەشت تەقینەوەیەکی گەورە بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند، کە تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و بووە هۆی کوژران و وێران بوونی بەشێکی زۆر لە شارەکە و بە چوارەم بەهێزترین تەقینەوە لە مێژووی جیهان و بە یەکەم بەهێزترین تەقینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکرا، زیانەکانی بە 4.5 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

    لەگەڵ هەموو ئەو رووداوە ناخۆشانە و تێکچوونی ژیانی مرۆڤایەتی بەهۆی کۆرۆناوە، لە ئێستادا هێواش هێواش ڤایرۆسەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆناش رۆڵێکی گرنگی دەبێت، دەبێت بڵێین ژیان بەردەوامە سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: رووداوەکانی ساڵی 2020 چی بوون؟ Rating: 5 Reviewed By: hawraman mohammed
    Scroll to Top