• نوێ

    بۆچی حزبە کوردییەکانی کەرکوک لەسەر یەک لیستی کورد لەهەڵبژارادنەکانی داهاتوو عێراق ڕێک ناکەون؟

     


    نوسینی:ئاکام وەزیری
    لەگەڵ نزیک بوونەوە لەوادەی هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق حزب و لایەنە کوردییەکانی کەرکوک هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بۆ ڕێککەوتن لەسەر یەک لیستی لەهەڵبژاردنەکان کەوتوونەتە خۆیان و ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە کۆبوونەوە لەسەر سەرجەم ئاستەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام پێناچێت ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو خۆری یەک لیستی کورد لەهەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق لەشاری کەرکوک هەڵبێت، ئەمەش لەبەرچەند هۆکارێکە، کە لێرە دا ڕوونی دەکەمەوە.

    یەکەم هۆکار: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی 2018ـی عێراق لەشاری کەرکوک بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکات و نەگەڕانەوەی پارتی و لێدوانێکی کۆنی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لێژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی مەودا میدیا، کە وتبووی تاوەکو دەسەڵاتی سەربازی لەکەرکوک هەبێت ئێمە وەکو پارتی ناگەڕێینەوە، وەکو بەڵگە بۆئەم هۆکارەکە دەگەڕێنمەوە، کەپێم وایە پارتی لەم هەڵبژاردنەش بەشدار نابێت.

    دووەم هۆکار: بەشداری نەکردنی پارتی لەهەڵبژاردنەکانی ئایندەی کەرکوک و بایکۆتکردنی ئەو هەڵبژاردنە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان درووست دەکات و وادەکات، کە حزبەکانی تری کەرکوک و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو حزبانەی لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن نین و لەدەسەڵاتن، بەهەستیارییەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر پرسی یەک لیستی بۆئەوەی کارێک نەکەن و دڵی پارتی بڕەنجێنن و پارتی لەلای خۆیەوە لەو ڕێککەوتنە بکشێتەوە، کەلەگەڵ ئەو حزبە بۆ پێکهێنانی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، هەروەکو چۆن پارتی لەساڵی 2020 دا بەهۆی ئەوەی چەند پەڕلەمانتارێکی یەکگرتوو واژۆیان لەسەر داوا نامەیەک بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، لەلای خۆیەوە یەک لایەنانە ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئەو حزبە لەپێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆک هەڵوەشاندەوە و پۆستەکانی لەو حزبە وەرگرتەوە و بەکادرەکانی خۆی بەشێوەی وەکالەت پڕی کردەوە.

    سێهەم هۆکار: بانگەشەی ناڕاستەوخۆ و ئامادەکاری پێشوەختەی حزبەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق لەشاری کەرکوک، لەوانە ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی یەک مانگی بۆ پاککردنەوەی ناو شاری کەرکوک لەلایەن مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆکردنەوەی ئاماری دەنگدەرانی حزب و پڕکردنەوەی فۆڕمی کاندیدبوون و دیاری کردنی کاندیدەکان بۆهەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق لەلایەن یەکێتی و چەند حزبێکی ترەوە، لەشاری کەرکوک.

    ئاماژە دەرکەوتووەکانی ڕێکنەکەوتنی حزبە کوردییەکان

    یەکەم: بانگێشت نەکردن و ئاگادارنەکردنەوەی پارتی لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حزبە کوردییەکانی کەرکوک.

    دووەم: سێ کۆبوونەوەیە لەسەر یەک حزبە کوردییەکان یان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام نادەن و ڕێگری لەڕۆژنامەنووسان دەکەن ڕووماڵی کۆبوونەوەکان بکەن یانیش بەهیچ جۆرێک لەکۆنگرەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بۆڕۆژنامەنووسان ئاشکرا ناکەن و ڕێگەش بەپرسیاری ڕۆژنامەنووسان نادەن لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان.
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: بۆچی حزبە کوردییەکانی کەرکوک لەسەر یەک لیستی کورد لەهەڵبژارادنەکانی داهاتوو عێراق ڕێک ناکەون؟ Rating: 5 Reviewed By: Hamo Media
    Scroll to Top