• نوێ

    ڕاپەڕین بۆچی کرا و کێ بەرهەمەکەی خوارد

     ڕاپەڕین بۆچی کرا و کێ بەرهەمەکەی خوارد



    خەڵکی کوردستان دەیان ساڵ بوو بەدەست ڕژێمی بەعسەوە ئەیناڵاند و ستەمی لێئەکرا  ، رژێمی بەعس  و  سەدام یەکێك بوون لە  فاشیسترین رژێمە توتالیتار و دیکتاتۆرەکان لە رۆژهەڵاتی ناویندا کە گەلانی عێراقیان ئەچەوساندەوە و سەرکوتیان ئەکرد ..


    گەلی کورد زۆرترین زیانی بەرکەوت  لەسایەی حوکمی بەعسیەکاندا بە کوشتن و زیندانیکردن و تەعریب و ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی شار و گوندەکان و کۆمەڵکوژیەکاندا ..

    ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ۹۱ دا بەرەنجامی ئەو شەپۆلە تورەیی و ستەمە زۆرە بوو کە ساڵانێک بوو پەنگی خواردبووەوە لە دەرفەتێکدا خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و شار و گوندەکانی کورستانیان ئازاد کرد  و رژێمی فاشیستی بەعسیان ڕاماڵی ..


    ئەو گەشبینی و ئامانجانەی کە خەڵکی کوردستان لە سەرەتای ڕاپەڕیندا هەیبوو  ، ئازادبوون بوو لە رژێمی سەرکوت و تۆقاندن و لێدان و فەلاقە کردن و زیندانی کردن ، هەروەها بەدەست هێنانی دیموکراسی و کۆتایی پێهاتنی سیستەمی تاکڕەوی حیزبی و ملهوڕی بنەماڵەیی ..


    خەڵکی کوردستان  ویستیان ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ دوور لە ستەم و چەوسانەوەیان هەبێت و ماف و کەرامەتیان پارێزراو بێت ..


    جەماوەری کوردستان لەپێناو ئەو ئامانجانەدا هەزاران قوربانیان بەخشی و ماڵیان وێران بوو و چەندین جار ئاوارە بوون و بێ دەرەتان بوون ، ئەو هەموو ڕەنج و تێکۆشان و قوربانیدانە  بۆ ئەوە بوو  ژیانێکی باشترمان هەبێت ..


    مەخابن لەدوای ڕاپەرین و زاڵبوونی هەژموونی حیزبەکانی بەرەی کوردستانی لە دوای دەرکردنی رژێمی سەدام  ئەو ئاوات و خولیایانەی خەڵکی نەهاتەدی و بگرە حوکمڕانی کوردی لە ئاوێتەی حیزبەکانی ئیسلامی و کوردایەتی  ، جارێکی تر خەونەکانی ڕاپەڕینیان لە گۆڕنا و خەڵکیان دڵشکاو کرد ..

    کارنامەی دەسەڵات و قەوارەی کوردی لە باشووری کوردستان لە کوشت و بڕی ژنانەوە دەستی پێکرد تا سەرکوتی سیاسی هێز و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی بەرە و  دەسەڵاتی حیزبە کوردیەکان ..


    لە ماوەی ۳٠ ساڵ حوکمڕانیاندا هەرچی  لەدەستیان هات کردیان لە سات و سەودا لەگەڵ ووڵاتەکانی ئێران و تورکیا و رژێمی بەعس و ووڵاتانی ناوچەکە ..

    بوون بە هۆکاری نا جێگیری سیاسی و ئاسایشی کوردستان و دروست کردنی قەیرانەکان و هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆی و بە کوشتدانی هەزاران کەس لە پێناو ململانێ و   پاوانخوازی حیزبیدا ..


    خەڵکیان تیرۆرکرد ، جیاوازی چینایەتیان قوڵتر کردەوە ، گەندەڵی بوو بە سیمای دیاری حیزبەکانی کوردستان ، دەیان هەزار گەنجیان  خستە دۆخێکی خراپ کە بڕیاری کۆچکردن بدەن بە سنوورە مەترسیدارە ئاویەکانی نێودەوڵەتیدا و سەدان کەس خنکان و ژیانیان لەدەست دا ..


    موچەی خەڵکیان بڕی و هەرچی زەوی و موڵکی کوردستان و شاخ و گردۆلکە هەیە داگیریان کرد و کردیان بە موڵکی خۆیان ، بەرپرسە حیزبی و پلەدارەکان بوون بە خاوەن کۆشك و ڤیلا و بزنس و ژیانی شاهانە و باخ و دەفتەرە دۆلار  لەولاشەوە خەڵکی هەژاریان  ناچارکرد لە پێناو بژێویدا ببێتە چەکداری حیزبەکان  ..


    ئازادی و ڕادەربرین و خۆپیشاندان و مافی خەڵکی و مافی مرۆڤ لە دۆخێکدا خراپتر لە سەردەمی بەعس ، دەیان چالاکوانی سیاسی تیرۆرکرا و ڕاپێچی زیندانەکان کران و حوکم دارن لەژێر حوکمی قەرەقوشی ملهوڕی حیزبەکاندا ..


    خەلکی کوردستان ڕاپەڕینی بۆ ئەوە ئەنجام دا ژیانێکی شایستەی مرۆڤانەی هەبێ بەڵام مەخابن پاش ۳٠ ساڵ لە ڕاپەڕین و  ئازادبوونی کوردستاندا خەڵکی کوردستان    لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە بە هەموو شێوەیەك ئەچەوسێنرێنەوە و مافیان لێزەوت ئەکرێت و سەرکوت ئەکرێن ، کەواتە لەدوای ڕاپەڕینەوە  خەڵکی هیچ دەستکەوتێکی نەبووە بگرە خراپتربووە ..

    ئارام حمەسعید

    ٦ ی ئازار ۲٠۲۱

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ڕاپەڕین بۆچی کرا و کێ بەرهەمەکەی خوارد Rating: 5 Reviewed By: hawraman mohammed
    Scroll to Top