• نوێ

    ژنانی كەركوك ساڵێكی پڕ لە توندوتیژی تێدەپەڕێنن

      ژنانی كەركوك ساڵێكی پڕ لە توندوتیژی تێدەپەڕێنن



    ژنان لە كەركوك، رەوشێكی خراپ و ناهەموار تێدەپەڕێن، دۆخی ژنان لە كەركوك لەنێوان هەشتی مارسی ساڵی رابردو تا ئێستا، خراپتر بوە و لەخراپەوە بۆ خراپتر هەڵكشاوە و ساڵێكی باش نەبوە بۆ ژنان.


    چالاكوانانی بواری ژنان لەكەركوك، هۆكارەكانی زۆربونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و بەربەستەكانی بەردەم رێكخراوەكان بەم شێوەیە دەخەنەڕوو:

    بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ژنانی كەركوك دوچاری دۆخێكی خراپ بونەتەوە، ژیان حەمید حەلاق، لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتی ژنانی هۆكارەكەی بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە و بابەتی خراپبونی رەوشی تەندروستی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەهۆكارێكی تری زیادبونی ئەو توندوتیژیانە ناوزەند دەكات، وتیشی: قەدەغەكردنی هاتوچۆ و تێكەڵی و كۆبونەوەی بەردەوامی خێزانەكان لەنێو ماڵێكدا، یەكێكیترە لە هۆكارەكانی زیادبونی بەكارهێنانی توندوتیژی لەنێو خێزانەكاندا دەرحەق بە ژنان، كەرەنتینەكردن و بێكاری بەردەوامی چەندین مانگی هاوڵاتیان، دۆخێكی خراپی ئابوریی لەنێو خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگەی كەركوك دروستكردوەو بەو هۆیەشەوە گوشارێكی زۆری دەرونی روی لە خێزانەكان كردوە.

    رێكخراوەكان مۆڵەتی كاركردنیان نیە

    لێپرسراوەكەی لقی ژنان وتیشی: بەهۆی نەبونی مۆڵەتی كاركردنی رێكخراوەكانی سەر بە كوردستان لەسنوری كەركوك، رێكخراوەكانی ژنان نەیانتوانیوە بەپێی پێویست كار بۆ پرسی ژنان بكەن.

    كۆن و خراپیی یاساكانی تایبەت بە مافەكانی ژنان

    هەر سەبارەت بە رەوشی ژنان لە كەركوك سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی ڕێكخراوی هیوای عیراق ئەوەی نەشاردەوە كە كۆن و خراپیی یاساكان كە تایبەتن بە مافەكانی ژنان، یەكێكیترە لە هۆكارەكانی تەشەنەكردنی توندوتیژی دەرحەق بەژنان.

    نەبونی یاسای تایبەت بەڕێكخستنی خێزان

    سرود ئەحمەد پێیوایە ئاست و ڕێژە و جۆری ئەو توندوتیژیانە لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تری كەركوك جیاوازە و هۆكاری ئەم توندوتیژیانەشی بۆ نەبونی یاسای تایبەت بەڕێكخستنی خێزان گەڕاندەوە و وتیشی، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی بە جۆرێكیتر توندوتیژی و لێكترازانی خێزان و كۆمەڵگەی زیاتر كردوە.

    لێپرسراوەكەی لقی كەركوكی ڕێكخراوی هیوای عیراق، پێشیوایە نەبونی شەڵتەرێك بۆ داڵدەدانی ژنانی شارەكە، كارەكانی ئەو رێكخراوانە و خودی ژنانیشی قورس و ئەستەم كردوە، چەندین جاریش ڕوبەڕوی ئەو جۆرە كێشانە بونەتەوە كە ژیانی كەسانی نێو ئەو كەیسانە و ڕێكخراوەكانیش خستۆتە مەترسییەوە.

    هاوكات ئاوێزان نوری جێگری لێپرسراوی سەنتەری پەنا بۆ داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێكراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دۆخی ژنان لەكەركوك لەنێوان هەشتی مارسی ساڵی رابردو بۆ ئێستا، خراپتر بوە و لەخراپەوە بۆ خراپتر هەڵكشاوە و ساڵێكی باش نەبوە بۆ ژنان.

    بازاڕی چەكفرۆشی ژن كوشتنی ئاسانكردوە

    وتیشی، بەهۆی بونی بازاڕی چەكفرۆشی و زیادبونی بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر و كەرەنتینەكردنی هاوڵاتیان و نەمانی كارو داخستنی شوێنكارەكانیان و دروستبونی دۆخێكی خراپی ئابوری و دارای خێزانەكان، ئەمە جگە لەخراپی دۆخی ئەمنی و سیاسی، توندوتیژییەكان رویان لەزیادبون كردوە، ئەویش هەر لە توندوتیژیی جەستەی و كوشتنی ژنان و خۆكوشتنیان.

    ئاوێزان نوری دەشڵێت، ئەگەر بمانەوێت توندوتیژی بنبڕبكەین یان كەمی بكەینەوە، پێویستە لە مینبەری مزگەوتەكان و زانكۆ و پەیمانگەكان و لە قۆناغە جیاوازەكانی خوێندن كاری لەسەر بكرێت و رۆشنبیری بڵاوبكەینەوە، تاك هۆشیار بكرێتەوە توندوتیژی كارێكی هەڵە و رێگە پێنەدراوە و ئازاردانی جەستە و ڕۆحێك كارێكی نەرێنییە.

    لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نادرێت

    سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لەسەر پرسی ژن ئاشكرایكرد، وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەنوسراوی رەسمی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرجەم شارەكانی عیراقی ئاگاداركردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەبارەی ئامار و توندوتیژی خێزانی هیچ جۆرە لێدوانێك بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نەدەن، وتیشی توندوتیژییەكان و جۆرەكانی رویان لە زیادبون كردوە، بەڵام كوشتن و خۆكوشتی ژنان بەرەو كەمبونەوە چووە.
    سەرچاوە/ كوردستانی نوێ‌

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ژنانی كەركوك ساڵێكی پڕ لە توندوتیژی تێدەپەڕێنن Rating: 5 Reviewed By: hawraman mohammed
    Scroll to Top