• نوێ

    ‎کۆریای باشوور: چۆن کارەساتی هاڵۆوین ڕوویدا

     ‎کۆریای باشوور: چۆن کارەساتی هاڵۆوین ڕوویدا



    دوای ئەوەی شەوی شەممە لە شاری سیئۆل زیاتر لە 150 کەس لە کارەساتێکی دڵتەزێندا گیانیان لەدەستدا، بی بی سی باسی چۆنیەتی پەرەسەندنی کارەساتەکە دەکات.


    درووستبوونی قەرەباڵغی


     هەزاران کەس کە بەشێکی زۆری لە گەنجان پێکهاتبوون لە ناوچەی  ئیتایۆن لە ناوەندی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور کۆبوونەوە.

     ئیتایۆن شوێنێکی دیارە بۆ ئاهەنگگێڕان و چەندین شەقام و کوچەی تەسک و پڕ لە باڕ و چێشتخانەی لێیە.

     هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ئێوارەیە زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ناوچەکەدا کۆبوونەتەوە.

     ناوچەکە کە وێستگەی میترۆی ئیتایۆنی تێدابوو  هۆکاریکی باش بوو بۆ دروستبوونی قەرەباڵغییەکی لە ڕادەبەدەر، ڤیدیۆکانی ناو سۆشیال میدیا زمانحاڵی ئەوەن کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە هەزاران کەس ئامادەی ئاهەنگەکە بووبوون.

    ‎نوحیل ئەحمەدی تەمەن 32 ساڵ کە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکەکەدا بوو.کارمەندی ئایتییە و خەڵکی هیندستانە وە لەو نزیکانە دەژی و پێشتر لە ئاهەنگەکانی هاڵۆوین لە ناوچەی ئیتایۆن بەشداریکردووە، دەڵێت ئەمساڵ شتەکان زۆر جیاواز بوون

    لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی دەڵێت: "ئەوە شێتانە بوو".  "لە کاتژمێر 5ی ئێوارەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەسەر شەقامەکان بوون. بۆیە بیرم لەوە دەکردەوە،ئاخۆ کاتژمێر حەوت یان هەشت چۆن دەبێت؟"

    ڕێک لەو ساتەدا پەیام لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرایەوە و خەڵک دەیانگووت شەقامەکانی ناوچەکە ئەوەندە قەرەباڵغ بووە هەستیان بە نائارامی کردووە.

     یەکەم پەیوەندی بۆ پۆلیس لە ئیتایۆنەوە لە کاتژمێر 6:34 بە کاتی ناوخۆ بوو- چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە لە کوچەیەکی دەرەوەی ڕێگای سەرەکیدا ڕووبدات.

    پەیوەندیکەرەکە گووتی:

     "ئەو کۆڵانەی کە خەڵک دەچنە سەرەوە و خوارەوە بەڕاستی مەترسیدارە لە ئێستادا، چونکە خەڵک ناتوانن بێنە خوارەوە، بەڵام بەردەوام دێنە سەرەوە، زۆر ناڕەحەتم. بەزەحمەت توانیم دەربچم وە زۆر قەرەباڵغە. پێموایە پێویستە کارێک بکەن تا لە کۆنترۆڵ دەرنەچووە.

     ئەفسەرەکە پرسیاری ئەوەی کرد ئایا مەبەستی پەیوەندیکەرەکە ئەوەیە کە خەڵک تووشی کێشەی هاتووچۆ بووە، کە "گیربوون و دەکەونە خوارەوە، دواتر ڕووداوێکی گەورە ڕوودەدات؟"

     پەیوەندیکەرەکە وەڵامی دایەوە:بەڵێ، - "ئەمە لە ئێستادا زۆر ترسناکە".

     ئەفسەری پۆلیسەکە بە یەکەم پەیوەندیکەری گووت کەسێک دەنێرن "بۆ ئەوەی بچێت پشکنین بکات" - بەڵام هیچ هێزێکی بەرچاو بۆ چەند کاتژمێرێک نەنێردرا.

    دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، ئەو شەوە 137 ئەفسەریان لە سۆنگەی ئیتایۆن هەبووە. بەڵام بە ڕوونی دیارە کە ئەو هەزاران کەسەی کە ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە،ژمارەیان لەوان زیاترە. ڤیدیۆکان نیشانی دەدەن کە خەڵک لە کوچەیەکی تەسکدا کۆدەبنەوە لە تەنیشت مۆڵی بازرگانی هامیلتۆن کە خراپترین قەرەباڵغی تێدا تۆمارکراوە.

     لە ماوەی سێ کاتژمێر و نیوی دواتردا لانیکەم 10 پەیوەندی فریاگوزاری دیکە لە ناوچەکەوە دەکرێت ، هەروەها پۆلیس باری نائاسایی ڕاگەیاند.

    چەند پەیوەندییەکەی تر لە دوو کاتژمێر دواتر دەستیان پێکرد، لە کاتژمێر 8:09 بەدواوە.

     پەیوەندیکەران باسیان لەوە کردووە کە خەڵکیان بینیوە پاڵیان پێوەنراوە، و برینداربوون.  کاتژمێر 8:53 یەکێک لە پەیوەندیکەرەکان دۆخێکی دڵتەزێنی باسکرد لە نزیک یانەیەکی شەوانە لە کوچەکەدا.

     "هەست دەکەم تووشی شۆکێکی گەورە بووم... زۆر کەس تووشی شۆک بوون... ئەوە ئاژاوەگێڕییە."  چەندین جار داوایان کرد "تکایە یارمەتیمان بدەن".

     پەیوەندیکەرەکە دڵنیاکرایەوە کە پۆلیس دەنێردرێت بۆ شوێنی ڕووداوەکە.  بەڵام تۆمارەکان دەریدەخەن کە نەنێردران و لە کۆی 11 پەیوەندی تەلەفۆنی کە بۆ پۆلیس کراوە، تەنها ئەفسەریان بۆ چواریان ناردووە.

     پۆلیس کەسی نەنارد بۆ وەڵامی ئەو پەیوەندییانەی کە لە کاتژمێر 9:07 بەدواوە کرابوون - کاتژمێرێک پێش ڕووداوەکە.


    کارەســــاتەکە


    ‎ لە دوایین پەیوەندیدا لە کاتژمێر 10:11 - یەکێک لە کورتترین پەیوەندییەکان - پەیوەندیکەرەکە گووتی: "خەڵک لێرە هەمووی تووشی شۆکێکی خراپ بووە

    ‎ چەند خولەکێک دواتر، کارەساتەکە دەستی پێکرد

    ‎ نزیکەی کاتژمێر 10:15 ژمارەیەک کەس لە ڕێڕەوی لێوارەکەدا کەوتنە خوارەوە.  قەرەباڵغی کە لە هەردوو سەری کوچەکەوە فشاریان دەخستە سەریەک،وایکرد دەرچوون لە ناوچەکە مەحاڵ بێت

    لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیال میدیادا دەردەکەوێت کە هەندێک کەس هەوڵدەدەن بە لای باڵەخانەکاندا سەرکەون بۆ ئەوەی ڕزگارییان ببێت.

     کاتژمێر 10:24 بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن هەواڵیان پێگەیشتووە کە 10 کەس لە ژێر قەرەباڵغیدا پاڵیان پێوەنراوە بۆ خوارەوە و تووشی کێشەی هەناسەدان بوون.

     بەپێی قسەی بەرپرسان،کاتژمێر 10:27 چوار ئەمبوڵانس ڕەوانە کران، دواتر شەش ئەمبوڵانسی دیکە ڕەوانە کران،

    بەڕێز ئەحمەد وتی: "خەڵک لە پشتەوە دەستیان بە پاڵنانی یەکتر کرد، وەک شەپۆلێک وابوو - هیچ شتێک نەبوو کە بتوانی بیکەیت"، کە دواتر خۆی بینیەوە لەناو قەرەباڵغیەکی زۆردا گیربووە.

     "خەڵک دەخنکان، هاواریان دەکرد، یەکترییان دەگوشی، دەکەوتن... بەجدی زۆر قەرەباڵغ بوو".

     تا کاتژمێر 11:00،  30 ئەمبوڵانسی دیکە نێردران، هەروەها زیاتر لە 100 تیمی هاوکاری پزیشکی نیشتمانی بۆ کارەساتەکان، وە هەموو بۆنەکانی هاڵۆوین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە کاتژمێر 11:19 هەڵوەشایەوە.


    مامەڵەکردن لەگەڵ کارەساتەکە


     ڤیدیۆکانی شوێنی ڕووداوەکە دەریدەخەن کە دەیان کەس هەوڵی ڕزگاکردنی قوربانییەکان دەدەن کە کێشەی هەناسەدانییان بۆ دروست بووە لە شەقامەکەدا.  تەرمی مردووەکان بە پەڕۆی شین داپۆشراو بوون.

     هەروەها ئانا، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ و خەڵکی ئیسپانیایە، لەگەڵ هاوڕێکەی بەناوی مێلیسا کە تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی ئەڵمانیایە.  ئەو دووانە لە باڕێکدا بوون و نزیکەی کاتژمێر 11:00 ویستوویانە بڕۆن، کاتێک بینیان ئەمبوڵانسەکان هەوڵیانداوە بچنە ناو کۆڵانەکەوە و پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە بجوڵێن بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ تەرمی مردوو و بریندارەکان بکرێتەوە.

     ئانا بە بی بی سی-ی ڕاگەیاند "قوربانییەکان ئەوەندە زۆر بوون کە پێویستیان بە کەسانی ئاسایی بوو بۆ ئەوەی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ قوربانییەکان ئەنجام بدەن. بۆیە هەمووان دەستیان کرد بە یارمەتیدانییان.

    یەکەم ژمارەی مردووان لە کاتژمێر 2:30 بڵاوکرایەوە. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە داوە، 59 کەس گیانیان لەدەستداوە و 150 کەسی دیکەش برینداربوون.  دوای کاتژمێرێک ژمارەی قوربانییەکان بۆ 120 مردن و 100 بریندار بەرزبووەوە، و لەگەڵ تێپەڕبوونی شەوەکەدا زیاتر بەرزبووەوە و زۆری نەخایاند ژمارەی مردووان 150 کەسی تێپەڕاند.

     لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای ئەوەی کارەساتەکە ڕوویدا، یۆن سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری کارەساتەکەی سیئۆل دەستپێکرد

    وە  ڕۆژی یەکشەممە ماتەمینی نیشتمانی ڕاگەیاند.


    BBCNEWS:سەرچاوە

    وەرگێڕان: سەنا عوسمان 


    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ‎کۆریای باشوور: چۆن کارەساتی هاڵۆوین ڕوویدا Rating: 5 Reviewed By: hawraman mohammed
    Scroll to Top