• نوێ

    ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی و گواستنەوەی بۆ ڕووسیا

     وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی و گواستنەوەی بۆ ڕووسیا



    وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە پەردەی لەسەر گەمارۆ زیادەکانی سەر ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا لادا.

    بەپێی وەزارەتەکە، سزاکان چەند کۆمپانیایەکی پەیوەندیدار بە فڕۆکەوانی و دوو کەس دەکەنە ئامانج کە بریتین لە عەباس جوما و تیگران خریستۆفۆفۆرۆڤیچ سرابیۆنۆڤ- کە ئاسانکارییان بۆ ڤاگنەر گروپی بەکرێگیراوی ڕووسی کردووە بۆ "دەستخستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران".

    جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، وەک چەندین جار ئاماژەمان پێداوە، ئەمریکا بڕیاریداوە سزای ئەو کەس و کۆمپانیایانە بدات، گرنگ نییە لە کوێ بن، کە پاڵپشتی لەشکرکێشی ناڕەوای ڕووسیا دەکەن بۆ سەر ئۆکرانیا.

    "ئەم هەوڵەی ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیا و کەسانە ئاشکرا دەکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات کە وایکردووە ڕووسیا لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ هێرشی دڕندەی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵە گەورەترەکانمان بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی جەنگی ڕووسیا و ڕەتکردنەوەی ئەو ئامێرانەی کە پێویستیانە لە ڕێگەی سزا و کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنەوە".

    مانگی ڕابردوو ئەمریکا گەمارۆیەکی بۆ دابینکەرێکی گواستنەوەی ئاسمانی دانابوو بەهۆی تێوەگلانی لە ناردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ ڕووسیا.  ئەم جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ململانێی ئۆکرانیادا هەبووە، لەو کاتەوەی کە ڕووسیا لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستی بە لەشکرکێشییەکەی کردووە.  توانای ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەک لە ناوچەیەکدا بسووڕێنەوە کە وەک ئامانجێکی ئەگەری دەستنیشان کراوە و تەنها جارێک لێدانیان هەیە کە سەروەت و سامانی دوژمن دەستنیشان دەکرێت.

    ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سەرانسەری ئۆکرانیا دەستپێکردووە و لە ژێرخانی گرنگی وڵاتەکەیان داوە و ئیشی تیرۆری لە شارەکانی ئۆکرانیادا دەستپێکردووە کە دوورن لە بەرەکانی جەنگ.

    لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕەتیانکردەوە هیچ جۆرە چەکێکیان بۆ ڕووسیا دابین کردبێت بۆ بەکارهێنان لە ئۆکرانیا، حکومەتی ئێران دانی بەوەدانا کە لەم مانگەدا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا لە چەند مانگی پێش دەستپێکردنی لەشکرکێشیەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا ناردووە.

    بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاوکاری شەڕی ئۆکرانیا دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ ڕووسیا. حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند. ئەو بەشەی سەبارەت بە مووشەکەکان بە تەواوی هەڵەیە.  ئەو بەشەی سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاستە، ئێمە لە چەند مانگی پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ ڕووسیا دابین کرد

    هەروەها بەرپرسانی وڵاتێکی ڕۆژئاوا کە لە نزیکەوە چاودێری بەرنامەی چەکی ئێران دەکات، سەرەتای ئەم مانگە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری زیاتر، لەگەڵ مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای سەر زەوی بۆ ڕووسیا، بۆ ئەوەی لە هەوڵە جەنگییەکانیدا بەکاری بهێنێت.


    وەرگێڕ: لاڤین حامد

    سەرچاوە: CNN

    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک
    Item Reviewed: ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی و گواستنەوەی بۆ ڕووسیا Rating: 5 Reviewed By: hawraman mohammed
    Scroll to Top