لەگەڵ شەودا سەودا دەکەین
من دەڵێم ئارامی خۆتم پێ بدە و
زیکە زیکی سیسركەکانم بۆ بژەنە
ئەو دەڵێ
ژاوەژاوی مرۆڤ و
فڕکان فرکانی ئۆتۆمبێل و
ویستگە قەرەباڵغەکانی شەمەندەفەر بۆ تۆ
ئەز دەڵێم
ئەستێرە بریسکەدارەکان و
مانگی ھیلال و ترووسکەی گڵۆپەکان و
شەقامە چۆڵەکان و
مۆمە کز و کوژانەوەکان بۆ من
ئەو دەڵێ
خورشید و
ھەورە تێك ئاڵاوەكان و
خاوەری زێرین و
مارکێت و ئەپارتمانەکان
بۆ تۆ
ئەز دەڵێم
ھێندە ئولفەتم گرتووە پێتەوە
شەو لام ڕۆژە و رۆژیش شەو.!
ئەو دەڵێ
تۆ مەستی وا دانیشتووی
بە منەوە گرتووتە دوور لە جەو.!
جەوی چی..؟
ژین
بەخشینی رووناکییە
بە مرۆڤە لێڵ بیرەکان
تاقەتم نییە لە تاریك بیرەکان بدوێم..
پیاوانی دین .!
مێزەر بەسەر و
حاخامەکان و
قەدیسەکانی کەنیسە و
پیر و شێخەکان
نەخشە کێشی کاولکارین
دارێژەری کوشتارگەن
بە رۆژ پیادەی دەکەن
دەمەوێت یەك یەك سزایان بدەم
وانەی سیاسییەکان دادەدەن
ئەو دەڵێ
فریادڕەسی..
زەلیل غەریب بێ کەسی..
سکێ تێری دوو سك برسی..
بۆ ناپرسی چەند کەساسی..
ماندوو نابیت لە نوشووستی؟
ئەوە منم
دەست بەگەرووی شەوگاری تەنیاییدا دەکەم
سك بە بریسکەی رووناکییەکان تێر دەکەم
لە نێوەشەودا قتووی سیگارەکەم پڕ دەکەم
ژووانێك بۆ تۆ و مانگ بە دووکەڵەوە ساز دەکەم
نووسینی:شوان شەفیق
10/4/2018
Hamburg