حهشدی شهعبی یاریگهیهكی كهركووك داگیردهكات
ژمارەیەک ھاووڵاتی گەڕەکی "رەحیماوە"ی کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە (١٩ی نیسان/ ئەپرێلی ٢٠٢١) لە گردبوونەوەیەکدا رایانگەیاند، حەشدی شەعبی بەنیازە یاریگەی گەڕەکەکەیان داگیر بکات.
ھاووڵاتیانی گەڕەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ماوەی چەند رۆژێکە ھێزێکی ئەمنی بە ناوی حەشدی شەعبییەوە دێنە ناو ئەو یاریگە میللییە و دەیانەوێت زەوییەکە داگیربکەن و بە پارچە پارچە بیفرۆشن.
ئاماژەیان بەوەش کرد، پەیوەندییان بە بنکەی پۆلیسی رەحیماوە کردووە، ئەوان پێیانڕاگەیاندوون، ئاگادار نین و زانیارییان نییە، خەڵکی گەڕەکە پەیوەندیان بە لایەنی بەرپرسی شارەکە کردووە، پێیانگوتراوە دەسەڵاتمان نییە.
یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە روونیکردەوە، پێشتریش لە ساڵانی رابردوو ھەوڵیان داوە ئەو یاریگەیە داگیر بکەن و کابینەیەکیشیان لێدانابوو، خەڵکی گەڕەک رازی نەبوون و سووتاندیان، ئێستاش رێگە نادەین گەنجانی شارەکەمان لە یاریگە بێبەش بکرێن.