ئێمە و ئەفغانستان لە هەڵوێست و کرداردا
ئەو کاتەی ( فەرخوندە ) کچە ئەفغانیەکە توندوتیژی بەرامبەر کرا و پیاوانی فەرهەنگ دواکەوتوو و پیاوسالار بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیان ، کوشتنەکەی بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و تووڕەبوونی خەڵکی ئەفغانسان لەو کردەوە نامرۆڤانەیە ..
ژنان و ئازایخوازان و داکۆکیکارانی ژنان ، خۆپیشادانێکی گەورەیان ئەنجام دا و ژنانی ئەو ووڵاتە لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە و بە یەکڕیزی و هەماهەنگی تەرمی فەرخوندەیان هەڵگرت و تابۆکانی کۆمەڵگایان شکاند و لە مەراسیمێکی شایستەدا بەخاکیان سپارد ..
ئەم ڕووداوە تراجیدیە سەرەتای وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە دواتر ژنکوشتن بەڕادەیەکی زۆر کەم بۆوە و تەلیسمێکی گەورە شکێنرا ..
ئەگەر بێینەوە بەرەو کوردستان کە بە بەراوردی ئەوێ زۆر مۆدێرنترین وە لە چاو ئەواندا سەدان ڕێکخراو و گروپی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی و بە لێشاو چالاکوانمان هەیە ، بەڵام لە هیچ رووداوێکی ژنکوشتندا نەمانتوانی لە ئەزموونی ئەفغانستانەوە فێر بین ، بۆ یەکجار دەنگ و ڕەنگمان یەکخەین واز لەپاشقول گرتن و خۆ نمایشکردن بهێنین ..
دوێنێ ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی دژی شەپۆلی ژنکوشتن هەڵوێست بنوێنن بە هەموو هێز و توانایەکەوە نزیکی ٥٠ ڕێکخراو و گروپی ژنان و رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و خەلکی جیاواز بە توندی یاداشتێکیان لە سلێمانیەوە ناردووە بۆ هەولێر وە دەیەها ڕێکخراو و چالاکوانی مەدەنی و داکۆکیکاری ژنیان فەرامۆش کردووە بەپەلە بۆ ریکۆردی مێژوو دژی ژنکوشتن ئیمزایان کردووە ..
لێرەدا ئەبێ بپرسین ئایا بە یاداشتێك ئەتوانرێت بەربەست دابنرێت بۆ ژنکوشتن !؟ ئایا ئەو ململانێیە چیە کە هەندێ ڕێکخراو ئەیانەوێت هەمووکات پاوانخوازی بکەن و ئامادە نەبن هەماهەنگی بگەن لەگەڵ گروپ و پرۆژە و ڕێکخراو و چالاکوانەکانی کۆمەڵگادا ..
لە ڕاستیدا ئێمە هێشتا زۆرمان ماوە بگەین بە ئەفغانستان و هەر ئەو گرفتەیە کە ژنی لەم مەملەکەتە بەو ڕۆژە گەیاندا کە هەندێ ڕێکخراوی سەر بە حیزبەکان و سات و سەودا کار بە دۆزی ژنان نایانەوێ کێشە و گرفتەکانی ژنان و ستەمکێشی و توندتیژی کۆتایی پێبێت ..
ئەبوایە لە رووداوەکەی ( فەرخوندە) وە چالاکوان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان هاوشێوەی ئەفغانستان بەرخودانێکی کۆمەڵایەتیان بەرپا بکردایە بەڵام ئەفسوس ئەم حیکایەتە زۆری ماوە ..
ئارام حمەسعید
۲٠۲۱/٤/۲٠