لیستی هاوبەشی حزبە کوردییەکانی کەرکوک
هەڵوەشایەوە
بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر میکانیزمی دانان و دیاری کردنی کاندیدەکان و لەدوای حەوت کۆبوونەوە و زیاتر لەپێنج مانگ هەوڵدان دواجار حزبەکوردییەکانی کەرکوک نەگەیشتنە ڕێککەوتن و لیستەکە هەڵوەشایەوە.ڕۆژنامەنووس ئاکام وەزیری لەپێگەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی لیستە کوردییەکەی کەرکوکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، بەشێک لەبەرپرسانی سیاسی حزبە کوردییەکان دەڵێن: "هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە یەکێتی ویستوویەتی تەنها خۆی لەکەرکوک کاندیدی هەبێت و ئەوانیش ڕەتیانکردووەتەوە بەتەنها یەکێتی کاندیدی هەبێت".وتیشی: "بەپێی زانیارییەکانم لەکۆبوونەوەکەی ٩ـی شوبات، کەبارەگای مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بڕێوەچوو، حزبەکان پێشنیاری ئەوەیان خستبووەڕوو، کە لەبازنەی یەکەمدا تەنها پارتی و یەکێتی کاندیدیان هەبێت و لەبازنەی دووەم دا ئەو دووحزبە کاندیدیان نەبێت و کار بۆکاندیدانی حزبەکانی تر بکەن، بەڵام یەکێتی و پارتی ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردووەتەوە".ئاماژەی بەوەشداوە، کەبەپێی زانیارییەکان ئێستا یەکێتی و پارتی لیستی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و تەنها حزبەکانی تر ماونەتەوە لیست پێشکەش بکەن.لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حزبەکان حەوت کۆبوونەوەیان بۆپێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی کوردی لەهەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پێکهێنا، بەڵام دوای حەوت کۆبوونەوە شکستیان هێنا لەدرووستکردنی لیستەکە.