ژیاننامەی سۆران مامەحەمە
سۆران محەمەد عەزیز محێدین، ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە، لە ٣/٣/١٩٨٦ لە گەڕەکی (لەتیفئاوا/شۆریجە)لەدایکبووە، بەڵام خۆی سەبارەت بە رۆژی لەدایکبوونی دەڵێت:" بەرواری تەمەنەکەم لەسەر پێناسەکەم پێدەچێت دروست نەبێت،چونکە دەگێڕنەوە ئەوڕۆژەی منی تێدا لەدایکبووم، ھاوکات ساڵڕۆژی لە دایکبوونی سەدام حسێن بووە"، بەو پێیەی ئەو کات لە میدیاکانەوە بە رۆژی لە دایکبوونی "سەرۆک" وەک بۆنەیەکی گەورە پیشان دەدرا.
سۆران لەبنەماڵەی (جەباری)یەو خەڵکی گوندی (مۆردانە)ی ناوچەی جەباری سەر بە قادرکەرەمە، خێزانەکەی لەساڵی ١٩٨٤دا بەھۆی راوەدوونانی رژێمی بەعسەوە لەگوندی مۆردانەوە روویان کردووەتە شاری کەرکوک.
سۆران دەڵێت: ئێمە دوو بنە بووین، واتە ماڵێکمان لە شاربووە و ماڵێکیشمان لە گوند (مۆردانە)،من لە ماڵێکی تەنگەبەرو رووخاو و بێتامی گەڕەکێک بەناوی (لەتیفئاوا) لەدایکبوومە، کە بەشێکە لە گەڕەکی شۆریجە، خانووەکەمان زۆر کۆن و بچووک دەھاتە پێش چاو، بەھۆی بچووکی ئەو شوێنە و بەرزی دیوارەکانییەوە ھەمیشە لەو ماڵەدا ھەستم بە تارماییەک دەکرد! ئێستاش کە دەچمە ئەوماڵە، ھەمان ھەستم بۆ درووست دەبێت.جگە لە شەھید سۆران، مامە حەمەو شازادە خان، خاوەنی چوار کوڕ و چوار کچی دیکەن، سۆران، بچوکترین ئەندامی خێزانەکە بوو.
لە کۆڕەوە گەورەکەی ١٩٩١دا، خێزانەکەیان ئاوارەی سلێمانی دەبێت، لەگەڵ چەندین خێزانی کەرکوکی دیکە لە ناو سەربازگەی (حامییە) نیشتەجێ دەبن، ئەو سەربازگەیەی رۆژانێک شوێنی ئەشکەنجەدان و کارە قێزەوەنەکانی دەسەڵاتی رووخاوی پێشووی عێراق بوو، دواتر بوو بە شوێنی مانەوەی ئاوارەکان و لە ئێستاشدا یەکێکە لە سیما جوانەکانی سلێمانی و پارکی ئازادی لەسەر بونیاد نراوە.
سۆران، لە باسی نەھامەتی خێزانەکەیاندا دەڵێت:" ژیانی ئێمە پێش لە دایکبوونی منیش، کەشێکی نا ئارام و پڕ لە تراژیدیای ھەبووە، بەھۆی ئەوەی خانەوادەکەمان لە شۆڕشەکانی کورددا بەشدار بوون، بەردەوام تووشی شەڕ و گرتن و کوشتن بوونەتەوە، چونکە ھەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەوە خێزانەکەمان راھاتووە لە ھەر شوێنێک بن سەربەرز بژین، منیش پەروەردەی ناو ئەو خێزانەم، لەم سەردەمەشدا ئەوەی بییەوێت بە سەربەرزی بژی، باوەڕناکەم ژیانێکی خۆشی ھەبێت".
سۆران، منداڵێکی خوێنشیرین و جوان بووە، ھەمیشە لە لای دەرودراوسێ نازی دراوەتێ و گەمەیان لەگەڵدا کردووە، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە رووبەڕووی (مەکە، ئاقڵبە، بۆ خۆت ببە بە پیاو، چەندین دەستەواژەی تر) بووەتەوە، بۆیە لەسەرەتاوە کەسایەتییەکی کەمدوو و دابڕاوی لێ دروستبووە و دەوترێت بەو منداڵییە وەک پیاوی گەورە مامەڵەی کردووە.
لە بەرئەنجامی ئەو نەھامەتیانەی پێیدا تێپەڕیوە و دۆخی خێزانەکەیان، سۆران دەڵێت:" لەناو کۆمەڵێکدام کە کۆمەڵێکی خەمۆکە، لەناو بنەماڵەیەکدا درووستبووم،لەناو ئازاردا گەورە بووم، ئەوانەی دەینووسم و ئەوانەشی دەیخوێنمەوە، دەچمە ھەر شوێنێکیش ھەر ئازار و خەم و خەفەتە".
لە سلێمانی دەچێتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی (حەمدی تێکەڵاو) تەواو دەکات و دواتر بۆ ناوەندی سەرەتا دەچێتە ناوەندی وەتەنی کوڕان و دواتر ناوەندی شۆڕشی کوڕان و ناوەندی بەکرەجۆی کوڕان، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، بە خێزانەوە دەگەڕێنەوە شاری کەرکوک و لە ناوەندی (سەرکارێز) درێژە بە خوێندن دەدات، ھەر لە شاری کەرکوک دەچێتە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی (بیستن و بینین)، تا ئەو ساتەی شەھید بوو خوێندکاری ئەو پەیمانگایە بوو.
شەھید سۆران، ھاوشانی خوێندن ھەر لە منداڵییەوە سەرقاڵی کار و کەسابەت بووە، سەرەتا بە دەستگێڕی و دواتر لە مەزادخانەی سلێمانی ھاوکاری باوک و براکانی بووە، لە دوای گەڕانەوەشیان بۆ کەرکوک، لە بازاڕی شۆڕیجە پەڕاوگەیەکی داناوە و کاری تیادا کردووە. سۆران جیاواز لە ئەندامانی تری خێزانەکەی، لەگەڵ ئەوەی دەستبەرداری خوێندنەکەی نەبووە، ھاوکات پێی لە کار و کەسابەت نەبڕیووە، خولیای خوێندنەوە و نووسین بووە، لەو کتێبخانە خنجیلانەیەی بونیادی نابوو، کتێبەکانی (رۆمان، شیعر، چیرۆک، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئاینی ..ھتد) دەبینرێت.
دوای گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک، بە خۆبەخش وەکو پەیامنێر کاربۆڕۆژنامەی (کەرکوکی ئەمڕۆ) دەکات، کە زمانحاڵی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک بوو، ھاوکات لە تەلەفزیۆنی (العراقیە)پەخشی کەرکوک وەک پەیامنێر کاردەکات، لە ھەمان کاتدا پەیامنێری کەرکوکی ھەفتە نامەی (کوردش گڵۆپ) بووە، کە لە ھەولێر بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرایەوە.
لە ١/٣/٢٠٠٦ لەگەڵ سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان راپۆرت، دەبێت بە پەیامنێری ئەو ڕۆژنامەیە لە کەرکوک، دواتر دەبێتە بە بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی رۆژنامەکە.
لە ژمارە ١١ تاکو ژمارە ٢١ لە رۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێکی ھەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت). ھەروەھا بەرپرسی راگەیاندنی (ناوەندی چاک) بووە لە کەرکوک. ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لە شاری کەرکوک.
ھەر لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە رێگەی ھاوڕێیەکییەوە پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری لڤین دروست دەکات و لە ھەمان ساڵدا یەکەمین دیداری رۆژنامەوانی بۆ گۆڤاری لڤین لەگەڵ (نووری تاڵەبانی) سەبارەت بە بارودۆخی پەرلەمان ئەنجام دەدات و لە ژمارە (٣٧) ئەو گۆڤارەدا بڵاو دەبێتەوە، لە ژمارە ٤٢ گۆڤارەکەوە بە فەڕمی دەبێت بە بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی گۆڤاری لڤین، تا ساتی شەھیدبوونی بەردەوام دەبێت و دوا کاری لە گۆڤاری لڤیندا لە ژمارە (٦٩ حوزەیرانی ٢٠٠٨) بڵاو بووەتەوە بەناوی (سۆزانییەکان کەرکوک داگیر دەکەن). ھاوکات لە ڕۆژنامەکانی (رۆژنامە، ئاسۆ، ھەواڵ، چەمچەماڵ، کەرکوکی ئەمڕۆ و .. ھتد) گۆڤاری (بانەڕۆژ) و سایتەکانی (ماڵێک لە ئاسمان، دەنگەکان، کوردستانپۆست، ئارامی و .. ھتد،) نووسینی بڵاوکردۆتەوە.
جگە لە ڕۆژنامەگەری و شیعر و شانۆ، ئارەزووی زۆری بۆ وەرزش ھەبووە و لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە لە خولە میلییەکاندا بەشداری یاری تۆپی پێی کردووە و بۆ تیپەکانی (دواڕۆژ لە بەکرەجۆ، ئەستێرەی ئازادی، قەڵای کەرکوک) یاری کردووە، لێ لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەھۆی ناوبژیوانی کردنی دووکەسەوە کە سۆران نایەوێت شەڕەکەیان تەشەنە بسێنێت، دەکەوێتە نێوانیانەوە، بەڵام کێشەکە گەورە ئەبێت و تەقەی تێدەکەوێت، لەو نێوەندەشدا چەند گولەیەک بەر قاچ و ڕانی سۆران دەکەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت، چەند نەشتەرگەرییەکی لە سلێمانی و بەغداد بۆ ئەنجام دەدرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر جێگە دەبێت، پاشان ھەوڵی دووبارە گەڕاندنەوە بۆیاری کردن دەدات،بەڵام بەھۆی ئەو قاچ شکانەیەوە توانای یاریکردنی نابێت و بە ناچاری واز لەیاریکردن دەھێنێت.
ئەم ڕووداوە بەسەر سۆرانێکدا ھات، کە ھەمیشە بێدەنگ و لەسەرخۆ و ئارام بوو، ھەمیشە حەزی لە ئارامی کردووە، ئەوەی لە دوورە دیبێتی وای زانییوە بێدەنگێکەی خۆبەزلزانینە، کاتێ لە نزیکەوە ناسیبێتی و لە کەسایەتییە راستەقینەکەی سۆران تێگەیشتووە، زیاتر حەزی بە تێکەڵبوون لەگەڵ کەسایەتییە بەتواناکاندا دەکرد، تاکو سود لە ئەزموون و تواناکەیان ببینێت، زۆربەی کات گوێگر و گێڕایەڵ بوو، ھەڵسوکەوتی لەگەڵ چواردەورەکەیدا بەپێی تەمەنی بەرانبەرکەی دەگونجان، خۆشەویستیەکی زۆری بۆ منداڵان ھەبوو، تاقەتێکی باشی یاریکردنی لەگەڵیاندا ھەبوو، دیاری و گۆڤار و نامیلکەی منداڵانی دەدانێ و خۆشیاندەویست. خەونی بینین و سەفەری وڵاتانی زۆر زۆر بووە و مەخابن تەنھا فریا کەوت سەفەرێکی ئێران بکات و بە ماوەیەکی کەم دوای گەڕانەوەی شەھید بوو.